Error: No articles to display

خۆڵى سه‌ر روحه‌کان پاک بکه‌نه‌وه‌

کانونی یەکەم 02, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

به‌ختیار حسێن

مرۆڤه‌کان زۆرجار هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ ده‌که‌ن که‌ده‌بێته‌ هۆى بێزار کردنى به‌رامبه‌ره‌که‌ى یان ده‌وروبه‌روبه‌ره‌که‌و هه‌ندێجاریش ده‌بنه‌ له‌ده‌ستدانى متمانه‌و که‌سایه‌تى خۆی.

(دیبى فۆرد) له‌کتێبى (نیوه‌ى تاریکى ده‌رون) باس له‌وه‌ده‌کات که‌ده‌رونى هه‌موو مرۆڤه‌کان گه‌نجینه‌یه‌کى زێڕى گران به‌ها و شاراوه‌یه‌، که‌ئه‌م ده‌رونه‌ زێڕینه‌ روحمانه‌، که‌پاک و بێگه‌رده‌، به‌ڵام هه‌ندێ جار به‌روپۆشێکى سه‌خت و ئه‌ستور له‌ترس وگومان ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌مان شاردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بێت به‌چاوى عه‌شق و راستگۆیى و وه‌فاوه‌ سه‌یرى روحه‌کان بکه‌ین و ئه‌و په‌رده‌یه‌ راماڵین له‌سه‌ر دڵه‌کانمان، له‌چیرۆکى (بودا زێڕینه‌که‌دا) هاتووه‌ که‌ساڵى 1957 له‌تایله‌ند په‌رستگایه‌کیان ئه‌گواسته‌وه‌ بۆ شوێنێکى تر، له‌لایه‌ن چه‌ند راهیبێک، به‌ڵام له‌کاتى گواستنه‌وه‌دا یه‌کێک له‌په‌یکه‌ره‌کان درزى تێکه‌وت ،بۆیه‌ له‌په‌رۆشى په‌یکه‌ره‌ بڕیاریاندا بمێننه‌وه‌و بۆ سبه‌ى ده‌ست به‌گواستنه‌وه‌ بکه‌ن، یه‌کێک له‌راهیبه‌کان شه‌و چو بۆسه‌یرى په‌یکه‌ره‌کان به‌چرایه‌که‌وه‌ بینى ئه‌و په‌یکه‌ره‌ى درزى تێکه‌وتووه‌ تیشکێکى زۆر جوانى لێده‌رئه‌چێت بۆیه‌ ده‌ست ده‌کات به‌پاکردنه‌وه‌ى په‌یکه‌ره‌که‌ ده‌بینێت له‌بنه‌ره‌تدا په‌یکه‌ره‌که‌ به‌زێێ‌ دروستکراوه‌ به‌ڵام له‌ترسى دزین رووپۆشکراوه‌ به‌قور، دڵ و روحى مرۆڤه‌کانیش ئاوان ئه‌گه‌ر نه‌توانین ئه‌و روپۆشانه‌ پاک بکه‌ینه‌وه‌ توشى هه‌ڵه‌و گومان ده‌بین.

له‌ئێستاشدا و له‌نێو کۆمه‌ڵگاى کوردى جۆرێک له‌گومان دروست بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و روپۆشه‌ى دڵى داپۆشیون، به‌تایبه‌تیش له‌نێو گه‌نجان که‌به‌راده‌یه‌ک متمانه‌و باوه‌ڕبوون به‌یه‌کترى هێنده‌ لاوازبووه‌ که‌ده‌ره‌ئه‌نجامى نه‌رێنى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌ ته‌نانه‌ت رۆجۆته‌ نێو عه‌شقه‌کان و خۆشه‌ویستان که‌دواى هاوسه‌رگیریش هه‌رزوو کێشه‌و گرفت له‌نێو یاندا روده‌دات و په‌نا بۆ جیابوونه‌وه‌ ئه‌به‌ن که‌ئه‌مه‌ش هۆکارى ده‌رنه‌خستنى دڵه‌ زێڕینه‌که‌ى خۆیانه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتری.

به‌جۆرێک شاردنه‌وه‌ى دڵه‌ زێڕینه‌کان ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه‌ که‌سه‌رجه‌م چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى گرتۆته‌وه‌ هاوڵاتیان متمانه‌یان لاواز بووه‌، هه‌ندێجاریش به‌مه‌به‌ست یاخود له‌ترسى له‌ده‌ستدان و دروستبونى کێشه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌رشاردنه‌وه‌ى راستیه‌کان که‌نازانن دواجار و دواى ئاشکرابوون ده‌بنه‌ کێشه‌و گرفت، هه‌روه‌ک له‌نێوان کارمه‌ندان و خاوه‌نکار، خوێندکارو مامۆستان، فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر، ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیان، ته‌نانه‌ت خودى خێزان که‌قوتابخانه‌ى بنه‌ره‌تى و فاکته‌رى سه‌ره‌کى پێکهێنانى کۆمه‌ڵگایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ دڵه‌کانمان پاک بکه‌ینه‌وه‌ له‌هه‌موو روپۆشێک و وه‌کروح و ناخه‌ راسته‌قینه‌کانمان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کترى بکه‌ین، هه‌وڵبده‌ین روى راسته‌قینه‌ى خۆمان پیشان بده‌ین هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیمان نه‌بێ‌ چونکه‌ ده‌وترێ‌ زۆرجار راستیه‌کان تاڵن، به‌ڵام کلیلى سه‌رکه‌وتنه‌کانن.

لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو روحه‌کان پاکو بێگه‌ردن، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌ داب ونه‌ریت و هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتارى بۆماوه‌ى واله‌مرۆڤه‌کان ده‌کات له‌چوارچێوه‌یه‌کى دیارکراودا بسوڕێنه‌وه‌ و نه‌توانن هه‌نگاوى تربنێن، بۆیه‌ له‌بنه‌ره‌تدا روحه‌کان و دڵه‌کان پاک و بێگه‌ردن، به‌ڵام زۆرجار گومان وترس دایده‌پۆشێت، که‌هه‌ندێ جار توشى هه‌ڵه‌ى ده‌کات و بڕیارى نادروست ده‌دات، که‌ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێرو داڕمان و نه‌مانى متمانه‌و راستگۆیى ده‌بات و له‌به‌رژه‌وه‌ندى هیچ تاک و خێزان و کۆمه‌ڵگاش نابێت.

بۆیه‌ هه‌رکه‌س روحه‌ گه‌نجینه‌که‌ى خۆى بشارێته‌وه‌و روپۆشى بکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سودى بۆخۆى نابێت له‌هه‌مانکاتدا کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر ده‌وروبه‌رو خێزان و کۆمه‌ڵگاش به‌جێده‌هێڵێت بۆیه‌ ده‌بێت به‌چاوى عه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ له‌یه‌کترى بڕوانین، هه‌وڵبده‌ین له‌گه‌ڵ خۆمان و به‌رامبه‌رمان راستگۆیانه‌ گفتوگۆ و مامه‌ڵه‌ بکه‌ین.

هیواخوازم هه‌موومان ئه‌و روپۆشه‌ له‌سه‌ر روحه‌کانمان لابه‌رین وگه‌نجینه‌ راسته‌قینه‌ زێڕه‌که‌ پیشانى یه‌کترى بده‌ین که‌پڕله‌عه‌شق و خۆشه‌ویستى و راستگۆیى روحێکى بێگه‌رد.