جه‌واد زه‌ریف : ئێران به‌رپرسه‌ له‌ ئاسایش و پاراستنى گه‌روى هورموز چاوپۆشى له‌ هیچ تاوانێکى ده‌ریایى ناکات

06.08.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند ئێران سه‌رپه‌رشتى ئاسایشى ته‌نگه‌ى هورموز ده‌کات و له‌مه‌ودوا چاوپۆشى له‌ هیچ " تاوانێکى ده‌ریایى " له‌و ناوچه‌یه‌دا ناکات، ئه‌مه‌ش ڕۆژێک دواى ئه‌وه‌ى ئێران ده‌ستى گرت به‌سه‌ر که‌شتیه‌کى دیکه‌دا به‌ تۆمه‌تى قاچاخکردنى سووته‌مه‌نی.

جێى ئاماژه‌یه‌ جموجۆڵى که‌شتیه‌ نه‌وت هه‌ڵگره‌کان له‌گه‌روى هورموز ئێستا بۆته‌ میحوه‌رى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان واشنتن و تاران که‌ ئێستا به‌ریتانیاش هاتۆته‌ ناو ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌وه‌. له‌ مانگى پێنجه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا بوونى سه‌ربازى خۆى له‌ که‌نداودا پته‌وترده‌کات.

ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنى ئێران بڵاویانکرده‌وه‌ که‌ کۆمارى ئیسلامى  ئێران ڕۆژى یه‌ک شه‌ممه‌ له‌ باکوورى ته‌نگه‌ى هورموز ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر که‌شتیه‌ک و هه‌ر حه‌وت ده‌ریاوانه‌که‌شیدا به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌وڵیداوه‌ سووته‌مه‌نى به‌ قاچاخ به‌رێت بۆ وڵاتانى که‌نداو.

زه‌ریف له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ تاران وتى : " ئێران ڕاهاتووه‌ چاو بپۆشێت له‌ هه‌ندێک تاوانى ده‌ریایی...له‌ که‌نداو به‌ڵام چیتر چاوپۆشى له‌ هیچ شتێک ناکات."

وتیشى " ئێران به‌رپرسه‌ له‌ ئاسایش و پاراستنى  گه‌روى هورموز و ناوچه‌که‌."