بەریتانیا سیستمی پەنابەریی توندتر دەکات: دەبێت پەنابەر 20 ساڵ چاوەڕوانبێت

16.11.2025
جەماوەر نیوز
حکومەتی بەریتانیا خەریکی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی پەنابەریدا، کە بەپێی پلانە نوێیەکان، ئەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرێت، دەبێت 20 ساڵ چاوەڕێ بکەن دوای ئەوە دەتوانن داوای مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکەن.

شەبانا مەحمود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بڕیارە رۆژی دووشەممە وردەکاریی ئەم چاکسازییە رابگەیەنێت کە بە "گەورەترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچدا لە مێژووی هاوچەرخدا" وەسفکراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە کە بە بەلەمی بچوک دەپەڕنەوە و داوای مافی پەنابەری دەکەن.


مافی مانەوەی کاتی: بەپێی پلانی نوێ، ئەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرێت، تەنها مافی مانەوەی کاتییان لە بەریتانیا دەبێت. پێگەی پەنابەرییان بەشێوەیەکی بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئەگەر وڵاتی دایکیان بە "ئارام" هەژمار کرا، داوایان لێدەکرێت بگەڕێنەوە.

درێژکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی: لە ئێستادا، پەنابەران دوای پێنج ساڵ مانەوە دەتوانن داوای مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (Indefinite Leave to Remain) بکەن. بەڵام بەپێی پلانی نوێ، ماوەی سەرەتایی لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ و نیو کەم دەکرێتەوە و دواتر بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، لە هەمان کاتدا ماوەی چاوەڕوانی بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە پێنج ساڵەوە بۆ 20 ساڵ درێژ دەکرێتەوە.


ئامانجی حکومەت لەم پلانە چییە؟

شەبانا مەحمود بە رۆژنامەی "سەندی تایمز"ی راگەیاندووە، "ئەم چاکسازیانە بۆ ئەوە داڕێژراون کە بە خەڵک بڵێین: وەک کۆچبەرێکی نایاسایی مەیەنە ئەم وڵاتە، سواری بەلەم مەبن." وتیشی: "کۆچی نایاسایی وڵاتەکەمان پەرتەوازە دەکات" و ئەرکی حکومەتە کە "وڵات یەکبخاتەوە."

ئەم سیاسەتە نوێیە لەسەر مۆدێلی دانیمارک داڕێژراوە، کە یەکێک لە توندترین سیستمەکانی پەنابەری و کۆچی لە ئەوروپادا هەیە و لەوێش پەنابەران مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان پێدەدرێت.


ئەنجومەنی پەنابەران: ئینڤەر سۆلۆمۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران، رایگەیاندووە کە ئەم پلانە لەبری رێگریکردن لە کۆچبەران، "خەڵک بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە دڵەڕاوکێ و بێئومێدیدا دەهێڵێتەوە."

لیبراڵ دیموکراتەکان: ماکس ویلکینسن، وتەبێژی حزبی لیبراڵ دیموکرات بۆ کاروباری ناوخۆ، رایگەیاندووە "گونجاوە کە حکومەت بەدوای رێگەی نوێدا بگەڕێت بۆ چاککردنی ئەو سیستمە شپرزەیەی کە پارتی پارێزگاران دروستی کردووە."


بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 12 مانگی منتهی بە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، 109343 کەس لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 17% زیادیکردووە. لە ساڵی 2025شدا زیاتر لە 39,000 کەس بە بەلەمی بچوک گەیشتوونەتە بەریتانیا.

بابەتی هاوشێوە