گەندەڵییەکی ملیاریی فلیپینی هەژاند و هەزاران کەسی هێنایە سەر شەقام

16.11.2025
جەماوەر نیوز
دەیان هەزار هاووڵاتی لە مانیلای پایتەختی فلیپین، دەستیان بە خۆپیشاندانێکی فراوان کردووە و داوای لێپرسینەوە دەکەن لە گەندەڵییەکی گەورە کە پەیوەستە بە پڕۆژەکانی کۆنترۆڵکردنی لافاو و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای حکومەت، لەنێویاندا هاوپەیمانەکانی سەرۆک فێردیناند مارکۆسی کوڕ.

خۆپیشاندانەکە کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، نوێترین کاردانەوەی توڕەیی گشتییە دوای ئاشکرابوونی ئەوەی کە هەزاران پڕۆژەی رێگریکردن لە لافاو لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا، یان بە کەرەستەی کوالێتی نزم دروستکراون یان هەرگیز بوونیان نەبووە و "پڕۆژەی وەهمی" بوون.

پۆلیس رایگەیاندووە کە نزیکەی ٢٧ هەزار ئەندامی کەنیسەی مەسیح (Iglesia Ni Cristo) لە مانیلا کۆبوونەتەوە و دروشمی دژە گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە. وتەبێژی کەنیسەکە رایگەیاند، ئامانجیان "دەربڕینی هەستی ناڕەزایەتی و پاڵپشتیکردنی ئەو دەنگانەیە کە ئیدانەی ئەو خراپە گەورەیە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومەت تێیدا تێوەگلاون."

توڕەیی هاووڵاتییان دوای ئەوە زیاتر بوو کە زریانەکانی ئەم دواییە زیانێکی گەورەیان بە ناوچە بەرفراوانەکانی وڵات گەیاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 259 کەس.

وەزارەتی دارایی فلیپین مەزەندەی کردووە کە وڵاتەکەی لە نێوان ساڵانی 2023 و 2025دا، بەهۆی گەندەڵییەوە لە پڕۆژەکانی کۆنترۆڵکردنی لافاودا، نزیکەی 118.5 ملیار پێسۆ (بەرامبەر بە 2 ملیار دۆلار) زیانی بەرکەوتووە.

لیژنەیەکی بەدواداچونی راستیەکان سکاڵای تاوانی دژی37 کەس تۆمارکردووە، کە سیناتۆر، ئەندامانی کۆنگرێس و بازرگانی دەوڵەمەندیان تێدایە. هەروەها سکاڵا لە دژی 86 بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیناسازی و نۆ بەرپرسی حکومی تۆمارکراوە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج بە بەهای نزیکەی 9 ملیار پێسۆ (153 ملیۆن دۆلار).


لە نێو تۆمەتبارەکاندا، کەسایەتیی دیاری نزیک لە مارکۆس هەن، لەوانە مارتین رۆمواڵدێز، ئامۆزای سەرۆک و سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها چیز ئێسکۆدێرۆ، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پیران. هەموو ئەوانەی تۆمەتبارکراون، رەتیانکردووەتەوە هیچ کارێکی هەڵەیان کردبێت.

سەرۆک مارکۆس بەڵێنیداوە کە ئەوانەی لەم گەندەڵییەدا تێوەگلاون، پێش پشووەکانی کریسمس دەخرێنە زیندانەوە و جەختیکردەوە کە "کەس لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر ناکرێت." سەبارەت بە ئامۆزاکەی وتی، "هێشتا" هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە، بەڵام دوپاتیکردەوە: "ئێمە دۆسیە بۆ نمایشکردن ناجوڵێنین، بەڵکو بۆ ئەوەی خەڵک بخەینە زیندانەوە."

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، هەندێک لە لایەنگرانی سەرۆکی پێشوو، رۆدریگۆ دۆتێرتی، داوایان لە سوپا کردبوو کە پشتگیریی خۆی بۆ مارکۆس بکشێنێتەوە. بەڵام ژەنەراڵ رۆمیۆ براونەری بچوک، سوپاسالاری فلیپین، ئەو داوایانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دڵنیایی دەدەمە گەل کە هێزە چەکدارەکان بەشداری لە هیچ کارێکدا ناکەن کە پێشێلی دەستور بکات. نە ئەمڕۆ، نە سبەی."

بابەتی هاوشێوە