Error: No articles to display

ناكۆكییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ شه‌قام

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

عومه‌ر غوڵامی
ته‌واونه‌كردنی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناكۆكی‌ بنه‌ڕه‌تی له‌ نێوان دوو به‌ره‌ی شیعه‌، تائیستا ئه‌و دووبه‌ره‌یه‌ سورن له‌سه‌ر سه‌پاندنی ڕای خۆیان بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ وه‌زاریه‌كه‌ی عێراق. 
له‌ ئێستادا ناكۆكی قوڵ له‌ نێوان هاوپه‌یمانی فه‌تح و ڕه‌وتی سه‌در هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ، سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كه‌ له‌دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 12ی مایس ده‌ستیپێكردكه‌نه‌یانتوانی به‌ پێی ده‌ستوور كوتله‌ی براوه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانی هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2010 گه‌وره‌ترین كوتله‌ پێكبهێنرێت بۆ پێكهینانی حكومه‌ت هاوشێوه‌ی كابینه‌كه‌ی مالیكی كه‌ ئه‌و ده‌م خاوه‌نی 89 كورسی په‌رله‌مانی بوو و عه‌لاوی خاوه‌نی زیاتر له‌ 90 كورسی بوو دواجار مالیكی حكومه‌تی پێكهێنا به‌ پێكهێنانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ئه‌نجامی قوڵی ململانییه‌كان له‌ نێوان كوتله‌ شیعیه‌كان داتاشراوه‌یه‌كی نوێی سیاسیان هێنایه‌ كایه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ دوای چه‌ند مانگ له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی بیكه‌ن به‌ سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ خاوه‌نی یه‌ك په‌رله‌مانتار نه‌بوو.
بۆیه‌ ناكۆكییه‌كانی كوتله‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر دابه‌شكردنی وه‌زیره‌كان له‌ شه‌وی 24ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ركه‌وت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌واوی كابینه‌كه‌ له‌و شه‌وه‌دا متمانه‌ی پێنه‌به‌خشرا، ته‌نها له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ به‌خشرایه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و 14 له‌ وه‌زیره‌كانی و 8 وه‌زیر مایه‌وه‌ كه‌ له‌ نێویاندا دوو له‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌كانی تێدایه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی "ناخۆ و به‌رگری" كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌ به‌ تایبه‌ت كوتله‌ی سه‌در ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌ربژێره‌ی كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستنیشانی كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ناخۆ و داوای گۆڕێنی ده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیران و هاوپه‌یمانی فه‌تح سورن له‌سه‌ر دانانی فالح فه‌یاز وه‌ك وه‌زیری ناخۆ كه‌ ئه‌مه‌ ناكۆكییه‌كان زیاتر قوڵ ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ شیعیه‌كان و ڕێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ وه‌زاریه‌كه‌ ، گه‌ر دۆخه‌كه‌ وا به‌رده‌وامبێت ئه‌گه‌ری ڕوودانی سێ سیناریۆ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا ڕووبدات.
یه‌كه‌م گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌واو نه‌كرێت دوور نییه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بێت، ئه‌وكات دۆخی سیاسی و ئیداری و ئه‌منی عێراق ئالۆزتر ده‌بێت به‌ جۆرێك له‌ ئێستادا لایه‌نه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر به‌ربژێرێك بۆ وه‌زاره‌تێك ڕێكناكه‌ون دواجار قورس ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێكی تر ڕێكبكه‌ون.
دووه‌م ئه‌گه‌ری چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌ده‌ر هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق، ئه‌مه‌ به‌ ڕوونی باسی لیوه‌ كردووه‌ موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ ماوه‌ی ڕابردوو په‌یامی ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كرد و به‌ ئاشكرا باسی له‌ ئۆپۆزسیۆن بونی ڕه‌وته‌كه‌ی كردووه‌.
سێهه‌م ئه‌و ناكۆكیه‌یی له‌ ناو په‌رله‌مان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دوور نییه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌قام به‌و پێیه‌ی كه‌ سه‌در خاوه‌نی شه‌قامێكی به‌هێزه‌ و ده‌توانێت شه‌قام بجوڵێنێت، به‌مه‌ش دۆخی حكومه‌تی عێراق ئاڵۆز تر ده‌كات.