ده‌قى وتارى وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفاکراوان له‌یادى 36 ساڵه‌ى تاوانى جینۆسایدى بارزانیه‌کان

31.07.2019
جەماوەر نیوز
به‌رێز عه‌بدوڵاى حاجى مه‌حمود، وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕێوڕه‌سمى 36 ساڵه‌ى یادى ئه‌نفالى بارزانییه‌کان وتارێکى پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند : ئه‌مرۆ 36 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر تاوانێکى گه‌وره‌ى دژ به‌ به‌هاکانى ئایین  و سروشت و مرۆڤایه‌تی، تاوانى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان که‌ تێیدا ۸ هه‌زار مرۆڤى بێتاوان ته‌نها به‌هۆى کوردبوون و مێژووى به‌رگریکردن و تێکۆشان جینۆسایدکران.

ده‌قى وتارى وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان :

به‌ڕێزان / جه‌نابى  سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان 
               سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان 
            سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان
            جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق
           نوێنه‌رانى لایه‌نه‌سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان وعێراق
         نوێنه‌رانى وڵاتان و کونسوڵگه‌ریه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان
        رێکخراوه‌ جیهانیه‌کان و رێکخراوه‌ کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى 
         ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران 
        میوانه‌ به‌رێزه‌کان به‌خێرهاتنى هه‌مولایه‌کتان ده‌که‌ین .
            
به‌ڕێزان که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدا.... 
‎ماڵباتى سته‌م لێکراو وئازارچه‌شتووى قوربانییانى جینۆسایدى بارزانیه‌کان .

‎شۆڕه‌سوارانى مقاوه‌مه‌ى سیاسه‌تى ئاگر و ئاسنى ڕژێمى فاشیستى به‌عسى ڕووخاو
‎ئه‌مرۆ 36 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر تاوانێکى گه‌وره‌ى دژ به‌ به‌هاکانى ئایین  و سروشت و مرۆڤایه‌تی، تاوانى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان که‌ تێیدا ۸ هه‌زار مرۆڤى بێتاوان ته‌نها به‌هۆى کوردبوون و مێژووى به‌رگریکردن و تێکۆشان جینۆسایدکران.

کۆمه‌ڵکوژى بارزانییه‌کان سه‌ره‌تاى پیلانێکى گه‌وره‌ بوو بۆ له‌ناوبردن و پاکتاوى ره‌گه‌زى گه‌لێک که‌ ده‌یویست له‌سه‌ر خاکه‌که‌ى خۆى به‌ ئاشتى وئازادى بژی.

 دوژمنانى کورد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ مه‌ڵبه‌ندى تێکۆشانى سه‌ده‌یه‌ک خه‌بات و زێدى شۆڕشگێڕانیان له‌ بارزان کرده‌ ئامانج و هه‌ر له‌دواى رێکه‌وتننامه‌ى شوومى جه‌زائیره‌وه‌ ده‌ستیان پێکرد.

‎ساڵى 1977 هه‌زاران خێزانیان به‌ره‌و دیوانییه‌ و شاره‌کانى باشوورى عێراق ڕاگوێزا، به‌خه‌یاڵى خۆیان بۆ ئه‌وه‌ى دایان ببڕن له‌ چیا و گونده‌کانیان وده‌رفه‌ت نه‌مێنێته‌وه‌ بۆ خه‌بات و مقاوه‌مه‌ت. دواتر بۆ ئۆردوگاکانى قوشته‌په‌ و به‌حرکه‌و هه‌ریر و گۆڕه‌توو ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر گوێزرانه‌وه‌.
‎سه‌ره‌ڕاى به‌رخودان و باوه‌ڕى به‌رزى خه‌باتکارانه‌ى بارزان و پشتیوانیى خه‌ڵکى ناوچه‌کانى کوردستان و به‌تایبه‌تیش هه‌ولێرى خانه‌خوێى خه‌باتکاران ، به‌ڵام پیلانى نه‌خوازراوى رژێمى ره‌فتار فاشیستى به‌عسى رووخاو به‌رده‌وام بوو بۆ ئه‌نجامدانى تاوانێک که‌ له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا بێ وێنه‌ بوو.

‎له‌ کۆتایى ته‌موزى ساڵى 1983 یه‌که‌مین قۆناغى ڕه‌شبگیرى  بارزانیه‌کان ده‌ستپێکرد و به‌ سێ قۆناغ و له‌ ماوه‌ى 12 ڕۆژدا 8هه‌زار مرۆڤى بێتاوان له‌ بیابانه‌کاندا بێسه‌روشوێن کران. دواى ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕژێمى به‌عس له‌سه‌ر پیلان و به‌رنامه‌ى داڕێژراوى له‌ سڕینه‌وه‌ و قڕکردنى گه‌لى کوردستان به‌رده‌وامبوو به‌کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تر و وێرانکردنى گونده‌کان و ڕاگواستن و پرۆسه‌ى فراوانى ئه‌نفال له‌ ساڵى 1988 که‌ به‌ پێى ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌ ڕاست و دروستانه‌ى که‌ هه‌ن ئه‌وه‌ى له‌ هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو به‌رامبه‌ر به‌ کورد کراوه‌  جینۆسایده‌ و به‌وه‌ش گه‌لى کوردستان ده‌چێته‌ ئاستى ئه‌و گه‌لانه‌ى که‌ زۆرترین تاوانى کۆمه‌ڵکوژییان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام دراوه‌. 

خوشک و برایانى خۆشه‌ویست :
 ئه‌مڕۆ که‌ ئه‌م یاده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ هێشتا ڕوفاتى به‌شێکى زۆرى ئازیزانمان له‌ بیابانه‌کاندا گۆره‌کانیان نادیاره‌ و له‌ ئێستاشدا تیمه‌کانى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ چوارچێوه‌ى تیمى نیشتیمانى عێراقى فیدراڵدا سه‌رقاڵن به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى چه‌ند گۆڕێکى به‌ کۆمه‌ڵ له‌ بیابانه‌کانى سه‌ماوه‌.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ڕۆڵى به‌رێز جه‌نابى کاک مسرور بارزانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رز بنرخێنین که‌ هه‌موو پشتیوانیه‌کى ده‌ربڕى بۆ وه‌زاره‌ت و هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالکراوان بۆ زێدى باب و باپیرانیان .

که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان :
‎هه‌رچه‌نده‌ زیانه‌کانى جینۆساید و ده‌رئه‌نجامه‌ تاڵه‌کانى زامێکى قوڵى جه‌سته‌ى ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ن و ساڕێژبوونیان ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام مایه‌ى شانازییه‌ بۆ ئێوه‌ و میلله‌ته‌که‌مان که‌ ئه‌و نه‌مرانه‌ له‌ به‌هه‌شتى یادو زاکیره‌ى به‌کۆمه‌ڵى ملیۆناندا زیندوون و سه‌رچاوه‌ى ئیلهامى ژیان و به‌رخودانن و تاوانبارانیش له‌ دۆزه‌خى بیره‌وه‌رى مرۆڤایه‌تى و مێژوودان.
‎ئێمه‌ش له‌ وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى حکومه‌ت هه‌موو تواناکانمان ده‌خه‌ینه‌کار تا خزمه‌تى شایسته‌ پێشکه‌ش به‌ ماڵبات و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و زیندانیانى سیاسى بکه‌ین.

‎هه‌ر له‌م یاده‌دا داوا له‌ حکومه‌تى عێراقى فیدراڵ ده‌که‌ین هه‌رچى زووه‌ قه‌ره‌بووى زیانلێکه‌وتووانى ده‌ستى ڕژێمى پێشوو بکاته‌وه‌ و کاربکات به‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستور به‌تایبه‌ت مادده‌ى ( 132) بۆ ژیانێکى شایسته‌ و هاوتاو و هاوبه‌ش و پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردنى  ئاشتییانه‌ .
‎داواش له‌ گۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤى جیهانیى ده‌که‌ین تاوانه‌کانى کۆمه‌لکوژى ئه‌م ناوچه‌یه‌ هاوشێوه‌ى هۆلۆکۆست و قه‌تڵ و عامه‌کانى ترى مێژووى مرۆڤایه‌تى به‌ جینۆساید بناسێنن .

جێگاى خۆیه‌تى سوپاسى ئه‌و ووڵاتانه‌ش بکه‌ین که‌ به‌جدى کاریان کردووه‌ و هاوکار و پشتیوان بوون بۆ به‌ جینۆساید ناساندنى تاوانه‌کانى ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌.

نه‌مرى بۆ قوربانییانى جینۆسایدى بارزانییه‌کان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى رێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان...
 سه‌ربه‌رزى و شکۆمه‌ندى بۆ که‌سوکاریان...

31 ى ته‌موزى 2019

    عبدالله‌ حاجى محمود
وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان