Error: No articles to display

بازاڕی کار بۆ ده‌رچوانی زانکۆ لاوازه‌

ئاب 26, 2018

ساڵانه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ده‌رچوانی زانکۆکانی هه‌رێم به‌ هۆی بێکاریه‌وه‌ ڕوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌که‌ن و ده‌وترێت ئه‌رکی حکومه‌ته‌ که‌ که‌رتی گشتی و تایبه‌ت چالاک بکات له‌ پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی بێکاری و هه‌لی کار بڕه‌خسێنێت بۆ ده‌رچوانی زانکۆکان به‌ پێی پسپۆڕیان.
ده‌رچویه‌کی زانکۆش پێێوایه‌ " خوێندنی زانکۆ لە هەرێمی کوردوستان لە ئاستێکی دڵخۆشکەردا نیە بە جۆرێک پرۆگرامەکانی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربه‌ی بەشەکان لە ئاستی بازاڕ و بازاڕی کاردا نین".


ئه‌رکى زانکۆیه‌ چاره‌سه‌رى بێکارى بکات

دانێر قه‌ره‌داغی، رۆژنامه‌نووس به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند: پێموایه‌ کێشه‌که‌ ته‌نها له‌زانکۆکانه‌وه‌ ده‌ست پێناکات، به‌ڵکو سیسته‌می خوێندن له‌بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ وه‌ک پێویست نییه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ده‌رچوویه‌کی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زۆر به‌توانا پێبگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر به‌تواناش بن له‌ئێستادا مه‌رجه‌کانی هه‌لی کار ته‌نها به‌ بوونی بڕوانامه‌یه‌کی ئه‌کادیمی ناتوانێت کارێک بکه‌یت ئه‌وه‌ی پێویسته‌ زمانه‌، به‌ڵام ده‌بینین له‌ ماوه‌ی (16) ساڵی خوێندن دا خوێندکار فێری هیچ کام له‌زمانه‌کان نابێت ته‌نانه‌ت ده‌رچووی به‌شی زمانه‌کانیش فێری ئه‌و زمانه‌یه‌ نابن که‌ ده‌یخوێنن، ئه‌مه‌ گرفتێکی گه‌وره‌یه‌ له‌سیسته‌می خوێندنه‌.

وتیشى له‌کاتێکدا ئێستا ده‌رچوویه‌کی زۆر هه‌یه‌ و دانامه‌زرێن نه‌له‌ که‌رتی تایبه‌ت نه‌له‌ که‌رتی گشتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌رجی یه‌که‌م زانینی زمانی عه‌ره‌بی وئینگلیزیه‌، له‌کاتێکدا دامه‌زراندن له‌که‌رتی گشتی ئه‌م مه‌رجه‌ی نییه‌، بۆیه‌ زانکۆکان له‌ئێستادا ڕۆڵێکی ئه‌وتۆیان نیه‌ ته‌نها وه‌ک کارگه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنانی بڕوانامه‌ ئه‌رکی زانکۆ جێبه‌جێده‌که‌ن.

ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌شێکی زۆری ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی زانکۆکان، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیکات وه‌ک شوێنێکی ئه‌کادیمی زانکۆ به‌هاوکاری حکومه‌ت وه‌زاره‌تی کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌پێی پسپۆڕێتی به‌شه‌کانی له‌زانکۆکاندا چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبده‌ن سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ت وپیشه‌ جیاوازه‌کان تاکو بزانرێت بازاڕی کار پێویستی به‌چی هه‌یه‌ چۆن چاره‌سه‌ری بێکاری بدۆزرێته‌وه‌ هاوکات خوێندکاران ڕۆڵیان هه‌بێت و توێژینه‌وه‌کانیان جێگه‌ی بایه‌خ بێت کێشه‌ی هه‌لی بێکاری ده‌کات به‌مه‌رجێک پاڵپشتی حکومی له‌گه‌ڵ بێت.

پرۆگرامه‌کانی خوێندن لە ئاستێکی نزمدایه‌ و ناتوانن خوێندکار ئاماده‌ بکات بۆ بازاڕی کار

محه‌مه‌د عومه‌ر، ده‌رچووى زانکۆ به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند: خوێندنی زانکۆ لە هەرێمی کوردوستان لە ئاستێکی دڵخۆشکەردا نیە بە جۆرێک پرۆگرامەکانی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی بەشەکان لە ئاستی بازاڕ و بازاڕی کاردا نین، هۆکارە بۆ ئەوەی کە خوێندکار نەتوانێ دوای تەواو کردنی خوێندن کاری دەست بکەوێت لە کەرتی تایبەت.

وتیشی هۆکاری ده‌ستنه‌که‌وتنی کار دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامه‌کانی خوێندن لە ئاستێکی نزمدان و ناتوانن خوێندکار بە شێوەیه‌کی پراکتیکی ئامادەبکەن بۆ کار لە کەرتی تایبەت و بازاڕدا ، بەجۆرێک لە زۆربەی بەشەکان خوێندکار پەیوەست دەکرێت بە مەلزەمەیەکی چەند لاپەڕەی و لەبەریدەکات تا ئەوەندەی لە تاقیکردنه‌وه‌کانداده‌ربچێت ، پاشان ئەو بابەتانەی کە خوێندونی لەبیری دەچێتەوە ، ئەمەش ناتوانێ ئاستی خوێندکار بەرزبکاتەوە، بۆیە پێویستە زانکۆکان چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوه‌.

ئه‌و ده‌رچوه‌ه‌ی زانکۆ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو گرفتی نەزانینی زمانی بیانی بەتایبەت زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فارسی یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکانی خوێندکاری زانکۆکان ، چونکە خوێندکاری زانکۆ داوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆی نەیتوانیوە زمانێکیتر جگە لە زمانی دایک فێرببێت و کاتێکیش کە داوای کار لە کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەکی کەرتی تایبەت دەکات لە ئیشێکی ئاسایەوە کە سکیوریتیە تا به‌رپرسیاریه‌تێکی بەرز داوای زانینی زمانێکی بیانی دەکەن.

محه‌مه‌د عومه‌ر هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات پێویستە زانکۆ حکومی و ئەهلیەکان پرۆگرامەکانی خوێندنیان بگۆڕن، چونکە هیچ پەیوەندیەک لە نێوان پڕۆگرامەکانی خوێندن و بازاڕی کاردا نیە ، چیدی بەو پرۆگرامەی کە سەدان هەزار خوێندکاری بێ کار کردووە و نەیتوانیوە بە شێوەیەک ئامادەیان بکات کە سود بە کۆمەڵگا و خۆشیان بگەیەنن . لەلایەکی دیکەوە ئەو توێژینەوانەی کە زانکۆکان دەکرێت لە ئاستێکی باڵادا نین ،زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی کە لە ئاستێکی باڵادان تەرجومەکراوی زانکۆو زمانی ترن بۆیە زانکۆ دەتوانێت وا لە خوێندکار بکات ئەو توێژینەوەی کە دەیکات لە زانکۆ ،لە دەرەوەی زانکۆ سودی لێ وەربگرێت،

وتیشی زۆربەی کات گلەی خوێندکار ئەوەیە کە کار بە توێژینەوەکانیان ناکرێت، زەحمەتە حکومەت متمانه‌ی بە پڕۆژەی خوێندکار هەبێت چونکە باش ئاگاداری سیسته‌می خوێندن و ئاستی زانکۆکانی کوردستانە لە ڕیزبەندی جیهانی زانکۆکاندا هەر بۆ نمونە حکومەت بۆ چاودێری کردنی فرۆشتنی نەوت و داهات و خەرجی گرێبستی لەگەڵ کۆمپانیای بیانی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی وردبینی لە داهات و خەرجی حکومەت و نەوتدا بکات ، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی حکومەت داوای لە زانکۆکان نەکرد کە لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ ئامەدە بکەن کە هەڵبسێت بەم کارە ؟ ئایا ئەمە بێ متمانەی و بێ ئومێدی حکومەت نیە لە زانکۆکانی خۆی ؟ حکومەت دەتوانێ لە ڕووی ئابووری و داراییەوە سود لە مامۆستا و دکتۆرەکانی زانکۆ و توێژینەوەکانیان وەربگرێت بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی حکومەت . چونکە کەسی بەتوانا زۆرن بەڵام سیستمی خوێندن ناتەندروسته‌.

هەرکۆلێژێک دەرچوی لە پێویست زیادی کرد پێویسته‌ ئەو بەش دابخرێت

دلاوه‌ر یاسین، ده‌رچوى زانکۆ به‌جه‌ماوه‌رنیوزى راگه‌یاند ئه‌مڕۆ گەر سەیری کوردستان بکەین دەبینین کە ڕیژیەکی زۆر لەدەرچوانی زانکۆمان هەیە بە سەرجەم کۆلێژو بەشەکانەوە و هەندێک بەش دەرچوی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدوایدا دێت و ئەو به‌شە هەر وەک ساڵانی ڕابردوو خویندکار وە دەگرێت کە ئەمە بڕیارێکی ئیجاگار خراپە، دەبێت هەر کۆلێژ و بەشێک دەرچوی زیادی کرد لە پێویست ئەو بەش دابخرێت و بەشێکی تر بکرێته‌وه‌ که‌ پێویست بێت.

وتیشی ڕێژه‌یه‌کی که‌می ده‌رچوان کاریان ده‌ست ده‌که‌ێت له‌و ڕێژه‌یه‌ش ده‌چوانی زانکۆ ئه‌هلییه‌کان چانسیان زیاتره‌ هۆکاره‌که‌شی بۆ کوالیه‌تی خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لە ڕابردوودا زیاتر پشت بەدامەزراندن بەستراوە

سیروان حه‌مه‌ شه‌ریف، مامۆستای زانکۆ به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی ڕاگه‌یاند ناتوانین بڵێین زانکۆکان کادری بازاڕیان بەرهەم نەهێناوە ڕاستە وەک پێویست نەبوە، بەڵام کێشەکە زیاتر لەسیسته‌می ئیداری و دامەزراندنی حکومەت بوە کە لە ڕابردوودا زیاتر پشت بەدامەزراندن بەستراوە و کەمتر کەرتی تایبەت حسابی بۆکراوە ئەو کەموکورتیانەی لەسیسته‌می کەرتی تایبەتدا هەیە هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەرچوانی زانکۆ منتمانەیان پێی نییە؛ بۆ باشترکردنی ئەو دۆخە پێویستە سەرەتا کەرتی تایبەت و بازاڕ بەیاسایەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی هاوڵاتیان و تاڕادەیەک نزیک لەشێوازی کارکردنی فەرمانبەر لە کەرتی حکومی ڕێکبخرێت ئەوجا ئاسان دەبێت زانکۆییەکان پشت بە خۆیان و کاری بازاڕ ببەستن نەک موچەی حکومی .