٢٤١ساڵ بەسەر بونیادنانی سلێمانی تێدەپەڕێت

14.11.2025
جەماوەر نیوز
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستکراوە، واتە ئەمڕۆ 241 ساڵ بەسەر بونیادنانی شارەکە تێدەپەڕێت.
ئیبراهیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە “سلێمان پاشا” ناوناوە، سلێمانی جگە لەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیریی ناوچەکە، زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین.
پاش رووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851 و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ.
لە ساڵی 1922 تاوەکو 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحمود بووە، شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی رۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.
بەگوێرەی رۆژنامەی ژین  لە ساڵی 1955 پانیی رووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەتر بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە 60 ھەزار کەس و نزیکەی ٧حەوت ھەزار خانووی تێدابووە کە لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، چوارباخ، دەرگەزێن و گەڕەکی جولەکانی جارانیش کە ئێستا گەڕەکی سەرشەقامە.

بابەتی هاوشێوە