کۆمیسیۆن نەجم جبووری دوورخرایەوە

07.12.2025
جەماوەر نیوز
نەجم جبووری، بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە دوورخرایەوە.

هەریەک لە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 راگەیاند: نەجم جبووری، بەربژێری سەرکەوتوو لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە دوورخراوەتەوە.
سەبارەت بە هۆکارەکەشی، بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەجم جبووری "رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعسیوون) دەیگرێتەوە"، بۆیە مافی ئەوەی نابێت ببێتە ئەندامی پەرلەمان.
نەجم  عەبدوڵڵا عەبد ساڵح جبووری، سەرۆلی لیستی نەینەوا لیئەهلیها لە بازنەی نەینەوا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، کە 39464 دەنگ بوو، لیستەکەشی 111225 دەنگی هێنا و سێ کورسی مسۆگەر کرد.
بە دوورخستنەوەی نەجم جبووری، دەنگەکانی لیستەکە بۆ  39464 دەنگ کەمدەبێتەوە و ژمارەی کورسییەکانیشی دەبێتە دوو کورسی، بەو ئەنجامە ژمارەی کورسییەکانی لیستی مەشرووعی عەرەبی لە یەک کورسییەوە دەبێتە دوو کورسی. فەرحان ساڵح تورکی عەران علی، بەربژێری لیستی مەشرووعی عەرەبی، کە 5573 دەنگی هێنابوو، وەکو بەربژێری سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت.


بابەتی هاوشێوە