هاکان فیدان: بونی سوپای تورکای لە سوریا تەواو ئاساییە و مەبەست لێی سەقامگیری ناوچەکەیە

17.11.2025
جەماوەر نیوز
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بوونی تورکیا لە سوریا "تەواو ئاساییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیەوە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیژیەوە  مامەڵە دەکات.
هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی وڵاتەکەی رایگەیاندوە ، "تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیجی خۆی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکەدا مامەڵە دەکات، بونی سوپای وڵآتەکەشی لە سوریادا بە مەبەستی سەقامگیریە لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیوەندیان لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامە  سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریادا و جەختیکردوەتەوە لە پێویستی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک  کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون بەهۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سوریادا و وەزیرەکەی تورکیا راشیگەیاندوە؛ ئامانجی تورکیا رێزگرتنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری سوریا.
پێشتریش فیدان رایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی  هەسەدەو حکومەتی کاتی سوریا بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

بابەتی هاوشێوە