لاڤرۆڤ: گۆتێرێس واقیعەکانی ئۆکرانیا پشتگوێ دەخات و پشتگیری لە گێڕانەوەی شێواوی ڕۆژئاوایی دەکات

17.09.2025
جەماوەر نیوز
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕەخنەی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان گرت، بەوەی کە لە ئۆکرانیا، ڕاستییەکانی سەر زەوی پشتگوێ خستوە و جەختی لەوەکردەوە کە ڕوسیا هەرگیز خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانج.

سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی گفتوگۆیەکی مێزی دەوریدا سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا کە باڵیۆزەکانی دەرەوە بەشدارییان تێدا کرد، ڕایگه‌یاند، نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادە نییە زانیاری ڕون پێشکەش بکات، هەروەها ئەمینداری گشتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس چاوپۆشی لەو پرسیارە ده‌كات سەبارەت بە ناوی "ئەو کەسانەی کە گوایە خاوەنی تەرمی قوربانیانی شاری بوچای ئۆکرانیا بون".


وتیشی، "گوتێرێس دوپاتی دەکاتەوە کە کاتی ئاگربەستە بە پابەندبون بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، هەروەها پشتیوانی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەکات لە پێویستی کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا لەو ناوچانەی کە گەلەکەیان دەنگیان داوە بۆ پەیوەستبون بە ڕوسیا".

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی ڕۆژئاوا لە کۆنتڕۆڵکردنی پێگە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، هەوڵدەدەین چاکسازی لە ڕێکخراوەکەدا بکەین بۆ ئەوەی سودی بۆ هەموان بێ جیاوازی هەبێت".

په‌یوه‌ست به‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوان تره‌مپ و پوتن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا وتی، "دیدارەکەی نێوان سەرۆکەکانی ڕوسیا و ئەمریکا یارمەتی ئیدارەی ئەمریکایدا بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆخه‌كه‌ بەتایبەت سەرۆک تره‌مپ، چونکە ئەو تاکە ئەندامی ناتۆ بو کە ڕایگەیاندبو، پەیوەستبونی ئۆکرانیا بۆ هاوپەیمانییەکە یەکێکە لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان".

هاوكات ئۆكرانیای تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی هه‌وڵی تێكدانی گفتوگۆكان ده‌دات و وتی، کیێڤ "هەوڵدەدات بۆ تێکدانی پرۆسەی ئێستای چارەسەرکردنی کێشەکان به‌ سەرکردایەتی ئەمریکا و چالاکانە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەمو پرۆسەکانی ئاشتی ڕۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ