Error: No articles to display

ڕاپۆرتى دووه‌مى دیلۆیت بۆ ووردبینى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ شه‌ش مانگى دووه‌مى ٢٠١٧

ئاب 26, 2018

له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى وردبینى سه‌ربه‌خۆى که‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ پێشتر به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ مانگى شوباتى 2016 که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، ئه‌مڕۆ داتا و زانیاریى نوێ ده‌رباره‌ى ئه‌نجامى وردبینى به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌کردن، به‌کاربردن و خه‌رجى و داهاته‌کانى نه‌وت له‌ پێگه‌ى ڕه‌سمیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ته‌واوکردنى ئه‌و زانیارییانه‌ى که‌ پێشتر له‌ڕاپۆرتى وردبینى له‌ ڕۆژى ١٦ى کانونى دووه‌مى ساڵى 2018 دا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامى وردبینى شه‌ش مانگى یه‌که‌مى هه‌مان ساڵ پێشکه‌ش به‌ ڕاى گشتى له‌ناو هه‌رێمى کوردستان و ده‌ره‌وه‌ کرا.

ئه‌م داتا و زانیارییه‌ نوێیانه‌، که‌ له‌لایه‌ن (کۆمپانیاى جیهانى دیلۆیت بۆ وردبینى و ڕاوێژکاری) وردبینیکراوه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ چوار کۆمپانیا گه‌وره‌کانى دونیا، زانیارى گرنگ به‌ ژماره‌ى وردبینیکراو له‌خۆده‌گرێت ده‌رباره‌ى به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌کردن، به‌کاربردن و داهاتى نه‌وت له‌ ماوه‌ى نێوان 1ى ته‌مموزى 2017 تا 31ى کانونى یه‌که‌مى 2017.

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ مافى گشت هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه‌ زانیارییان هه‌بێت ده‌رباره‌ى ئه‌و ژماره‌ و داتایانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردن و به‌کارهێنانى ناوخۆیى و داهاته‌کانى نه‌وت که‌ ئه‌مڕۆ پێشکه‌ش کراون، به‌ تایبه‌تیش که‌ ئه‌و داتا و زانیارییه‌ بڵاوکراوه‌نه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى پشتڕاستکراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیایه‌کى وردبینیى جیهانی، ئه‌مه‌ش وه‌ک به‌شێک له‌ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و حوکمڕانیى ڕه‌شید له‌ هه‌رێمى کوردستان.

له‌م ڕاپۆرته‌ وردبینییه‌ى شه‌ش مانگى دووه‌مى ساڵى 2017 به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕاپۆرتى بڵاوکراوه‌ى شه‌ش مانگى یه‌که‌مى هه‌مان ساڵ به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاریى به‌ده‌ستهاتوو له‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و له‌دواى پشتڕاستکردنه‌وه‌یان، ژماره‌ و زانیارى نوێ خراوه‌ته‌ڕوو به‌دیاریکراوییش ورده‌کاریى بڕگه‌کانى خه‌رجییه‌ گشتییه‌کانى دیکه‌ جگه‌ له‌ خه‌رجییه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردن و فرۆشتنى نه‌وت و خه‌رجییه‌کانى مووچه‌، و خستنه‌ڕووى تێکڕاى نرخى مانگانه‌ى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى فرۆشراو به‌ به‌راورد به‌ نرخى نه‌وتى جیهانى برێنت که‌ له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى دووه‌مى ساڵى 2017 به‌ده‌ستهاتوون و چه‌ند زانیارییه‌کى دیکه‌ى نوێ له‌م ڕاپۆرته‌دا.

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز به‌ڵین ده‌دات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى داتا و زانیاریى وردبینیکراو و پشتڕاستکراو له‌لایه‌نى سێیه‌مى سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به‌ داهات و خه‌رجى و پرۆسه‌ جیاجیاکانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان.

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز کارده‌کات له‌ پێناوى ده‌سته‌به‌رکردنى ڕاپۆرتى وردبینى ده‌ورى له‌سه‌ر ئه‌م داتا و زانیارییانه‌ بۆ به‌رده‌م ڕاى گشتى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تى له‌ڕێى هه‌ردوو کۆمپانیاى جیهانى (Deloitte) و (Ernst & Young). هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت داتا و زانیارییه‌کانى ده‌رئه‌نجامى وردبینى ماوه‌ى نێوان 1ى کانونى دووه‌مى 2018 تا 31ى ئادارى 2018 له‌ مانگى ئابى 2018دا بۆ ڕاى گشتى بڵاوبکرێنه‌وه‌ هاوشێوه‌ى هه‌ردوو ڕاپۆرتى شه‌ش مانگى یه‌که‌م و دووه‌مى ساڵى 2017.

ده‌توانن له‌م لینکه‌دا ده‌قى ڕاپۆرتى دیلۆیت به‌ ئیمزاکراوى و به‌ فۆرمى PDF سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌کردن، به‌کارهێنانى ناوخۆیی، داهات و خه‌رجییه‌کانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ شه‌ش مانگى دووه‌مى ساڵى 2017 به‌ هه‌ر سێ زمانى کوردی، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.

ده‌توانن له‌م لینکه‌دا به‌ فۆرمى PDF نامیلکه‌یه‌کى هاوپێچ به‌ هه‌ردوو زمانى کوردى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن که‌ (27) پرسیار و وه‌ڵامى له‌خۆگرتووه‌ بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ى پێویست و ئاسانکاریى تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌کانى ڕاپۆرتى دیلۆیت.