Error: No articles to display

ژماره‌ى گه‌شتیارانى هه‌رێم ئاستێکى پێوانه‌یى تۆمار کردووه‌

تشرینی یەکەم 08, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، مه‌وله‌وى جه‌بار سه‌رۆکى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار راگه‌یاند، ژماره‌ى گه‌شتیاران ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى رابردوو ئاستێکى پێوانه‌یى تۆمار کردووه‌.

"له‌ شه‌ش مانگى یه‌که‌مى ئه‌مساڵ، ملیونێک و310 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌، که‌ زۆربه‌یان له‌ باشوور وناوه‌راستى عێراقه‌وه‌ هاتوون. هه‌ر له‌ جه‌ژنى قوربانى ئه‌مساڵ، 349 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ماوه‌ى 11 رۆژدا سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌ وداهاتى ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان نزیکه‌ى 140 ملیار دینار بووه‌."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌، "له‌ چوار مانگى یه‌که‌مى ئه‌مساڵ رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانى ئێرانى له‌ ئاستێکى باشدا بوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى حکومه‌تى ئێران باجى له‌سه‌ر هاووڵاتیانى خۆى بۆ گه‌شتى ده‌ره‌وه‌ى وڵات دانا، رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانى ئیرانى بۆ هه‌رێمى کوردستان زۆر که‌م بووه‌. له‌ وڵاتانى دیکه‌ش گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، به‌ڵام رێژه‌که‌ى زۆر نییه‌."

هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانى دراوسێ به‌ نرخێکى که‌م پێشوازى له‌ گه‌شتیارانى عێراقى ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانى عێراقى بۆ کوردستان زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌‌.

ره‌خساندنى هه‌لى کار

مه‌وله‌وى جه‌بار سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى که‌رتى گه‌شتوگوزار بۆ ره‌خساندنى هه‌لى کار ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ که‌رتى گه‌شتوگوزار به‌ هه‌زاران هه‌لى کارى بۆ هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌کان ره‌خساندووه‌ وکاریگه‌رى بۆ سه‌ر به‌ بازارکردنى که‌رته‌کانى دیکه‌ش له‌وانه‌ به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کانى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بووه.

"بۆنموونه‌، شارۆچکه‌ى وه‌رتێ له‌ ساڵانى رابردوو کێشه‌ى ساخکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کانى هه‌بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێکمان بۆ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى گه‌شتیارى هاندا وبه‌هۆیه‌وه‌ گه‌شتیارێکى زۆر سه‌ردانى وه‌رتێى کرد وبازارێک بۆ به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵیه‌کانى ناوچه‌که‌ دروستبوو."

پلانى ستراتیژى گه‌شتوگوزار

پلانى ستراتیژیى گشتوگوزار له‌ ساڵی 2014 دانراوه‌ وهه‌ندێک له‌ بڕگه‌کانى جێبه‌جێ کراون، به‌ڵام به‌هۆى هاتنى داعش وقه‌یرانى ئابوورى پلانه‌که‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێنه‌کرا. له‌ ساڵى 2016 دووباره‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێکردنى پلانه‌که‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ئه‌م که‌رته‌ کرا. پێدانى قه‌رزى گه‌شتیارى بۆ پرۆژه‌ى بچووک و مامناوه‌ند یه‌کێ له‌ به‌شه‌ گرنگه‌کانى پلانى ستراتیژیى گه‌شتوگوزاره.

ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار 'یاساى په‌ره‌پێدانى که‌رتى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى کوردستان' بۆ پێشخستنى که‌رتى گه‌شتوگوزار پێشکه‌ش به‌ حکومه‌ت کردووه، که‌ په‌سندکردنى له‌ په‌رله‌مان، زۆرێک له‌ کێشه‌ وئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌م ئه‌م که‌رته‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات.

هۆشیاریى گه‌شتیاری

مه‌وله‌وى جه‌بار گوتی، یه‌کێ له‌ ئامانجه‌کانى ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار په‌ره‌پێدانى هۆشیاریى گه‌شتیارییه‌ به‌ هاوولاتیان وسه‌رمایه‌داران.

"به‌ستنى کۆنفرانس، به‌شداریکردن له‌ ‌پێشانگاکانى گه‌شتیارى له‌ ناو‌خۆ وده‌ره‌وه‌، کردنه‌وه‌ى پێشانگا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار، زه‌مینه‌سازى بۆ که‌ناڵه‌کان تا بتوانن به‌رنامه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنى و رادیۆیى بۆ گفتگوکردن له‌ باره‌ى که‌رتى گه‌شتوگوزار ئه‌نجام بده‌ن، له‌ گرنگترین چالاکیى فه‌رهه‌نگى و میدیایى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار بۆ پێشخستنى که‌رتى گه‌شتوگوزار بووه‌."

مه‌وله‌وى جه‌بار به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ رۆڵى زانکۆ بۆ پێشخستنى که‌رتى گه‌شتیارى گوتی: رۆڵى زانکۆ له‌ هۆشیارى گه‌شتیارى و په‌ره‌پێدانى کلتوورى گه‌شتیارى گرنگه‌ و لێژنه‌ى هاوبه‌ش له‌ ‌نێوان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار بۆ ئه‌نجامدامى چالاکى و کارى هاوبه‌ش هه‌یه‌ و به‌شى گه‌شتیارى له‌ ‌زانکۆکانى سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانى و دهۆک کراوه‌ته‌وه‌‌ و تا ئێستا دوو قۆناغى ده‌رچوونیان هه‌بووه‌.

پاراستنى ژینگه‌

سه‌رۆکى ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ پاراستنى ژینگه‌ى کوردستان گوتی، "له‌ ستراتیژیى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار ته‌وه‌رێکى تایبه‌ت به‌ ‌رێکخستن و پاراستنى ژینگه‌ى شوێنه‌کانى گه‌شتیارى هه‌یه‌ وبه‌شێکى تایبه‌ت له‌ ‌ده‌سته‌ بۆ ژینگه‌ کراوه‌ته‌وه‌. به‌ ‌پلان کار بۆ پاراستنى ژینگه‌ وشوێنه‌کانى گه‌شتیارى ده‌که‌ین. له‌رووى هۆشیارى ژینگه‌یشه‌وه‌ له‌ بڵاوکراوه‌کان وراگه‌یاندنه‌کان به‌رده‌وام کارى بۆ ده‌که‌ین. هۆشیارى هاووڵاتیان بۆ پاراستنى ژینگه‌ ساڵ بۆ ساڵ باشتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان و شاره‌وانیه‌کان هه‌ماهه‌نگى باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێ هاووڵاتى ولایه‌ن وه‌ک پێویست پابه‌ندى رێنماییه‌کان نابن."

رۆڵى که‌رتى تایبه‌ت له‌ گه‌شتوگوزار

مه‌وله‌وى جه‌بار له‌ باره‌ى رۆڵى که‌رتى تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدانى ‌که‌رتى گه‌شتیارى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ رۆلێکى گرنگ له‌ په‌ره‌پێدانى که‌رتى گه‌شتیارى هه‌یه‌‌. یه‌کێک له‌ میحوه‌ره‌کانى پلانى ستراتیژى پاڵپشتى کردنى که‌رتى تایبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵێکى کاراى له‌ پێشخستنى که‌رتى گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت. پێدانى قه‌رزى گه‌شتیارى یه‌کێکه‌ له‌و پشتگیریانه‌.

ده‌شڵێت کۆمپانیاکانى کوردستان‌ توانیویانه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باش له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه‌ دروست بکه‌ن‌. که‌رتى تایبه‌تى رۆڵێکى ئه‌رێنى له‌ هێنانى گه‌شتیار بۆ کوردستان هه‌بووه‌. وه‌به‌رهێنانى گه‌شتیارى له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵ به‌ خێرایى گه‌شه‌ کردووه‌‌، نموونه‌که‌شى به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى گه‌شتیاره‌ که‌ ئه‌نجامه‌که‌شى دروستکردنى متمانه‌یه‌. کاتێک متمانه‌ دروست ده‌بێت وه‌به‌رهێنان زیاتر ده‌بێت.

خه‌ڵاتى جۆری

ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار 'خه‌ڵاتى جۆرى' ده‌داته‌ ئه‌و هۆتێل وچێشتخانه‌ وشوێنانه‌ که‌ به‌ کواڵێتییه‌کى باش خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن وبه‌ جوانترین شێوه‌ رێنماییه‌کانى گه‌شتیارى جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

به‌ بازاڕکردنى به‌رهه‌م، پاک وخاوێنى، خزمه‌تگوزاریى جۆراوجۆر، پاراستنى ژینگه‌، ره‌زامه‌ندیى کڕیار له‌و بابه‌تانه‌ن که‌ کۆمپانیا، هۆتێل، چێشتخانه‌ وکافتریا‌کان به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانن خه‌ڵاتى جۆرى به‌ده‌ست بێنن که‌ ساڵانه‌ دوو جار ده‌درێت.

ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزارى یه‌که‌م فه‌رمانگه‌یه‌ که‌‌ له‌ کوردستان وعێراق خه‌ڵاتى جۆرى پێشکه‌ش به‌ که‌رتى تایبه‌ت ده‌کات.