له‌ گوڵاڵه‌ ڕفاندن وبێ سه‌روشوێن کردنى هاوڵاتیان زیادى کردووه‌

01.08.2019
جەماوەر نیوز
دیار ئاواره‌

له‌ دواى داگیرکردنى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌،ڕووداوه‌کانى ڕفاندن وبێسه‌روشوێن کردنى هاوڵاتییان ڕوو له‌زیاد بونه‌.

شێرکۆ تۆفیق کارگێڕى لقی خانه‌قینى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند: له‌ دواى روداوى 16ى ئوکتۆبه‌ر وپاشه‌کشه‌کردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌که‌ ، ڕه‌وشى ئه‌منى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ به‌ده‌ست چه‌کدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تى تێکچووه‌ وڕووى له‌خراپى کردووه‌، ڕفاندنى هاوڵاتیان وبێسه‌روشوێن کردن و دزین وسه‌رانه‌ له‌خه‌ڵک وه‌رگرتن وته‌قینه‌وه‌ى بۆمبی چێنراو ڕووى له‌ زیادبوون کردووه‌ ،ئه‌و ڕووداوانه‌ش ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبى تێدایه‌و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کانى شاره‌دێیه‌که‌ش ئاگادارى ڕه‌فتاره‌کانى حه‌شدى شه‌عبین به‌ڵام ناوێرن ده‌نگ بکه‌ن.

وتیشى: حه‌شدى شه‌عبی هه‌وڵه‌کانیان چڕ کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه‌ کوردانه‌ى که‌له‌سه‌ره‌تاى روداوى 16ى ئوکتۆبه‌ر وپاشه‌کشه‌کردنى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاواره‌بوون وئێستا ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ،ڕێگریان لێده‌که‌ن ،به‌تایبه‌ت ئه‌و خێزانانه‌ى که‌پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه‌ وئه‌وه‌شى بگه‌ڕێته‌وه‌ حه‌شد ده‌چێته‌ سه‌رى وهه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستدرێژى و ڕفاندن وبێسه‌روشوێن کردنى لێده‌کات ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌کى کورتدا ماڵ وحاڵى جێ نه‌هێڵێت ، ئه‌وه‌ى ئێستا حه‌شد له‌ ناوچه‌که‌ ئه‌نجامی ده‌دات که‌متر نییه‌ له‌ تاوانه‌کانى داعش ،چونکه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌ن به‌ ڕۆژ حه‌شده‌ شه‌عبیین وبه‌شه‌ویش داعشن .

شێرکۆ تۆفیق ئاماژه‌شى به‌وه‌کرد  که‌ حه‌شدى شه‌عبى ده‌سه‌ڵاتیان له‌ به‌ڕێووه‌به‌رى شاره‌دێیه‌که‌ وهێزه‌ ئه‌منییه‌کان زه‌وت کردووه‌ وهه‌ر هێزێکى ئه‌منى ڕووبه‌ڕووبویان ببێته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌رى وپه‌لامارى ده‌ده‌ن ، به‌ هۆى ئه‌وانیشه‌وه‌ ئاواره‌یه‌کى زۆر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وکه‌سیش ناوێرێت بگه‌ڕێته‌وه‌ چونکه‌ دڵنیانین له‌ ڕه‌وشى ئه‌منى شاره‌دێیه‌که‌ ومتمانه‌شیان به‌ حه‌شد وهێزه‌کانى دیکه‌ى عێراق نییه‌ وده‌زانن هه‌ر که‌سێک بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا توشى گرفت ده‌بێت ، یا تیرۆر ده‌کرێت ،یاخود ده‌ڕفێندرێت وبێ سه‌روشوێن ده‌کرێت .

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ دادوبێدادیانه‌ له‌ده‌ست چه‌کداره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى ونازانن ڕوو له‌ کوێ بکه‌ن چونکه‌ بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌و حه‌شدانه‌ ته‌نها بۆ وتاڵان کردن وڕفاندنى هاوڵاتییان زیاتر بۆ هیچى دیکه‌ نه‌هاتونه‌ته‌ ناوچه‌که‌و له‌ گه‌ڵ تیرۆرستانى داعش ده‌ستییان تێکه‌ڵ کردووه‌ وکارى تیرۆریستى دژ به‌هاوڵاتییان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا دوو جار بۆمبى چێنراو له‌ سنورى شاره‌دێیه‌که‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌و بوه‌ هۆى گیان له‌ ده‌ستدان وبرینداربوونى چه‌ندین هاوڵاتى .

وتیشى: ته‌نها له‌ شاره‌دێى کوڵاڵه‌ نییه‌، له‌ ناوچه‌کانى دیکه‌ش حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستتان به‌ پێشلیکارییکردن وڕفاندنى هاوڵاتییان وسه‌رانه‌ وه‌رگرن کردووه‌ ، له‌و بازگانه‌ى که‌ ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه‌ له‌ خانه‌قیینه‌وه‌ تاکو ده‌گاته‌ کوڵاڵه‌ سه‌رانه‌ وپاره‌یه‌کى زۆر له‌و شۆفێره‌ بارهه‌ڵگرانه‌ ، به‌ تایبه‌ت شۆفێره‌ کورده‌کان وه‌رده‌گرن وهه‌رکه‌سێکیش سه‌رانه‌و پاره‌یان پێنه‌دات ئه‌وا ئۆتۆمبیله‌که‌ى لێده‌ستێنن وکێچه‌ڵى بێده‌که‌ن وئازارى ده‌ده‌ن .

هاوکات شێرکۆ تۆفیق ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، له‌ پاڵ چه‌کدارانى حه‌شدى شه‌عبیش گروپى چه‌کدارى دیکه‌ هه‌یه‌ که‌س نازانیت ئه‌وانیش حه‌شدن یاخود داعشن وله‌ ناوچه‌که‌ به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ وکارى توندوتیژى دژ به‌ هاوڵاتییان ئه‌نجامده‌ده‌ن وهێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش تواناى هیچیان نییه‌ له‌وه‌ى که‌ ئه‌وه‌ى سه‌رپێچى بکات ده‌ستگیر بکه‌ن ولێکۆڵێنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بکه‌ن ، ته‌نانه‌ت ناتوانن ڕێگرى له‌و ڕووداوانه‌ بکه‌ن که‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى سه‌رکێشى کردن بۆ هاوڵاتییانى ناوچه‌که‌.

سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگاداریش له‌ ناوچه‌که‌ به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند: حه‌شدى شه‌عبى له‌ گوڵاڵه‌ زیندانى تایبه‌تییان هه‌یه‌ وهه‌ر که‌سێک بڕفێنن له‌وێدا زیندانى ده‌که‌ن وئه‌شکه‌نجه‌ى ده‌ده‌ن ودواتر داواى پاره‌یه‌کى زۆر له‌ که‌س وکارى ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئازاد کردنى ، ئه‌وانه‌ش که‌ حه‌شد ده‌ستگیریان ده‌کات ڕه‌نگه‌ یه‌ک تا دووانیان تاوانباربن به‌ کارى دزى کردن، به‌ڵام زۆرینه‌یان بێتاوانن وته‌نها مه‌به‌ستى حه‌شدیش له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و کارى تۆقاندنى هاوڵاتیانى ناوچه‌که‌یه‌ و دواتریش وه‌رگرتنى پاره‌ لێیان.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشى:له‌ ئێستادا بۆ زۆرینه‌ى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ته‌نها که‌س ولایه‌ن بتوانیت بیانپارێزێت وڕێگرى له‌ کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کان بکات ته‌نها هێزى پێشمه‌رگه‌ یه‌ ، چونکه‌ هێزى پێشمه‌گه‌ له‌ ناوچه‌که‌ سه‌روماڵى هاوڵاتییانى ده‌پاراست نه‌ک وه‌ک ئه‌م چه‌ته‌و دزانه‌ که‌ خه‌ریکى دزى وڕفاندنى هاوڵاتییان وبێسه‌روشوێن کردنیانن.