
ئهتوانى لهرێگاى ئیمه‌یڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه په‌یوه‌ندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
jamawar.news2014@gmail.com
جه‌ماوه‌رنیوز
وتارى حکومه‌تى هه‌رێم له چوارچێوه‌ى کۆبوونه‌وه‌کانى 97مین خولى لیژنه‌ى نه‌هێشتنى ره‌گه‌زپه‌رستى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له جنێڤ پێشکه‌شکرا .
له رۆژى 29 ى تشرینى دووه‌مى 2018 له چوارچێوه‌ى کۆبوونه‌وه‌کانى 97مین خولى لیژنه‌ى نه‌هێشتنى هه‌موو شێوازه‌کانى ره‌گه‌زپه‌رستیى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که له کۆشکى ویلسن له جنێڤ به‌سترا، له‌م کۆبوونه‌وه‌دا شاندێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌شدار بوو به سه‌رۆکایه‌تى د. دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له حکومه‌تى هه‌رێم و لایه‌ن و وهزارهتهپهیوهندیدارهکان، هه‌روه‌ها شاندێکى حکومه‌تى فیدراڵى به سه‌رۆکایه‌تى حوسێن جاسم ئهلزهێرى بریکارى وه‌زیرى داد و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و نێرده‌ى هه‌میشه‌یى عێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و نوێنه‌رانى وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان له حکومه‌تى فیدراڵ.
دیندار زێبارى له کۆبوونه‌وه‌ى ده‌ستپێکردنى وتارێکى پێشکه‌ش کرد و تێیدا تیشکى خسته سه‌ر هه‌نگاوه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له باره‌ى نه‌هێشتنى هه‌موو شێوازه‌کانى ره‌گه‌زپه‌رستى و وتی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام له هه‌وڵدایه بۆ پاراستنى مافى گشت پێکهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى هه‌رێم، له‌وانه‌ش پێشوازى کردنى هه‌رێم له زیاتر له دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر که له (39) که‌مپ و به‌شێکى دیکه‌شیان له شاره‌کان نیشته‌جێن، له‌م ژماره‌ى ئاوارانه نزیکه‌ى (139) هه‌زاریان له برا کریستیانه‌کان و ز یاتر له(250) ئێزیدى و پێکهاته‌کانى تر‌ى وه‌ک عه‌ره‌ب، شه‌به‌ک، کاکه‌یى و صابیئه و گشت پێکهاته‌کانى تریش.
له به‌شێکى دیکه‌ى وتاره‌که‌یدا زێبارى ئاماژه‌ى به هه‌نگاوه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم کرد بۆ رزگارکردنى ئێزیدییه رفێندراوه‌کان و وتی: حکومه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌کى بۆ ئازادکردنیان پێکهێناوه و تا ئێستا (3334) که‌سیان ئازادکراون، هه‌روه‌ها تا ئێستا (71) گۆڕى به کۆمه‌ڵى ئێزیدییه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه که له‌لایه‌ن تیرۆرستانى داعشه‌وه کوژراون و (69) مه‌زار و شوێنى ئایینیان تێکدراون، تا ئێستاش هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامن بۆ رزگارکردنى ئه‌وانه‌ى بێسه‌روشوێنن.
سه‌باره‌ت به خوێندنى زمانى پێکهاته ئایینییه‌کان رێکخه‌رى راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وتی: له کوردستان پێکهاته‌کانى سریانى و تورکمانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى خوێندنى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا (21) قوتابخانه به زمانى تورکمانى و (56) قوتابخانه به زمانى سریانى هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌و ناوچانه‌ى که ئێزیدییه‌کان تێیدا زۆرینه‌ن وانه‌ى ئێزیدیاتى ده‌خوێندرێت له قۆناغى یه‌ک تا دوازده، له‌لایه‌کى دیکه‌وه له بوارى چاپه‌مه‌نى حکومه‌تى هه‌رێم رێگرى له‌و کتێب بڵاوکرانه‌وه گرتووه که هانى توندوتیژى ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها (1800) وتاربێژ رێزیان لێگیراوه، چونکه هانى پته‌وکردنى بنه‌ماکانى پێکه‌وه‌ژیانیان داوه له وتاره‌کانیان.
له به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا زێبارى وتی: ئێستا له کوردستان (127) کڵێسا و (34) مه‌زارى ئایینى تایبه‌ت به کریستیانه‌کان هه‌یه و حکومه‌تى هه‌رێم پارێزگاری‌یان لێده‌کات.
مافى کرێکارانى بیانى به‌شێکى وته‌که‌ى دیندار زێبارى بوو و له‌و رووه وتی: ئێستا له کوردستان (49317) کرێکارى بیانى له کوردستان کار ده‌که‌ن و حکومه‌تى هه‌رێم هاوکارییان ده‌کات وه‌ک کرێکارانى خۆماڵى و سیستمى ڤیزاى ئه‌لیکترۆنى ته‌رخان کراوه بۆ کارئاسانى کردن بۆیان و چه‌ندین لیژنه‌ش پێکهێنراوه بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفت و ئاسته‌نگه‌کانیان.
له‌باره‌ى پاراستنى مافى ئافره‌تان دیندار زێبارى له وتاره‌که‌یدا وتی: گشت ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ى خسته‌روو که‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئافره‌تان له کوردستان به‌رکارن له‌وانه یاساى کۆتاى نوێنه‌رایه‌تى ئافره‌تان که له (30%)ى تێپه‌ێ کردووه له‌گه‌ڵ رۆڵى ئافره‌ت له بوارى دادوه‌ری، هه‌رێمى کوردستان ده‌ستپێشخه‌ر بووه له‌و بواره چونکه ده‌یان ئافره‌ت له‌و بواره‌دا رۆڵیان هه‌یه له‌وانه (49) داواکارى گشتی، (30) دادوه‌رى ئافره‌ت له دادگاکانى تێهه‌ڵچوونه‌وه له هه‌رێم، (94) لێکۆڵه‌رى دادوه‌رى و (289) یاریده‌ده‌رى لێکۆڵه‌رى دادوه‌رى ئافره‌ت له هه‌رێم دامه‌زراون و زیاتر له (150) رێکخراوى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى تایبه‌ت به ئافره‌تان بوونیان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به رۆڵى هێزى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى داعشدا زێبارى ئاماژه‌ى به رۆڵى پێشمه‌رگه کرد که (1814) پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و (10725) بریندار بوون و به‌شى هه‌ره‌زۆرى ئه‌م قوربانیانه بۆ رزگارکردنى خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه بوون که له پێکهاته‌کانن وه‌ک ده‌شتى نه‌ینه‌وا، که‌رکوک، دیالا و ناوچه‌کانى دیکه که که‌وتنه به‌ر هێرشى داعش، هه‌ر له‌و رووه‌وه توانرا له کۆى (250) رفێندراوى کریستیان له‌لایه‌ن داعش، (174) له‌و رفێندراوانه به هیمه‌تى هێزى پێشمه‌رگه رزگار کراون، هه‌روه‌ها له نێوان ساڵانى 2014 و 2016 زیاتر له (2652) تیرۆریستى داعش یان هاوسۆزانى داعش له ناوچه رزگارکراوه‌کان که دانیشتوانى زیاتر پێکهاته ئایینییه‌کان تێیدا نیشته‌جێن، له‌وانه (1100) که‌سیان حوکمدراون و (870) که‌سیان ئازاد کراون و (682)ى گیراون له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.
له کۆتایى وته‌که‌یدا زێبارى باسى له به‌شدارى کردنى پێکهاته‌کان له ژیانى سیاسى له هه‌رێم کرد و وتی: له ساڵى 1992 دواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستان کۆتاى پێکهاته‌کان بریتى بوو له (پێنج) کورسى بۆ کۆتاى کریستیانه‌کان ، به‌ڵام له ساڵى 2005 ئه‌م رێژه‌یه زیاد کرا بۆ (11) کورسی) پێنج بۆ تورکمان و پێنج بۆ کلدوئاشور و یه‌کیان بۆ ئه‌رمه‌ن.
شایه‌نى باسه ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نه‌هێشتنى ره‌گه‌زپه‌رستى که به‌شداربوون له کۆبوونه‌وه‌که و چاودێرى جێبه‌جێکردنى رێکه‌وتننامه‌که له عێراق پێکدێن له (18) وڵات که پسپۆرى بوارى یاساى نێوده‌وڵه‌تى و پابه‌ندبوونى وڵاتانى ئه‌ندامى رێکهوتننامهکهن.