ترامپ داواى سزاى مه‌رگ ده‌کات بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ى کۆمه‌ڵکوژى ئه‌نجام ده‌ده‌ن

05.08.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا فه‌رمانى به‌ وه‌زاره‌تى دادى وڵاته‌که‌ى کرد پـرۆژه‌ یاسایه‌ک ئاماده‌بکه‌ن که‌ تیایدا سزاى مه‌رگ بسه‌پـێنرێت به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى تاوانى ڕق‌وکینه‌ و کۆمه‌ڵکوژى ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا  له‌ کۆشکى سپى وتارێکى پێشکه‌ش کرد سه‌باره‌ت بۆ هه‌ردوو ڕووداوه‌که‌ى ته‌کساس و ئۆهایۆ که‌ تیایاندا 29 که‌س کوژران و ده‌یان که‌سى دیکه‌ برینداربوون.

وتى ئه‌وانه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ده‌بێت زوو بڕیارى سزاى مه‌رگیان بۆ بدرێت و به‌ خێرایى جێبه‌جێ بکرێت وه‌ نه‌ک بۆ چه‌ند ساڵێک جێبه‌جێکردنه‌که‌یان دوابخرێت.

وتیشى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ى داواى له‌ ده‌زگاى لێکۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى FBI کردووه‌ ده‌ستنیشانى بکه‌ن که‌ چیان پـێویسته‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ تاوانى ڕق‌وکینه‌ و تێرۆرى ناخۆ.

ئاماژه‌ى بۆ مه‌ترسیـیه‌کانى ئنته‌رنێت کرد، به‌ تایبه‌تى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵایه‌تی، گوتى بوونه‌ته‌ ئامرازێک به‌ ده‌ست که‌سانى خراپه‌کاره‌وه‌. هه‌روه‌ها باسى له‌و یاریـیه‌ ئه‌لیکترۆنیانه‌ش کرد که‌ توندوتیژیان تێدایه‌ و کارێکى خراپ ده‌که‌نه‌ سه‌ر ده‌روونى گه‌نجان.

داواشى له‌ وه‌زاره‌تى داد کرد پـێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانى خۆجێـى و فیدراڵى و کۆمپانیاکانى سۆشیال میدیا کاربکه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و ڕێگه‌یانه‌ى ده‌توانرێت به‌هۆیانه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستنیشانبکه‌ن که‌ نیازى ئه‌نجامدانى کۆمه‌ڵکوژیـیان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها فه‌رمانى به‌ ده‌زگاکانى حکومه‌ت کرد ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌و که‌سانه‌ى جێى مه‌ترسین بۆ سه‌ر سه‌لامه‌تى گشتى ده‌ستیان به‌ چه‌ک بگات.

داواشى له‌ یاسادانه‌رانى کۆمارى و دیموکرات کرد پـێکه‌وه‌ کاربکه‌ن بۆ ڕێگه‌گرتن له‌م جۆره‌ تاوانانه‌.




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا