پەروین بوڵدان: ئۆجەلان داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەڤانان دەکات

20.02.2026
جەماوەر نیوز
ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیەوێ راستەوخۆ لەگەڵ رۆژنامەڤانان کۆببێتەوە و گوتوویەتی: "داواکارییەکم هەیە. دەمەوێ چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەڤانان بکەم یان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز بکەم. پێم وایە، ئەمە مافی خۆمە." 

رۆژی هەینی، 20ـی شوباتی 2026، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ راگەیاندنی نزیک لە دەم پارتی دوا و گوتی، دوایین دیداریان لە ئیمراڵی نزیکەی چوار کاژێری خایاندووە.

بوڵدان گوتی، تەندروستیی ئۆجەلان "باشە" و "بە ویستی گەورەوە هەوڵ بۆ پێشخستنی پرۆسە"ی چارەسەری دەدات. 

ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، ئۆجەلان ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو پرۆسەیەی دەستی پێکردووە و گوتی: "هەمیشە بە شێوەیەک کاردەکات کە پێشوەختە رۆژەڤی خۆی دیاری دەکات و وەک رەشنووس پێشکێشی دەکات." 

پەروین بوڵدان رایگەیاند، پێویستە کەناڵەکانی پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ جیهانی دەرەوە فراوانتر بکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەڤانان، کەسانی ئەکادیمی و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان سوود بە پرۆسەکە دەگەیێنێت و ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتیش باسکراوە.

بە گوتەی بوڵدان، ئۆجەلان پرۆسەی چارەسەری لە چوارچێوەی "تێکەڵبوونی دیموکراسی" دوو قۆناخیدا هەڵدەسەنگێنێت.

بوڵدان ئاماژە بەوە دەکات، ئۆجەلان گوتوویەتی: "قۆناخی یەکەممان تەواو کرد" و باسی لەوە کردووە شەڕ کۆتایی هاتووە و "چەکەکان بە شێوەیەکی سیمبوولیش بێت، دانران." 

ئەوەی کە پەیوەندی بە قۆناخی دووەمەوە هەیە، ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێ، بۆچوونی ئۆجەلان ئەوەیە لە قۆناخی دووەمدا پێویستە تێکەڵبوون جێبەجێ بکرێ.

بە گوتەی پەروین بوڵدان، دەبێت ئەو تێکەڵبوونە چەند شتێکی سەرەکی لەخۆ بگرێ، وەک "دابینکردنی مافە سەرەکییەکانی گەلی کورد، لە سەرووی هەموویانەوە زمانی دایک؛ پاراستنی یاسایی لە بوارەکانی ناسنامە، کولتوور و یاسا، هەروەها یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی چەکیان داناوە."

بوڵدان گوتیشی، گرنگە چارەنووسی گەریلاکان لە قەندیل، هاونیشتمانییان لە کەمپی مەخموور روون بکرێتەوە؛ هەروەها دەبێت پرسی هەزاران زیندانیی سیاسی یەکلایی بکرێتەوە.

بوڵدان گوتی، ئۆجەلان "دەیەوێ لەگەڵ رۆژنامەڤانان کۆببێتەوە و پرۆسەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بۆ رای گشتی باس بکات. نیازی وایە لەگەڵ تیمێکی رۆژنامەڤانان دابنیشێت و گفتوگۆ بکات و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بدات."

پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی و پشتگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیپێکرا.

رۆژی دووشەممە، 16-2-2026، شاندی ئیمراڵی دوایین دداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد.

بابەتی هاوشێوە