خانووه‌ کۆنه‌کانى سلێمانى له‌ناوچون ده‌پارێزرێن

31.07.2019
جەماوەر نیوز
له‌ سلێمانى ده‌یان خانووى دێرین و شوێنى که‌له‌پورى و مێژووى له‌به‌رده‌م مه‌ترسى له‌ناچوندان و قائیمقانى سلێمانیش ده‌ڵێت :پاراستنى ئه‌و شوێنه‌ مێژویانه‌ ئه‌رکێکى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى گرنگه‌و وه‌ک  حکومه‌تى خۆجێى سلێمانى هه‌موو توانایه‌کیان ده‌خه‌نه‌گه‌ێ‌ بۆ پاراستنى ئه‌و شوێنه‌ دێرینانه‌ى سلێمانى و رێگرى کردن له‌ مه‌ترسى له‌ناوچونیان ,

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 31ته‌موزى 2019 ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى به‌ ئامانجى له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ پرۆسه‌ى پاراستنى شوێنه‌ مێژووى و کلتورییه‌کانى سلێمانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى پاراستنى شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانى سه‌ربه‌لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى چه‌ند خانوو شوێنێکى دێرین و که‌له‌پورى به‌سه‌رکرده‌وه‌ که‌ به‌شێکیان به‌هۆکارى جیا له‌ به‌رده‌م مه‌ترسى له‌ناوچوندان ,

قائیمقامى سلێمانى و لیژنه‌ى شوێنه‌وار له‌ گه‌ڕه‌که‌ دێرینه‌کانى سلێمانی"جوله‌کان ,سه‌رشه‌قام , سابوونکه‌ران ,مه‌ڵکه‌ندی"  خانوو شوێنه‌ دێرینه‌کانى " ئه‌حمه‌دى قۆبچه‌ , ئیسحاق شه‌معون , حسێًن ئاغاى حاجى ره‌شید , عوسمان چاوش , سۆفى که‌ریم و باره‌گاى شێخ مه‌حمود و ماڵى مێجه‌ر سۆن"یان به‌سه‌رکرده‌وه‌,

  له‌و به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌دا قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند: گه‌ڕه‌ک و شوێنه‌ دێرین و کلتورییه‌کان مێژووى شارستانى و پێشکه‌وتنى خه‌ڵکى ئه‌م سلێمانى نیشان ده‌دات و پاراستنیان ئه‌رکێکى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى گه‌وره‌یه‌ , له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ووتی: ئه‌وه‌ى ئه‌رکى حکومه‌ت بێت بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنه‌ کلتورى و مێژوویانه‌ هه‌نگاوى پێویستیان له‌باره‌وه‌ ده‌نرێت , به‌ڵام پاراستنى گه‌ڕه‌ک و شوێنه‌ دێرینه‌کان پێویستى به‌ هه‌وڵى خه‌مخۆرانه‌ى هه‌موو لایه‌که‌, داواشى له‌ هاوڵاتیانى سلێمانى کرد وه‌ک ئه‌رکێکى نیشتمانى بۆ پاراستنى شوێنه‌ مێژوویه‌کانى ئه‌م شاره‌ دڵسۆزانه‌ رۆڵى گرنگى خۆیان ببین و هاوکاربن له‌ پرۆسه‌ى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ و پاراستنى شوێنه‌ کلتورى و مێژوویه‌کان,

ئاوات محه‌مه‌د ئه‌و خانوو شوێنه‌ دێرینانه‌شى به‌سه‌رکرده‌وه‌ که‌ به‌شێکیان به‌هۆکارى جیا له‌ به‌رده‌م مه‌ترسى رووخان و له‌ناوچوندان , قائیمقامى سلێمانى له‌م باره‌یه‌وه‌ ووتى : رێگرى له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن که‌ بیانه‌وێت بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌تى مێژوو کلتوورى ئه‌م شاره‌ له‌ناوببه‌ن, رێگرى له‌ هه‌ر هه‌وڵێک ده‌که‌ن که‌ مێژوو شارستانى سلێمانى بکاته‌ ئامانج ,له‌م رووه‌شه‌وه‌ داواى له‌ لیژنه‌ى پاراستنى شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانى سه‌ربه‌لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى کرد رێکارى یاسایى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا بگرنه‌به‌ر که‌ بیانه‌وێت به‌بێ ره‌چاوگرتنى مێژووى شارستانى ئه‌م شاره‌ زیان به‌ شوێنه‌ دێرین و مێژوویه‌کانى سلێمانى بگه‌یه‌نن ,

قائیمقامى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش کرد بۆ پاراستنى خانوو شوێنه‌دێرینه‌کانى سلێمانى و رایگه‌یاند: له‌ ساڵى 2005 ه‌وه‌ تا ئێستا "14" خانوو له‌ سلێمانى له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ کڕدراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر موڵکى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى سلێمانى و "7" خانویان له‌سه‌ر شێوه‌ازه‌ دێرینه‌که‌ى نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه‌  و له‌ناوچون پارێزراوه‌ , روونشى کرده‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایى له‌ چه‌ند ساڵى رابردوو پڕۆسه‌ى کڕین و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى خانوو شوێنه‌دێرینه‌کانى سلێمانى گرفتى بۆ دروست بووه‌ , به‌ڵام ئێستا هه‌وڵێکى نوێ له‌ ئارادایه‌ بۆ دووباره‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى به‌شێک له‌و خانووانه‌ى که‌ بڕیارى  نۆژه‌نکردنه‌وه‌یان دراوه‌ , له‌باره‌ى هه‌وڵه‌کان بۆ رێگرى کردن له‌ له‌ناوچونى ئه‌و خانوانه‌ى که‌ به‌شێکیان به‌هۆى کۆنى و به‌شێکى تریان به‌هۆکارى جیا له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوندان , ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى ووتى : پاراستنى ئه‌و شوێنه‌ مێژویانه‌ ئه‌رکێکى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى گرنگه‌و وه‌ک  حکومه‌تى خۆجێى سلێمانى هه‌موو توانایه‌کیان ده‌خه‌نه‌گه‌ێ‌ بۆ پاراستنى  شوێنه‌ دێرین و که‌له‌پورییه‌کانى سلێمانى و رێگرى کردن له‌ مه‌ترسى له‌ناوچونیان.