Error: No articles to display

رێکه‌وتنێک پێویسته‌ که‌له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بێت

تشرینی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

عومه‌ر غوڵامی
کاتی وه‌لا نانی ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ی که‌ گه‌لی کورد خواستێتی بۆ ده‌ربازبون له‌و دۆخه‌ی که‌ ئێستا تێدایه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێم به‌ خاکه‌ داگیرکراوه‌کانیشه‌وه‌.
له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لای کورد ده‌سکه‌وتنی ده‌سکه‌وته‌ له‌ عێراق و به‌شداریکردنی کورد له‌ حکومه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌ڕێمی کوردستان.
کاتی ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی هێزه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم دانیشن و په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و برینانه‌ی گه‌له‌که‌مان و ده‌رمانی ساڕێژ بون بۆ برینه‌کان دابنێن ، ئه‌ویش هه‌موو داواکانیان یه‌کبخه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی پێکهینانی حکومه‌تی عێراق، چونکه‌ ده‌نگده‌رانی کورد ده‌نگدا به‌ لایه‌نه‌ کوردیه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتیان بۆ بهیننه‌و له‌ به‌غداد نه‌ک ململانیه‌ی ناشه‌ریفانه‌ بکه‌ن.
ده‌بێت تێگه‌شتنی حزبه‌ سیاسیه‌کانی کورد له‌ به‌غداد ده‌وڵه‌تداریانه‌ بێت به‌ تایبه‌ت هه‌وڵه‌کانیان بخه‌نه‌ کار له‌ روو دبلۆماسی و په‌یوه‌ندی که‌سی و پشتیوانی په‌یداکردن بۆ دۆزی کورد له‌ نێوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ بۆجێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق ، گرنگه‌ یه‌که‌م هه‌نگا و داواکاریان گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خاکانه‌ بێت که‌ دابڕێنراوه‌ له‌ هه‌رێم، چونکه‌ خاکی کێشه‌ی سه‌ره‌کی نێوان کورد و عه‌ره‌به‌ له‌ عێراقدا.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پاێزگای که‌رکوک، پێویسته‌ بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ کورد پێش هه‌موو هه‌نگاوه‌کان له‌ نێوخۆی ڕێبكه‌وێت و دواتر هه‌نگاو بنێت بۆ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی تر که‌رکوک بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زوترین کاتدا پارێزگارێکی کورد هه‌ڵبژێردرێت بۆ که‌رکوک بۆ کۆتایپێهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌کانی پارێزگاری به‌ وه‌کاله‌تی ئێستا.
کاتێک لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کورد پارێزگارێکی کوردیان بۆ که‌رکوک دانا ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ ته‌واوی ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێم.
گه‌ر لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌م شێوه‌ی ئێستا له‌ یه‌ک دابڕو په‌رته‌وازه‌ بن هه‌رێمێکی لاواز له‌ عێراق ده‌بیننه‌وه‌ و به‌شداربویه‌کی بێ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ حکومه‌تی عێراق پێده‌كرێت .
له‌ بارودۆخێكی وه‌ك ئێستا هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ یه‌ک ده‌نگی کۆی لایه‌نه‌کانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتنێکی نیشتیمانی خاڵی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی .
.