بۆ دووەمجار ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین دواخرا

13.11.2025
جەماوەر نیوز
بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ئەگەری بارانبارین ڕۆژی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ جاری دووەم دواخرا، ئاڤا زانیویەتی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆکە بۆ 22-11-2025 دواخراوە.

 سەرەتا بڕیاربوو لە ڕێککەوتی 9-11-2025، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەبچێت بەڵام بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دواخرا بۆ ڕێککەوتی 16-11-2025، ئەمجارەش بەهۆی نالەباریی كەشوهەوا و ئەگەری بارانبارینەوە ئاهەنگەکە بۆماوەی یەک هەفتە دواخرا.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین،لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئاهەنگی دەرچووانی قۆناغی کۆتایی بۆ هەردوو خولی یەکەم و دووەم بۆ ساڵی دەرچوونی 2024-2025ـی زانکۆی سەڵاحەددین دواخرا، بڕیار بوو ڕێککەوتی 16-11-2025 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە کاتەکەی دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو.

بڕیارە بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خولی 44ـەمینی ئاهەنگی دەرچووانی قۆناغی کۆتایی بۆ هەردوو خولی یەکەم و دووەم بۆ ساڵی دەرچوونی 2024-2025ـی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەبچێت.

ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ 22-11-2025 دواخراوە.

بابەتی هاوشێوە