ترەمپ و هەوڵۆکانی

01.09.2019
جەماوەر نیوز
د. سه‌نگه‌ر سه‌یدقادر
لە ساڵی ڕابردودا ئیدارەکەی ترەمپ شڵەژانی تێکەوت،بەجۆرێک بە هۆی ناکۆکیانەوە لەگەڵ ترەمپدا تائێستا ٧٢ بەرپرس کۆشکی سپی و حکومەتی ئەمەریکا کابینەکەی ترەمپیان جێهێشتوە لە دیارترین ئەو بەرپرسانە ماک ماستەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ڕیک تیڵرسنی وەزیری دەرەوە و جیمیس ماتیسی وەزیری بەرگری بوون، کە ئەمانە بە باڵی میانڕەوی ناو ئیداڕەکەی ترەمپ ناسراوبوون.
بەڵام لە دوای دەستلەکار کێشانەوەیان مایک پۆمپیۆ وەک وەزیری دەرەوە و جۆن بۆڵتن وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی  جێگایان گرتنەوە، بەوەش باڵی توندڕەوی کۆماریەکان کە بە ( هەڵۆکانی کۆشکی سپی) ناسراون دەستیان بەسەر دەسەڵات و بڕیاری کۆشکی سپی دا گرت کە بریتین لە ( جۆن بۆڵتن و مایک پۆمپیۆ و مایک پێنسی جێگری ترەمپ و گارید کۆشنەری زاوای ترەمپن).
 لە دوای کۆبونەوەی ئەم گروپە پێکەوە لە کۆشکی سپی گۆڕانکاری گەورە بە سەر سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر ئاستی دەرەوەدا هات بە تایبەت لە پرسی کۆریای باکور و ئێران و چین و تورکیا و فەنزەویلا و ڕوسیا دا.
بەڵام ئەم کۆدەنگیەی هەڵۆکانی کۆشکی سپی زۆری نەخایاند ئەوەش بەهۆی  کۆبونەوەکەی ئێوارەی ٢٠١٩/٦/٢١ کۆشکی سپیەوە بوو.
 کۆبونەوە لەسەر لێدانی ئێران:
 لە دوای ئەوەی ئێران لە ٦/٢٠ فڕۆکەیەکی ئەمەریکی خستە خوارە ئێوارەی ٢٠١٩/٦/٢١   لەسەداوای ترەمپ مایک پۆمپیۆ و بۆڵتن و کۆشنەر و میک مۆلڤانی بەرپرسی گەورە کارمەندانی کۆشکی سپی و ڕاوێژکارەکانی ترەمپ کۆ دەبنەوە  بۆڵتن و پۆمپیۆ پێشنیار بۆ ترەمپ دەکەن کە  هێرش بکاتە سەر ئێران لە وەڵامی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا .
بۆڵتن ٥٠ ئامانج ئێرانی دەخاتە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج  و ترەمپ بە پێشنیارەکەی بۆڵتن ڕازی دەبێت بڕیاری هێرش کردنە سەر ئێران دەردەکات, بەڵام دوای هەموو ئامادەکاریەکان ترەمپ بە تەلەفونێک هێرشەکە ڕادەگرێت.
هۆکاری ڕاگرتنی هێرشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوێژی چەند ڕاوێژکارێکی ترەمپ و  جینا  هاسبێلی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری CIAکە بەترەمپ ڕادەگەیەنن ئێران ڕایگەیاندوە وەڵامی دەبێت بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا بەوەش گیانی هەزاران سەربازی ئەمەریکی لە سوریا و عێراق و کەنداو دەکەوێتە مەترسیەوە بۆیە ترەمپ بڕیار دەدات هێرشە ڕابگیرێت.
سەرەتای کێشەی ترەمپ و هەڵۆکان:
ڕاگرتنی هێرشکردنە سەر ئێران جۆن بۆڵتن توڕە دەکات و ساردی دەکەوێتە پەیوەندیەکانیان و ترەمپیش متمانەی بە بۆڵتن و پۆمپیۆ نامێنێت پێی وایە هانیان داوە بۆ شەڕێک کە ئەگەری هەبوو ئایندەی سیاسی کۆتای بێبێنێت، بۆیە لەوە بەدواوە ترەمپ کەمتر لە پرسی ئێران و  کۆریای باکوردا ڕاوێژەکانی جۆن بۆڵتنی وەرەگرتووە.
هۆکاری ناکۆکی ترەمپ و مایک پۆمپیۆ جگە لە پرسی ئێران پەیوەستە بە نیگەرانیەکانی پۆمپیۆوە لە دەستێوەردانەکانی گارید کۆشنەر لە کاروباری وەزارەتی دەرەوە دا بە تایبەت لە پرسی فەلەستین و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر بۆیە چەند ڕۆژێک پێش  ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی سەدە لە لایەن گارید کۆشنەرەوە لە ٧/٢٦ ئەمساڵدا مایک پۆمپیۆ هێرشێکی توندی کردە سەر پرۆژەکە و ڕایگەیاند پڕۆژەیەکی خەیاڵی کاڵ و کرچە و هیچ لایەنێک پێی ڕازی نیە و هیچ ئەنجامێکیشی نابێت.
کێشەی ئێستا بۆڵتۆن و ترەمپ:
 بەپێی ڕاپۆرتی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ترەمپ بۆڵتنی لە پرسی دانوستانەکانی ئەمەریکا و تاڵیبان دورخستوەتەوە و ترسی ئەوەی هەبووە بۆڵتن دانوستانەکان تێکبدات, چونکە دژی ڕێکەوتنەکەیە لەگەڵ تاڵیبان، هەربۆیە ترەمپ پرسی دانوستانەکانی ئەمەریکا و تاڵیبانی بەتەواوی بە زاڵمای خەلیلزاد سپاردوە.
هەربەپێی ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست بۆڵتن داوای کۆپیەک لە ڕەشنوسی ڕێکەوتنەکەی  لەگەڵ تاڵیباندا کردوە, بەڵام زاڵمای خەلیلزاد ڕەتی کردوەتەوە ڕەشنوسەکەی پێی بدات و پێی ڕاگەیاندوە کە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپیدا دەتوانێت لە نوسینگەکەی ترەمپ ڕەشنوسەکە بخوێنێتەوە کە ئەمە بۆڵتنی زۆر توڕە کردوە و ناڕەزایەتیەکانی گەیاندوەتە ترەمپ و دواتر کۆپیەک لە ڕێکەوتنە ڕەوانەی ئاسایشی  نیشتمانی ئەمەریکا کراوە کە بۆڵتن ڕاوێژکاری ئەنجومەنەکەیە.
هەرچەند لە ئێستادا ناکۆکی قوڵ لە نێوان بۆڵتن و پۆمپیۆ و ترەمپدا هەیە, بەڵام بە هۆی نزیکبونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە ترەمپ نایەوێت ئاڵۆزی لەناو کابینەکەیدا دروست بکات و دووریان بخاتەوە بەهۆی نفوزی فراوانیانەوە لەناو کۆنگرێس و شەقامی ئەمەریکیشدا, بەڵام لە دوای ئەگەر هەڵبژاڕدنەوەی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا ڕەنگە مایک پۆمپیۆ لە کابینەکەی ترەمپ دوربخرێتەوە و لەبری ئەو گارید کۆشنەری زاوای وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشان بکات، بەڵام مانەوەی بۆڵتن ئەگەرێکی بەهێزە چونکە ترەمپ بۆ شەڕی داهاتوو پێویستی پێیەتی مەگەر ئەوەی خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە.

زۆرترین خوێندراو