له‌ سلێمانی به‌تۆمه‌تی‌ ڕفاندنی‌ كه‌سێك تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیرده‌كرێت

04.08.2019
جەماوەر نیوز
له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ كاتژمێر 1:30 خوله‌كی‌ شه‌وی‌ رابردو هاوڵاتییه‌ك په‌یوه‌ندی‌ به‌مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئوتومبیلێك له‌جۆری‌ (شۆفرلێت - تاهو - ڕه‌نگ ڕه‌ش) ته‌قه‌ی‌ له‌ئوتومبیلێك كردووه‌ له‌جۆری‌ (تویتا - كامری - رەنگ سپی‌)و دواتر شۆفێره‌كه‌ی‌ ڕفاندووه‌.
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پۆلیس هاتووه‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن ئوتومبیله‌ تاهۆکه‌یان دۆزییه‌وه‌، له‌شه‌قامی‌ 60 مه‌تری‌ به‌ره‌و شه‌قامی‌ پاركی‌ ئازادی‌ دوای‌ كه‌وتن‌و داوای‌ خۆڕادەستكردنیان لێکرد، به‌ڵام شۆفێره‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ خۆی‌ ڕاده‌ست نەکردو به‌ره‌و چواڕ ڕیانی‌ سه‌رچنار ڕۆشتووە بەتەقەکردن لەمەفرەزەکەی پۆلیس.
دواتر له‌به‌رده‌م چێشتخانه‌ی‌ شكار بازگه‌یه‌ك بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ دانرا، به‌ڵام تۆمه‌تبار به‌ئوتومبیله‌كه‌یه‌وه‌ خۆی‌ کێشا به‌ئوتومبیلی‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ پۆلیسداو به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ پۆلیس برینداربون‌و له‌ئێستادا باری‌ ته‌ندروستیان جێگیره‌، هه‌روه‌ها زیانیش به‌ر ئوتومبیله‌كه‌ی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن كه‌وتوە.
هه‌ر له‌وێدا توانرا شۆفێره‌ تۆمه‌تباره‌كه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بو ده‌ستگیر بکرێن و كه‌سه‌ فڕێنراوه‌كه‌ش ئازادكرا. ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێك له‌جۆری‌ ده‌مانچه‌.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی‌ له‌لایه‌ن تۆمه‌تباره‌كانه‌وه‌ ڕفێنرابو سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ر تۆمه‌تباره‌كان تۆماركردوه‌.
تۆمه‌تباره‌كان خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانین‌و له‌ئێستادا هه‌ردو تۆمه‌تبار (ب، ع، ع – م، ع، ج) به‌فه‌رمانی‌ به‌ڕێز دادوه‌ر ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.