وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق لیژنه‌ له‌سه‌ر زانكۆكانی هه‌رێم پێده‌هێنێت

02.08.2019
جەماوەر نیوز
وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لە نوسراوێکدا هەنگاوەکانی دانپێدانانی بەشێک لە زانکۆكانی هەرێم دەستپێدەکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم ئەم هەنگاوە بە دەستپێکێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانى نێوانيان دادەنێت.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى بەژمارە (٥١٦٤) لە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٩) بڕیارى پێکهێنانى سێ لێژنەى دراوە تایبەت بە هەڵسەنگاندنى پێداویستیەکانى دانپێدانان بە زانکۆکانى (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، ڕاپەڕین، کوردستان/هه‌ولێر، پۆلیتەکنیکى هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانى و پۆلیتەکنیکى دهۆک).
لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: پێشوازی لەم بڕیارەی حکومەتی عێراقی دەکەین و بەهەنگاوێکی گرنگی دادەنێین بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان.
ناوبراو وتیشی ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوانمان بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
جێگەى ئاماژەیە بەشێک لە زانکۆ تازەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی دانپێنرا نەبون، زۆر جار دەرچوانى ئەم زانکۆیانە دووچاری گرفت دەبوون لەکاتی پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەتایبەت لەو کاتانەی دەرچوان بۆ درێژەدان بەخوێندن ڕویان لە وڵاتە عەرەبیەکان دەکرد. لە ساڵانی ڕابردووش چەندین لێژنەی پسپۆر لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەمەبەستی هەڵسەنگادن سەردانی ئەم زانکۆیانەی کردوەو ڕاسپاردە و تێبێنی پێویستییان پێشکەش کردوە.

زۆرترین خوێندراو