نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان : به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ 12 هه‌زار منداڵ له‌جیهاندا بونه‌ته‌ قوربانى

30.07.2019
جەماوەر نیوز
 
ڕاپۆرتێکى نوێى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ى ساڵى ڕابوردوودا زیاتر له‌ 12 هه‌زار منداڵ به‌هۆى شه‌ڕو ناکۆکییه‌وه‌ زۆرترینیان له‌ ئه‌فغانستان، ناوچه‌ى فه‌له‌ستینییه‌کان، سوریا و یه‌مه‌ن کوژراون و بریندار بوون.

ڕاپۆرته‌که‌ ده‌ڵێت کوشتن و برینداربوون به‌شێکن له‌ 24 هه‌زار سه‌رپێچى تر که‌ دژى منداڵان کراون له‌وانه‌شدا به‌کارهێنانى منداڵ بۆ شه‌ڕ، توندوتیژى سێکسی، ڕفاندن و هێرشکردنه‌ سه‌ر خوێندنگاو نه‌خۆشخانه‌کان.

به‌ پێى ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس بۆ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌سه‌ر منداڵان و شه‌ڕ، سه‌رپێچییه‌کانى گروپه‌ چه‌کداره‌کان هه‌ر وه‌کو خۆیان ماون به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رچاو ژماره‌ى سه‌رپێچییه‌کانى حکومه‌ت و هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى 2017 زیادیان کردووه‌.

ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ و چاودێرى منداڵان له‌ ناکۆکى چه‌کدارى که‌ گروپێکى داکۆکى نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، ئاماژه‌ به‌ هاوپه‌یمانى به‌ ڕێبه‌رایه‌تى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ده‌کات بۆ زیادبوونى زیانه‌کانى منداڵان له‌ یه‌مه‌ن.

لویس کاربۆنیۆ به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت " هاوپه‌یمانى به‌ ڕێبه‌رایه‌تى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ له‌ ساڵى 2015 وه‌ سه‌رپێچییه‌کى زۆرى دژ به‌ منداڵان له‌ یه‌مه‌ن ئه‌نجام داوه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک هه‌بێت که‌ هه‌وڵى دابێت ڕه‌فتاره‌کانى خۆى باشتر بکات و جارێکى تر له‌ ڕیزبه‌ندى چاکسازییه‌کاندا هه‌ر له‌' زۆر خراپ نییه‌'دا دابنرێت ئه‌وا سکرتێرى گشتى گاڵه‌ به‌ ته‌واوى پرۆسه‌که‌ ده‌کات."

له‌و ڕاپۆرته‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا هاتووه‌ زۆرترین سه‌ر پێچى دژى منداڵان له‌ ساڵى 2018 له‌ ئه‌فغانستان کراوه‌ و ژماره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى کوژراو برینداربوون 3،062 منداڵن و ئه‌مه‌ش ده‌کاته‌ له‌ سه‌دا 28 ى زیانى گیانى خه‌ڵکى سڤیل له‌و وڵاته‌دا. هاوکات له‌ سوریا به‌هۆى هێرشه‌ ئاسمانییه‌کان و هێرشى بۆمبى به‌رمیلى و هێرشى بۆمبى تر 1،854 منداڵ کوژراو و بریندار بوون و له‌ یه‌مه‌نیش 1،689 منداڵ کوژراو و بریندار بوون به‌هۆى شه‌ڕى زه‌مینى و هێرشه‌کانى تر.

له‌ ناکۆکییه‌کانى نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌کان له‌ ساڵى 2018 دا 59 منداڵى فه‌له‌ستینى کوژراون و 2،756 منداڵیش بریندار بوون ئه‌مه‌ش زۆرترین ئاماره‌ له‌وه‌تاى ساڵى 2014 وه‌. له‌ هه‌مان کاتدا شه‌ش منداڵى ئیسرائیلى بریندار بوون.

گۆتێرێس ده‌ڵێت نیگه‌رانییه‌کى زۆرى هه‌یه‌ له‌مه‌ێ‌ زیادبوونى ژماره‌ى برینداره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رچاو له‌ ناویاندا ئه‌وانه‌ش که‌ به‌ هۆى گازى فرمێسکڕژێن بریندار بوون. ئه‌و داواشى له‌ نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان نیکۆلاى ملادینۆڤ کرد که‌ له‌و دۆسێیانه‌ بکۆڵێته‌وه‌ که‌ به‌هۆى هێزى ئیسرائیلییه‌وه‌ ڕوویانداوه‌ و داواشى له‌ ئیسرائیل کرد " ده‌ستبه‌جێ هه‌نگاوبنێت بۆ کۆتایى هێنان به‌ به‌کارهێنانى هێزى له‌ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ر."

جۆ بێکه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى داکۆکیکردن له‌ مافه‌کانى منداڵان له‌ ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ نیگه‌رانى ده‌ربڕى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئیسرائیل، هێزى نێونه‌ته‌وه‌یى به‌ ڕێبه‌رایه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان و له‌شکرى ئه‌فغانى نه‌کراونه‌ته‌ نێو لیستى " شه‌رمه‌زاری". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت گۆتێرێس له‌شکرى نیشتمانى سۆمالیا ستایش کردووه‌ بۆ پاراستنى منداڵان له‌ کاتێکدا سه‌رپێچییه‌کان له‌وێ زیادیان کردووه‌.




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا