نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وله‌وییه‌ت لابردنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌یه‌

کانونی دووەم 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 27-1-2019ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان باسى له‌ ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ دۆخى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و دوا پێشهاته‌کان کرد.

سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانى وتى :"بابه‌تى یه‌که‌مى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ په‌سه‌ندکردنى یاساى بودجه‌ى عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ کرد. سیاسه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ هه‌وڵێکى جددى بدات ئه‌و کێشانه‌ى ‌له‌ڕووى ئه‌منى و سه‌ربازى و بودجه‌ و پرسى نه‌وته‌وه‌ هه‌ن له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا به‌ لێکگه‌یشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکرێن. خۆشحاڵم ڕایبگه‌یه‌نم که‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تا ئێستا هه‌نگاوى باشمان بڕیوه‌. له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامن که‌ هه‌ردوولامان دوژمنێکى هاوبه‌شمان هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش داعشه. مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌ستى پێده‌کرێت، به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌کانى دیاله‌ و مووسڵ و که‌رکووک و ئه‌و شوێنانه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌کى باش له‌ڕووى ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدادا هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن که‌ سیاسه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وابووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا کێشه‌کان ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات".

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى یاساى بودجه‌ وتی: "ده‌مه‌وێ سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق جه‌نابى د. عادل عه‌بدولمه‌هدى بکه‌م که‌ هه‌ر له‌ بوونى به‌ سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌و تێبینیانه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر یاساى بوجه‌ هه‌یبوو، زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌رگرت. به‌ڕێز وه‌زیرى داراییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و تێبینییانه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى داراییى عێراق نارد و جه‌نابى وه‌زیرى داراییى عێراقیش به‌ سوپاسه‌وه‌ بۆ به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدى نارد و ئه‌و تێبینییانه‌ به‌هه‌ند وه‌رگیران که‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگ بوون و خرانه‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌وه‌ و بۆ په‌رله‌مان نێردران. ئه‌گه‌ر سه‌یرى یاساى بودجه‌ى ئێستاى عێراق بکه‌ین، کێشه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆرن، به‌ڵام هه‌میشه‌ وا به‌راورد ده‌که‌م ده‌ڵێم ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا هه‌یه‌ و ئه‌و بودجه‌یه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ساڵانى ڕابردوو به‌راوردیان بکه‌ین، ئایا باشتره،‌ یان خراپتره‌؟ پێتان ده‌ڵێم باشتره‌. له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى هه‌موو هیواکانى ئێمه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕۆیشتووین له‌وه‌ى که‌ هه‌وڵ بدرێت کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێن. هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌و پرسه‌دا ئه‌وه‌ى بۆیان کرا ئه‌نجامیان دا، له‌ سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى وه‌زاره‌تى داراییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌م که‌ ئه‌وان هه‌ر له‌ ڕۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ شاند‌یان نارد بۆ به‌غدا و کاریان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کرد، له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشه‌وه‌ به‌ڕێز د. ئامانج و هاوکارانى زۆر به‌ جددى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا کاریان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیایه‌ کردووه‌. ئه‌وه‌ى که‌ دڵى خۆش کردووم و ده‌مه‌وێ سوپاسیان بکه‌م، هه‌ڵوێستى هه‌موو فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان بوو له‌ به‌غدا که‌ به‌ڕاستى هه‌موویان یه‌کگرتوو و به‌یه‌که‌وه‌ به‌رگرییان له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد و لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى یه‌ک به‌یه‌کى ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ بکه‌م که‌ بێ ئه‌وه‌ى ڕه‌چاوى ئه‌وه‌ بکه‌ن سه‌ر به‌ چ حزب و لایه‌نێکن، به‌یه‌که‌وه‌ وه‌ک تیم کاریان کرد بۆئه‌وه‌ى مافه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌و یاسایه‌دا جێگیر بکرێت".

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیى قسه‌کردن له‌سه‌ر بودجه‌،ڕایگه‌یاند :"ئێمه‌ ئێستا چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێکردنى ئه‌و یاسایه‌ین و دوو سێ هه‌نگاوى دیکه‌ى پێویسته‌ که‌ یه‌که‌میان ئه‌وه‌ ده‌بێت بۆ به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار بنێردرێ و ئیمزاى بکات و دواتر ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ڕێنمایى پێ ده‌ربکات و ئه‌مانه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن که‌ پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى ده‌توانم بڵێم ئه‌م یاسایه‌ى ئێستا هه‌مانه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ یاساکانى پێشوو بۆ هه‌رێمى کوردستان باشتره‌ و دواتر ئه‌گه‌ر ژماره‌کان پێویست بوو ئه‌وا به‌ڕێز وه‌زیرى داراییش ته‌شریفى لێره‌یه‌ و ده‌توانێت ورده‌کاریى زیاترتان بۆ باس بکات. سوپاسى وه‌زیرى داراییى عێراق به‌رێز د. فوئاد حسێن ده‌که‌م، هه‌روه‌ها سوپاسى وه‌زاره‌تى دارایى و ئه‌و تیمه‌ى له‌ به‌غدا کاریان له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ کرد، ده‌که‌م.‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پشگیریى ته‌واوى خۆى بۆ کابینه‌ى به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌عدى وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و وه‌ک شه‌خسى خۆى دووپات ده‌کاته‌وه‌ و زۆر به‌ جددى ده‌یه‌وێت کێشه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکات".

دواتر باسى سه‌ردانى شاندێکى دیکه‌ى هه‌رێمى کودستانى بۆ به‌غدا کرد و وتی: "هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ شاندێکمان نارد به‌ سه‌رۆکایه‌تیى د. عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وانیش شتى باشیان ئه‌نجام داوه‌ و کۆبوونه‌وه‌ى باشیان له‌ به‌غدا کردووه‌ و یه‌کێک له‌و بڕیارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بازگانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراقدا هه‌ن هه‌موویان هه‌ڵده‌گیرێن و بێگومان ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى له‌سه‌ر دۆخى بازرگانى و هێنانى گه‌شتیارى زیاتر و دۆخى هه‌رێمى کوردستان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ده‌بێت. هیوادارم ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ بن که‌ بتوانن دۆخى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕووى داراییه‌وه‌ باشتر بکه‌ن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى ڕابردوو. دیسان لێره‌وه‌ سوپاسى خۆڕاگریى مووچه‌خۆران و به‌ڵێنده‌ران و خانه‌نشینانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌م که‌ به‌ ‌ڕاستى له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردوودا ته‌حه‌مولێکى یه‌کجار زۆریان کردووه‌ و هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بتوانێت بمێنێته‌وه‌، تێگه‌یشتن و خۆڕاگریى ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ بوو و ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆڕاگرى و تێگه‌یشتنه‌ بۆ دۆخى هه‌رێمى کوردستان نه‌بوایه‌، بێگومان ڕه‌وشه‌که‌مان به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو. سیاسه‌تى ئێمه‌ ڕوونه‌، ئه‌و مووچه‌یه‌ى که‌ داومانه‌ به‌پێى ئه‌و داهاته‌ بووه‌ که‌ له‌به‌ر ده‌ستماندا بووه‌ و بێگومان گه‌ر داهاتى زیاترمان بۆ بێت، کارى له‌پێشینه‌ى ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ڵگرین و دواى قۆناغى ئیمزاکردنى بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ و ئه‌و ڕێنماییانه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ پێى ده‌رده‌چێت، ئه‌وله‌ویه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ ده‌بێت چۆن بتوانین پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ڵگرین".

سه‌باره‌ت به‌ خاڵێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد "خاڵێکى دیکه‌ که‌ ده‌مه‌وێ باسى بکه‌م، هه‌روه‌ک ئاگادارن دوێنێ زۆر به‌داخه‌وه‌ شتێکى ناخۆش له‌ ده‌ڤه‌رى شێلادزێ ڕووى دا. ده‌مه‌وێ لێره‌ هاوخه‌مى و هاوسۆزیى خۆم بۆ برینداران و که‌سوکارى ئه‌و که‌سه‌ى تیایدا بووه‌ قوربانى ده‌رببڕم و سه‌ره‌خۆشییان لێده‌که‌م. بێگومان ئه‌وه‌ى ڕووى دا شتێکى زۆر ناخۆش بوو. سیاسه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خاکى هه‌رێمى کوردستان بۆ دژایه‌تیکردنى هیچێک له‌ دراوسێکانمان به‌کار نه‌هێنرێت. ئه‌و هۆکارانه‌ى ده‌بنه‌ دروستبوونى ئه‌و کاره‌ساتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ سوود له‌ خاکى هه‌رێمى کوردستان ده‌بینن بۆ دروستکردنى کێشه‌ بۆ وڵاتانى درواسێ. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک جێگه‌ى قبووڵکردن نییه‌. له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و خه‌ڵکه‌ مافى خۆیانه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن و خۆپیشاندانیش به‌ یاسایه‌ک ڕێکخراوه‌ و دیاره‌ که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌که‌، به‌ڵام خۆپیشاندانێکى ئاشتیانه‌ که‌ هه‌وڵى بۆ ده‌درێت ڕێڕه‌وه‌که‌ى بگۆڕدرێت و توندوتیژى لێ بکه‌ویێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قابیلى قبووڵ نییه‌ و لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ پێکده‌هێنین و زۆر به‌ جددى له‌سه‌رى ده‌وه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ى جارێکى دیکه‌ ئه‌م ڕووداوانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌".

دواتر له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندکردنى هه‌رێمى کوردستان به‌ ناردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ و ئه‌گه‌ره‌کانى جێبه‌جێنه‌کردنى ئه‌وه‌ى له‌ ‌یاساى بودجه‌دا هاتووه‌ له‌ ئه‌نجامى نه‌ناردنى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، نێچیرڤان بارزانى وتى :"هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا کێشه‌ى زۆریان له‌سه‌ر نه‌وت هه‌یه‌ و پێمانوایه‌ به‌ جێبه‌جێکردنى یاساى ئێستاى بودجه‌ یه‌ک ساڵ ده‌رفه‌تمان ده‌بێت تاکو له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ جددى بکه‌وینه‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کۆى ئه‌و کێشانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌. کێشه‌کانى نه‌وت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رمیله‌ نه‌وته‌ ڕاده‌ست بکه‌ین. ئێمه‌ کێشه‌ى جددیمان هه‌یه‌ و له‌ مانگى 2ى 2014ه‌وه‌ حکوومه‌تى عێراق یه‌کلایه‌نه‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕیوه‌ و هیچى نه‌ناردووه‌. حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش بۆ دابینکردنى بودجه‌ى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ بدات به‌و شێوه‌یه‌ى که‌ تا ئێستاش خه‌رج کراوه‌، ناچار بووه‌ نه‌وت بفرۆشێت، ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى عێراق پابه‌ند بوایه‌ پێویستى به‌وه‌ نه‌ده‌کرد ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ بکه‌ین. ئێستا ئه‌وه‌ى گرنگه‌، دانیشتنى جددییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ردوولامان دانیشین و سه‌یرى ژماره‌کان بکه‌ین و چه‌ند نه‌وت فرۆشراوه‌ و چى کراوه‌ و هه‌موو ئه‌و دۆسیایانه‌ ده‌ربهێنین و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌و یه‌ک ساڵه‌دا ئه‌و کێشانه‌ى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. پێموایه‌ ئه‌و نیه‌ته‌ى که‌ ئێستا له‌ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌یبینم، نایه‌وێت ئه‌مه‌ ببێته‌ کێشه‌ له‌نێوان هه‌ردوولاماندا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نیازى ئه‌و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانه‌ و ئێمه‌ش زۆر به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌مه‌ ده‌که‌ین و وه‌ک هه‌رێمى کوردستانیش ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست ناده‌ین تاکو بتوانین ئه‌م کێشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ش، کارى له‌پێشینه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پرسى هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌یه‌ و گه‌ر بتوانین له‌ قۆناغى یه‌که‌مدا ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین، بێگومان بیر له‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ پاشه‌که‌وته‌که‌ چاره‌سه‌ر بکرێت ئه‌گه‌ر بتوانین، چونکه‌ وه‌ک گوتم به‌پێى داهاتى خۆمانه‌".

سه‌باره‌ت به‌ کاتى لادانى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ و ئه‌گه‌رى بڕینى دووباره‌ى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌کاتى دروستبوونى کێشه‌ى سیاسى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدراڵدا و ئاخۆ هیچ گارانتییه‌ک له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌‌، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند "هه‌روه‌ک باسم کرد کارى له‌پێشینه‌ى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ نه‌هێڵین و نامه‌وێت پێشبینیى خه‌ڵک به‌رز ببێته‌وه‌. ده‌مه‌وێ له‌م پرسه‌دا ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک قسه‌ بکه‌م. گه‌ر دڵنیابام ئه‌م پاره‌یه‌ دێت به‌و شێوه‌یه‌ى ڕێککه‌وتنمان له‌سه‌ر کردووه‌، ئێستا پێمده‌گوتن که‌ بڕیارمان داوه‌ جێبه‌جێى بکه‌ین. ئه‌مه‌ دوو ـ سێ هه‌نگاوى دیکه‌ى ماوه‌، با ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ته‌واو ببن، بێگومان هه‌روه‌ک وتم کارى له‌پێشینه‌ هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌بێت. هیوادارم هه‌ردوولامان چ هه‌ولێر و چ به‌غدا، وانه‌یه‌کمان له‌ ڕابردوو وه‌رگرتبێت و ئه‌و وانه‌یه‌ ببێته‌‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى تێبگه‌ین کێشه‌کان ته‌نیا به‌ دیالۆگ و له‌ چارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا له‌گه‌ڵ یه‌کترى ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکه‌ین. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پێکه‌وه‌ بژین، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ کورد خۆى به‌ هاووڵاتیى عێراق بزانێت؟ ده‌بێت به‌غدا کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و به‌ جددى وه‌ریگرێت. ئێمه‌ هیچ نیه‌تێکى باش له‌ به‌غداوه‌ ڕه‌تناکه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌کانى خۆمان له‌گه‌ڵیان به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى یه‌که‌مه‌کانى زانکۆش ئاشکراى کرد :" خه‌ریکین لێکۆڵینه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ین، چونکه‌ دامه‌زراندنى یه‌که‌مه‌کان ته‌نیا هى ئه‌مساڵ نین، به‌ڵکو هى ساڵانى پێشووتریشن. سه‌یرى ده‌که‌ین بزانین ده‌توانین چیان بۆ بکه‌ین. تا ئێستا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارێکى له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌."

هه‌ر ده‌رباره‌ى مه‌ترسیى وه‌ستاندنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان و ناردنى شایسته‌ داراییه‌کانى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، نێچیرڤان بارزانى وتى: "ئه‌وه‌ى له‌ په‌رله‌مانى عێراق چى گوتراوه‌، ئه‌وه‌یان شتێکى دیکه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پڕۆژه‌ى یاساى بودجه‌ په‌سه‌ند کراوه‌ و ئێمه‌ پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستین که‌ په‌سه‌ند کراوه. سه‌باره‌ت به‌ شایسته‌ داراییه‌کانى جووتیارانیش، ئه‌م بابه‌ته‌ کارى له‌سه‌ر ده‌کرێت و ئه‌وه‌ به‌ڕێز د. عه‌لى سندى لێره‌یه‌ که‌ چوبووه‌ به‌غداش کاریان له‌سه‌ر پرسى پاره‌ى جووتیاران کردبوو و کارى جددیان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى جوتیاران بدرێته‌وه‌."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئاشکراى کرد : "لایه‌نه‌کان خه‌ریکن و شتێکى وا نییه‌ که‌ نائاسایى بێت. پێکهێنانى حکوومه‌ت هه‌روا بووه‌ و به‌ شه‌و و ڕۆژێک پێکناهێنرێت و دروست نابێت، به‌ڵام ئێستا گفتوگۆى جددى هه‌یه‌ له‌نێوان یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، هه‌روه‌ها پارتى دیموکراتى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ڕۆژى سێشه‌مه‌ش دیسان کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دیکه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌نگاوه‌کان به‌ کرداره‌کى بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ ده‌ستیپێکردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا پێکهێنانی."

سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، سه‌باره‌ت به‌ شه‌هید و برینداربوونى هه‌ندێ هاووڵاتیى ناوچه‌ سنوورییه‌کانى کوردستان له‌ ئه‌نجامى بۆردومانى فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا، ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ "ئه‌و بۆردومانانه‌ له‌و شوێنانه‌ کرا که‌ په‌که‌که‌ى لێیه‌. په‌که‌که‌ هۆکارى ئه‌و بۆردومانانه‌یه‌. وه‌ڵامه‌که‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ هێرش بکه‌یته‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌کانى تورکیا له‌و سنوورانه‌. ئه‌وانه‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان قسه‌ بکه‌ن. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌و هۆکارانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین که‌ ده‌بنه‌ هۆى بۆردومانه‌کان. ئه‌گه‌ر بوونى په‌که‌که‌ له‌و شوێنانه‌ نه‌بێ، هیچ هۆکارێک بۆ بۆردومانى تورکیا نامێنێت."

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێنوێنیى به‌ڕێوه‌به‌رانى ئیداریى ناوچه‌ سنوورییه‌کانى باس کرد که‌ "هه‌میشه‌ داوایان له‌ خه‌ڵک کردووه‌ له‌و هێڵه‌ سنوورییانه‌ نزیک نه‌بنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌رى بۆردومان هه‌یه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوونى هه‌ندێ که‌س به‌و ڕێنماییانه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ کێشانه‌ ڕووده‌ده‌ن. له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ نه‌بێت".

نێچیرڤان بارزانی، سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌کانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، دووپاتى کرده‌وه‌ "داعش دوژمنى هه‌موو لایه‌کمانه‌، دوژمنى به‌غدا و هه‌ولێر و وڵاتانى دیکه‌شه‌. له‌مڕووه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ماهه‌نگى و هاوکارییه‌کى ته‌واوى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌، له‌ڕووى زانیارییه‌وه‌ هاوکاریمان زۆر له‌ جاران باشتره‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووى جێبه‌جێکردنى پرسى ئه‌منیى ئه‌و ناوچانه‌وه‌ که‌ داعشى لێیه‌. به‌ هه‌وڵى هه‌موو لایه‌ک، به‌ خۆڕاگرى و خوێنى شه‌هیدانى ئێمه‌، شه‌هیدانى سوپاى عێراق، شه‌هیدانى حه‌شدى شه‌عبی، پۆلیسى عێراق و به‌ پاڵپشتیى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و مه‌ترسییه‌ که‌م بووه‌ته‌وه‌ که‌ داعش شاره‌کانى به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داعش له‌م وڵاته‌ کۆتایى نه‌هاتووه‌."

سه‌باره‌ت به‌ بوونى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ کوردستان، سه‌رۆک وه‌زیران، بۆچوونى حکوومه‌تى هه‌رێمى خسته‌ڕوو: "هه‌تا داعش له‌م وڵاته‌ هه‌بێ که‌ ئێستا هه‌یه‌ و جددیشه‌، هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ یارمه‌تیدانى هێزه‌کانى عێراقى پێویسته‌ له‌م وڵاته‌ بمێننه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق بۆ نه‌هێشتنى داعش، چونکه‌ خوانه‌کرده‌ ئه‌گه‌ر جارێکى دیکه‌ داعش به‌و شیوه‌یه‌ى جاران سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌ بۆ عێراق دروست ده‌بێ. نابێ له‌بیرمان بچێت، داعش تا ده‌روازه‌ى به‌غدا هات، هه‌روه‌ها زۆر نزیک بووه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، بۆیه‌ یارمه‌تیى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان بوو له‌سه‌روویانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا که‌ بووه‌ هۆى شکستى داعش. مه‌ترسیى داعش کۆتایى نه‌هاتووه‌ و پێمان وایه‌ هه‌تا نه‌مانى مه‌ترسیى داعش، عێراق پێویستیى به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان له‌م وڵاته‌ بمێننه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌گه‌رى هاتنى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سووریاوه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆک وه‌زیران وتی: "تا ئێستا هیچ هێزێک به‌ شێوه‌ى هێزێکى گه‌وره‌ له‌ سووریاوه‌ هاتبێته‌ هه‌رێمى کوردستان، هیچ که‌سێک نه‌هاتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌رێمى کوردستان نه‌هاتوون".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌که‌ى ناوچه‌ى شیلادزێ، نێچیرڤان بارزانى پشتڕاستى کرده‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنى له‌نێوان خۆلاى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا بووه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "ئێمه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو ڕێگه‌یه‌کى یاسایى ده‌گرێته‌به‌ر بۆ دادگاییکردنى هه‌ر که‌سێک که‌ ویستوویانه‌ خۆپیشاندانه‌که‌ که‌ له‌ ده‌ستپێکردندا زۆر به‌ هێمنى بووه‌ و مافى خۆیان بووه‌ بۆ ده‌ربڕینى ئیدانه‌کردن ئه‌م کاره‌ بکه‌ن، به‌ڵام دوایى هه‌ندێک که‌س له‌ناو ئه‌وان ئاراسته‌که‌یان گۆڕیوه‌، بۆیه‌ جه‌ختم کرده‌وه‌ که‌ به‌ جددى ئه‌م هه‌وڵه‌ ده‌ده‌ین و لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌که‌ین. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ لایه‌نى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتانى دراوسێى ئێمه‌ به‌بێ ڕه‌چاوکردنى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى کوردستان و هاووڵاتییان، خاکى هه‌رێمى کوردستان به‌کار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بکه‌ن و کێشه‌ بۆ وڵاتانى دراوسێ دروست بکه‌ن. له‌ چ وڵاتێک، به‌ چ لۆژیکێک، کێ ئه‌مه‌ قبووڵ ده‌کات؟ ئێمه‌ خۆمان له‌ جێى ئه‌وان دابنێین، مه‌عقووله‌ تۆ ڕه‌چاوى ئه‌وه‌ نه‌که‌یت بێى خاکى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک ناوچه‌یه‌کى ئارام بۆ خۆت به‌کار بهێنی، خۆت په‌روه‌رده‌ بکه‌یت، ڕاهێنان بکه‌یت و بچیت کێشه‌ بۆ وڵاتێکى دراوسێ دروست بکه‌یت، ئینجا باجه‌که‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان بیده‌ن. شیلادزێ هه‌روایه‌، سنوورى ئێران له‌ ناوچه‌ى سلێمانیش وایه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ باجى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین که‌ نه‌ تیایدا به‌شدارین و نه‌ ده‌مانه‌وێ به‌شداریش بین. ده‌بێ سنوورێک بۆ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ دابنرێت. ناکرێ و نابێ خاکى هه‌رێمى کوردستان به‌کار بێت بۆ دژایه‌تیکردنى دراوسێکان. بۆیه‌، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ جددین و زۆر به‌داخیشه‌وه‌ له‌و چوار پێنج ساڵه‌ى که‌ مه‌شغوڵى داعش بووین، له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌ندێ شت کراوه‌ که‌ سوودیان له‌و ده‌رفه‌ته‌ وه‌رگرتووه‌ و ئه‌مان هه‌موویان کێشه‌یان بۆ هه‌رێمى کوردستان دروست کردووه‌."

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌که‌ى شیلادزێ، سه‌رۆک وه‌زیران وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ به‌یاننامه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، جارێکى دیکه‌ دڵگرانیى خۆى و حکوومه‌تى دووپات کرده‌وه‌ که‌ هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێنه‌ ئامانج و شه‌هید ده‌بن، بۆیه‌ جارێکى دیکه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "بۆچى ئه‌وه‌ ڕوویداوه‌ و له‌ چ شوێنێک ڕوویداوه‌؟ گوندێکیان بۆردومان کردووه‌؟ نه‌خێر! له‌ ناوچه‌یه‌ک ڕوویداوه‌ که‌ قایمقام و ئیداره‌ى ناوچه‌که‌ هه‌موو جارێک به‌ خه‌ڵکه‌که‌یان گوتووه‌ نابێ له‌و سنووره‌ زیاتر تێپه‌ڕن، چونکه‌ مه‌ترسیى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆردومان بکرێن، بۆچى بۆردومان ده‌کرێت؟ چونکه‌ په‌که‌که‌ له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌. په‌که‌که‌ بۆچى له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌؟ چونکه‌ به‌کارى ده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ى ڕاهێنانى خۆى بکات و بچێته‌ ناو تورکیا، کێشه‌ بۆ تورکیا دروست بکات و به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵکه‌که‌ى ئێمه‌ش باجه‌که‌ى بده‌ن."

ده‌رباره‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى که‌لوپه‌لى ده‌زگایه‌کى ڕاگه‌یاندن، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند که‌ وه‌ک بنه‌ما، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین هیچ که‌ناڵێک و هیچ ته‌له‌ڤزیۆنێک کێشه‌ى بۆ دروست بکرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتی: "دیموکراسى و ئازادییش سنوورى خۆى هه‌یه‌، به‌لاى ئێمه‌وه‌ ئاسایشى هاووڵاتییان زۆر گرنگتره‌ له‌و شتانه‌ى که‌ باسى له‌سه‌ر ده‌کرێت، هه‌ندێجار به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و سنووره‌ تێده‌په‌ڕێنن، ئه‌وکات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێم زۆر به‌ توندى ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌کات که‌ ده‌یانه‌وێ ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان تێپه‌ڕێنن، بۆیه‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێک بێت یان هه‌ر که‌ناڵێکى ته‌له‌ڤزیۆن بێت، قبووڵ ناکرێت".

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ڕه‌تى کرده‌وه‌ که‌ ڕێگرى کرابێت له‌ هاتنى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ هه‌ولێر و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ پێشتر کێشه‌یه‌ک هه‌بووه‌ له‌و پرسه‌دا و کێشه‌که‌ش په‌یوه‌ندى به‌ شه‌خسه‌وه‌ نه‌بووه‌. ئێمه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ هیچ شه‌خسێک نه‌بووه‌."

له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى وه‌ک پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ "میکانیزمى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارمان پێ دروست نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانویست ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رۆک کۆمار پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کاندا هه‌ڵبژێردرێت، نه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان. چونکه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێکردنى خراپه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، له‌ داهاتووش له‌وانه‌یه‌ که‌سێکى دیکه‌ ده‌ڵێت من کوردم، بڕا به‌ عه‌ره‌به‌کان بهێنێت و به‌ ده‌نگى ئه‌وان ده‌بێته‌ سه‌رۆک کۆمار. ئیمه‌ پێمان باش بوو وه‌ک حکوومه‌ت و وه‌ک پارتی، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ناو فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کاندا بکرێت و هه‌ر که‌سیش بردییه‌وه‌، له‌وێ کاندید بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رۆک کۆمار. شیعه‌کان وایان کرد، ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ جێى ناڕه‌حه‌تییه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ى که‌ جه‌نابى د. به‌رهه‌م که‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆک کۆمار له‌گه‌ڵ ڕێزم، ئێمه‌ هیچ کێشه‌یه‌کى شه‌خسیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزه‌ نییه‌."

ده‌رباره‌ى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێم و کاریگه‌رى به‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتییانه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى وتی: "کارى حکوومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تى خه‌ڵک بکات و بارگرانیى سه‌ر هاووڵاتییان که‌م بکاته‌وه‌. ئه‌م حکوومه‌ته‌ و حکوومه‌تى پێشتر و حکوومه‌تى داهاتووش له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت". به‌ڕێزیان وه‌ک به‌راوردێک له‌نێوان ئێستا و ساڵانى پێشتردا، باسى له‌و چوار ـ پێنج ساڵه‌ کرد که‌ زۆر به‌ سه‌ختى به‌ڕێ کران، له‌کاتێکدا بودجه‌ نه‌مابوو، هه‌زار کیلۆمه‌تر شه‌ڕى داعش هه‌بوو، هه‌زار و هه‌شتسه‌د پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و ده‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بریندار ببوون، له‌گه‌ڵ ڕووتێکردنى یه‌ک ملیۆن و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌ڕێمى کوردستان، ئه‌وه‌ش وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران گوتی: "ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌رێمى کوردستان و به‌ سوپاسه‌وه‌ تێگه‌یشتنى هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى ئه‌م حکوومه‌ته‌ ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ماوه‌، ئه‌گه‌رنا، ده‌بوایه‌ هه‌ر نه‌مێنێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕیفۆرمى زۆر جددیى حکوومه‌ت له‌ سێکته‌رى کاره‌با به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنى کێشه‌ى کاره‌با، به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌دا، ئێمه‌ هه‌ندێجار ئه‌وله‌وییه‌ت داده‌نێین. ئه‌وله‌وییه‌تى یه‌که‌مى ئێمه‌ له‌م چوار ساڵه‌دا ئه‌وه‌ بووه‌ چۆن خۆمان له‌ به‌رامبه‌ر داعش ڕابگرین، چۆن نه‌هێڵین داعش شوێنه‌کانى ئێمه‌ بگرێت، چۆن بتوانین لانیکه‌م هه‌ندێ پاره‌ بده‌ین، هه‌ر ناویشمان نه‌ناوه‌ مووچه‌، چونکه‌ که‌متر بووه‌ له‌و مووچه‌یه‌ى که‌ شایانى بوون وه‌ریبگرن. له‌مه‌ودوا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وله‌وییه‌ت ده‌گۆڕدرێت. پێمگوتن ئێمه‌ له‌ناو تونێلێکى تاریک و داخراودا بووین، ئێستا له‌ کۆتایى ئه‌م تونێله‌ ڕووناکى ده‌بینم، ده‌بینم ڕۆژه‌ سه‌خته‌کان خه‌ریکه‌ تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاسان نییه‌ که‌ به‌ شه‌و و ڕۆژێک هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بگۆڕیت و کاتى ده‌وێ".