سه‌رۆک کۆمار جه‌خت له‌ گرنگى ڕێزگرتن له‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى هاووڵاتیان ده‌کاته‌وه‌

04.08.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمار به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ مرۆڤ سه‌رمایه‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌ر وڵاتێکه‌ و به‌ ڕێزگرتن له‌ مرۆڤیش پێشکه‌وتنى گه‌لان ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت.

سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 4-8-2019 له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد له‌ سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى مافه‌کانى مرۆڤ د.عه‌قیل موسه‌وى و شاندى یاوه‌ری.

له‌ میانى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک به‌رهه‌م ئاماژه‌ى به‌ پێویستى به‌دواداچوونى یاساکانى عێراق و به‌راوردکردنى له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ و ئه‌و ڕێککه‌وتن نامانه‌ى که‌ تایبه‌تن به‌ پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤ و عێراق په‌سه‌ندى کردووه‌، هه‌روه‌ها روونیشکرده‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار پشتیوانى له‌ پڕۆژه‌ یاساکانى تایبه‌ت به‌ پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌کات.

هاوکات سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى به‌گرنگیدان به‌و رێوشوێنه‌ یاسایانه‌ى که‌ ده‌گیرێنه‌ به‌ر سه‌باره‌ت به‌و سکاڵایانه‌ى که‌ هاووڵاتیانى پێشکه‌شى کۆمسیۆنى ده‌که‌ن، له‌ باره‌ى ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى که‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر هاووڵاتییان له‌ هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ بێت، هه‌روه‌ها به‌دواداچوونیان بۆ بکرێت و ئاڕاسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بکرێت، هاوکات جه‌ختیشیکرده‌وه‌ له‌ گرنگیدان به‌ داواى سته‌ملێکراوان، چونکه‌ سه‌رپێچى یاسا له‌ ڕووداوى بچوکه‌وه‌ ده‌سته‌پێده‌کات و پاشان فراوان ده‌بێت، له‌ به‌رئه‌وه‌ پێویستى به‌چاره‌سه‌رکردن ریشه‌یى هه‌یه‌.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا سه‌رۆک به‌رهه‌م ڕوونیکرده‌وه‌ که‌ ئه‌رکى حکومه‌ته‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى هاونیشتمانیان بپارێزێت، که‌ له‌ ده‌ستووردا ئاماژه‌ى پێکراوه‌ له‌ ئازادى و به‌شداریکردن له‌ دروستکردنى بڕیارى سیاسیدا، هاوکات ئاماژه‌شى کرد به‌گرنگى ڕێزگرتن له‌و بنه‌مایانه‌ و دابینکردنى که‌شێکى گونجاو بۆ هاووڵاتییانى عیراق له‌ پێناو ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌کانیان.

له‌لاى خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆک و ئه‌ندامانى کۆمسیۆن، به‌دور و درێژى باسیان له‌ چالاکى و ئامانجه‌کانى کۆمسیۆن کرد بۆ سه‌رۆک کۆمار، له‌گه‌ڵ گرنگترین ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى که‌ له‌ بوارى چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤ و دابینکردنى ئازادییه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى هاونیشتمانیاندا به‌بێ جیاوازی.