له‌ ئۆهایۆ به‌هۆى ده‌سترێژى گولله‌وه‌ 9 که‌س کوژران و ده‌یان که‌سی تر برینداربوون

04.08.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مه‌ دووهه‌مین ده‌سترێژییه‌ که‌ له‌ ماوه‌ى که‌متر له‌ 24 کاژمێر له‌ ئه‌مه‌ریکادا ڕووده‌دات

پولیسى شارى ده‌یتان له‌ ئه‌یاله‌تى ئۆهایۆى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت چه‌کدارێک نۆ که‌سى کوشتووه‌ و لانى که‌م 26 که‌سى برینداریش بۆ نه‌خۆشخانه‌ ڕه‌وانه‌ کراون.

پولیسى ده‌یتان یه‌کشه‌مه‌ له‌ سه‌ر تویتر وتی: "پولیسه‌کانى ئێمه‌ له‌ نزیک شوێنى رووداوه‌که‌ بوون کاتێک ده‌سترێژیی گولله‌ ده‌ستى پێکرد و له‌ توانایان دا بوو وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ و به‌ خێرایى کۆتایى بۆ ئه‌و ده‌سترێژکردنه‌ بهێنن."

پولیس ده‌ڵین چه‌کداره‌که‌، که‌ هیشتا ناوى ئاشکرا نه‌کراوه‌، کوژراوه‌. ئاژانسى ئاسۆشیه‌تێدپرێس وته‌ى شاره‌دارى ده‌یتان گوته‌ى نان وه‌یلى دێنێته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت چه‌کداره‌که‌ به‌رگێکى زرێپۆشى له‌ به‌ردابوو و له‌ گه‌ڵ چه‌که‌که‌ى مه‌خزه‌نێکى زۆرى هه‌ڵگرتبوو.

ناوبراو ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پولیس ئاوا به‌ خێرایى وه‌ڵامى نه‌دابایه‌وه‌، "سه‌دان که‌س له‌ گه‌ڕه‌کى ئۆرێگن ئه‌مرۆ ده‌کوژران."

پولیس ده‌ڵێت "ئێف بى ئای" خه‌ریکه‌ له‌ ئه‌و بابه‌ته‌دا یارمه‌تى بکات.

ئه‌و ده‌سترێژییه‌ له‌ بنکه‌یه‌کى سه‌رگه‌رمى ئورێگان له‌ شاره‌که‌دا روویدا چه‌ند کاتژمێر دواى ئه‌وه‌ى له‌ شارى ئێل پاسۆ، ئه‌یاله‌تى تێگزاس شه‌مه‌ له‌ فرۆشگاى والمارت ته‌قه‌کرا، شوێنێک 20 که‌س کوژران و 26 که‌سى دیکه‌ برینداربوون.

یه‌کشه‌مه‌ى ڕابردوو چه‌کدارێک له‌ فستیڤاڵى گیلۆرى گاڕلیک له‌ کالیفۆرنیا ده‌سترێژى له‌ خه‌ڵک کرد و له‌ ئه‌نجام دا سێ که‌سى کوشت.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا