دادگای فیدڕاڵی کۆتایی بەم خولەی پەرلەمان هێنا و حکومەتی عێراقی کردە کاربەڕێکەر

17.11.2025
جەماوەر نیوز
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کۆتایی بە کارەکانی پەرلەمانی عێراق هێنا وبڕیاری گۆڕینی حکومەتی بۆ حکومەتێکی كاربەڕێكەردا کە دەسەڵاتی سنووردار بێت، هاوکات پشتڕاستیکردەوە کە سەرۆکی کۆمار بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە وەڵامی داوایەكی سەرۆك كۆماردا سەبارەت بە لێكدانەوەی ماددەی ٥٦ـی دەستوور رایگەیاند، لە رۆژی دەنگدانی گشتییەوە، ویلایەتی پەرلەمانی پێشوو كۆتایی دێت و دەسەڵاتی لە دانانی یاسا و چاودێریكردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێكردن تەواو دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە رۆژی دەنگدانی گشتییەوە، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە دەبن بە دەسەڵاتی سنووردار لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە، كە خۆی دەبینێتەوە لە گرتنەبەری ئەو بڕیار و رێكارانەی كە نابێت دوابخرێن و گەرەنتی بەردەوامبوونی كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەن بەشێوەیەكی سیستماتیك، واژۆکردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و گرێبەستكردن ناچنە ناو ئەو بڕیارانەوە.

لە نووسراوەکەی دادگای فیدراڵیدا ئەوەش هاتووە، بەوپێیەی بەشێكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت لە كارەكەی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و كۆبوونەوەی.

بابەتی هاوشێوە