هیومان رایتس وۆچ: له‌ خۆپیشاندانه‌کانى 2018 هه‌رێم لێدان و توندوتیژى هه‌بووه‌

کانونی دووەم 21, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشه‌کانى مافى مرۆڤ له‌ جیهان به‌ گشتى بڵاوکرده‌وه‌ و له‌ راپۆرته‌که‌دا باس له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش کراوه‌. ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانى کۆتایى مانگى ئادارى 2018 ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ دووچارى لێدان و توندوتیژى بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ى به‌ پێشێلکارى مافى مرۆڤ و ئازادى راده‌ربڕین وه‌سف کردووه‌. ئه‌وه‌ى شایه‌نى باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م راپۆرته‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌ به‌و کاره‌ تێکده‌رانه‌ نه‌کراوه‌ که‌ له‌لایه‌ن به‌شێک له‌ خۆپیشانده‌ران و نوێنه‌رى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کان ئه‌نجامدراون، هه‌روه‌ها تیشکى نه‌خستۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ خۆپیشاندانه‌کان نا یاسایى و بێ مۆڵه‌ت بوون.


دیندار زێباری، رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند" وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێم پێشوازى له‌ راپۆرتى ساڵانه‌ى رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ده‌که‌ین، به‌ به‌روارد به‌ ساڵانى رابردوو راپۆرتێکى ئه‌رێنییه‌ و هه‌ندێک ره‌خنه‌ و تێبینى سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کى خه‌ڵک له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کان خراوه‌ته‌ روو".

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند "له‌ هه‌رێمى کوردستان یاسایه‌ک هه‌یه‌ بۆ (رێکخستنى خۆپیشاندان) به‌ یاساى ژماره‌ (١١)ى ساڵى(2010) ناسراوه‌، ئه‌م یاسایه‌ شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان به‌ وردى دیارى ده‌کات و رێک ده‌خات به‌ هه‌مان شێوه‌ میدیاکانیش مافى رووماڵ کردنى خۆپیشاندان و رێپیوانى خه‌ڵکى هه‌یه‌، به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ هه‌موو هاووڵاتیان و ئه‌وانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى له‌ هه‌رێمدا نیشته‌جێن دواى به‌ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى و تێپه‌ڕبوونى ماوه‌ى یاسایى به‌پێى یاسا مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ و ئازادى رێکخستنى خۆپیشاندانیان هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ڵگرتن یان له‌ خۆ به‌ستنى چه‌ک له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ى به‌شدارى له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا ده‌کات مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتن یان به‌ستنیان هه‌بێت، له‌ هه‌مان کاتدا نابێ هیچ مادده‌یه‌کى ته‌قه‌مه‌نى یان ژه‌هراوى یان سووتێنه‌ر له‌ کاتى خۆپیشاندانه‌که‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هه‌ڵبگیرێت یان له‌ خۆ ببه‌سترێت".


د.دینداز زێبارى راشیگه‌یاند "له‌ کاتى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانى بێ مۆڵه‌ت ده‌زگا ئه‌منییه‌کان به‌پێى یاساى کارپێکراوه‌کان رێکارى یاسایى ده‌گرنه‌ به‌ر له‌وانه‌ش بڵاوه‌پێکردنى خۆپیشاندان به‌بێ زیان گه‌یاندن به‌ خۆپیشانده‌ران و رێکارى مه‌ده‌نى بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌موو لایه‌ک، سه‌رۆکى یه‌که‌ى ئیدارى بۆى هه‌یه‌ پاش راوێژکردن له‌گه‌ڵ لیژنه‌که‌ بڵاوه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌که‌ بکه‌ن ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ ئامانجى خۆى ده‌رچوو یان کاتى دیاریکراوى خۆى به‌زاند و ده‌زگاکانى پۆلیس به‌گوێره‌ى یاسا کارپێکراوه‌کان رێکارى یاسایى ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رپێچیکاران ده‌گرنه‌ به‌ر".

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت بۆ خۆپیشاندانه‌کان وه‌ربگیردرێت ئه‌نجامدانیان زۆر ئاسایى ده‌بێت گوتیشى " هه‌ر به‌پێى سوود وه‌رگرتن له‌ یاساى خۆپیشاندان و ئه‌و ئازادییه‌ى بۆ هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان له‌م یاسایه‌دا دیاریکراوه‌ خۆپیشاندانى جیاجیا له‌ شارى هه‌ولێر له‌لایه‌ن قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان، ڕۆژنامه‌نووسان، به‌ڵێنده‌ران و چین و توێژه‌ جیاجیاکانى کۆمه‌ڵگا ئه‌نجام دراوه‌ که‌ داواى مافى ره‌واى خۆیان کردووه‌ و له‌ هیچ یه‌کێک له‌ خۆپیشاندانه‌کان توندو تیژى لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌ و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌ت ئه‌رکى پاراستنى خۆپیشاندانه‌کانیان ئه‌نجامداوه‌".

 

دیندار زێبارى رایگه‌یاند له‌و خۆپیشاندنانه‌ى که‌ له‌م راپۆرته‌دا باس کراوه‌ گوایه‌ هه‌ندێک له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیرکراون له‌ چه‌ندین شار و شارۆچکه‌ى هه‌رێم ئاگر به‌ردراوه‌ته‌ داموده‌زگا حکومییه‌کان و پێشێلکارى روویداوه‌ بۆیه‌ ناچار بوونه‌ ده‌ستگیریان بکه‌ن. بۆ نموونه‌ له‌ شارۆچکه‌ى کۆیه‌ خۆپیشاندانه‌کانى کۆتایى ساڵى رابردوو گرژى و ئاڵۆزییه‌کى زۆرى لێکه‌وته‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران هێرشیان کرده‌ سه‌ر فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاکانى حکومه‌ت و به‌شێکى زۆریان ئاگر تێبه‌ردا وه‌ک باڵه‌خانه‌ى قایمقامییه‌ت که‌ تێیدا ئه‌رشیفى (٣٠٠) ساڵه‌ى کۆیه‌ سووتێندرا، مۆزه‌خانه‌ى ته‌ق ته‌ق ، هه‌روه‌ها هێرشیان کرده‌ سه‌ر باره‌گاى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ".


هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ رۆژنامه‌نووسان و ئازادى راده‌ربڕینه‌ زێبارى گوتى "دیاره‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕین به‌ پێى یاسا رێکخراوه‌ و له‌ کاتى بوونى هه‌ر حاڵه‌تێک که‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌کانى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان و پێشێلکردن بێت یان بچێته‌ خانه‌ى ته‌شهیر و ناوزڕاندن ئه‌وا کار به‌ یاساى سزادانى عێڕاقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969ى هه‌موارکراو ده‌کرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ میدیاکارانیش نه‌بنه‌ هۆى تێکدانى ره‌وشى ئارامى و زیانگه‌یاندن به‌ موڵکى گشتى و تایبه‌ت. سه‌باره‌ت به‌م خۆپیشاندانانه‌ى ئه‌م دواییه‌ هه‌رێم هیچ ده‌زگایه‌کى راگه‌یاندن سکاڵاى دژى لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کان به‌رز نه‌کردۆته‌وه‌ که‌ تێیدا به‌ ئه‌نجامدانى توندوتیژى تۆمه‌تباریان بکات و هه‌ر کاتێک ده‌زگایه‌کى راگه‌یاندن سکاڵایه‌کى هه‌بێت دژى لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کان ئه‌وا ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان رێوشوێنى یاسایى پێویست ده‌گرنه‌ به‌ر دژى ئه‌و که‌سانه‌ که‌ پێشێلکاریان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وه‌ى تێبینى کرا له‌م خۆپیشاندانانه‌ى چه‌ند ده‌زگایه‌کى راگه‌یاندن ویستیان خۆپیشاندانه‌کان به‌ ئاقارێکى تردا ببه‌ن دوور له‌ مه‌به‌ستى سه‌ره‌کى خۆپیشاندان و هاندانى خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌نجامدانى کارى توندوتیژی".


له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند وه‌کو دیاره‌ زۆر سه‌رپێچى له‌لایه‌ن هه‌ندێک له‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، خۆپیشاندان به‌بێ مۆڵه‌تى فه‌رمى بووه‌، زۆر قسه‌ى نه‌شیاو و نابه‌جێ ئاڕاسته‌ى پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان کراوه‌، شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان گرتبوو ئه‌مه‌ش گرفتى بۆ هاووڵاتیان درووستکردبوو، بایکۆتى ده‌وامى فه‌رمى کراوه‌، هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ ڕاگیراون له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ هه‌وڵیان داوه‌ شه‌ێ‌ بکه‌ن و ئیستفزازى هێزه‌ ئه‌منیه‌کانیان ده‌کرد ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان ده‌دا توندوتیژیش به‌کار بهێنن دژى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هه‌ر بۆیه‌ هیزه‌ ئه‌منییه‌کان ناچاربوونه‌ ده‌ستگیریان بکه‌ن.