سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسى نووسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگیى ئاسایشى ئه‌مه‌ریکا کۆده‌بێته‌وه‌

24.09.2019
جەماوەر نیوز

به‌رێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌ هاوکارى و هه‌مانگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان و پێویستیى به‌شداریى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ میکانیزمى هاوبه‌شى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ که‌شى ئه‌رێنێى په‌یوه‌ندیى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالى عیراق و گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوولا نیشان دا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 24-9-2019 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و گریگۆرى کووده‌ر به‌رپرسى نووسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگیى ئاسایشى ئه‌مه‌ریکى له‌ عێراق، دۆخى ئاسایشى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالى عێراقیان تاوتوێ کرد و به‌تایبه‌تى تیشکیان خسته‌ سه‌ر دۆخى پارێزگاى که‌رکووک و ده‌وروبه‌رى و ناوچه‌ى شنگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ ته‌واوى عێراق کرده‌وه‌.

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، ستایش و پێزانینى هه‌رێمى کوردستانى بۆ یارمه‌تى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریکاى له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ تێکشکاندنى داعش دووپات کرده‌وه‌ و به‌رده‌وامیى به‌شداریى ئه‌مه‌ریکاى له‌ پرۆسه‌ى یه‌کخستنى پێشمه‌رگه‌ و چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ پێویست زانى و سوپاسى ئه‌و هاوکارى و یارمه‌تییه‌ى کرد که‌ تا ئێستا له‌مباره‌یه‌وه‌ پێشکه‌شى کردووه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ کونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمى کوردستان و شاندێکى سه‌ربازیش تیایدا به‌شدار بوون، به‌ڕێز به‌رپرسى نووسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگیى ئاسایشى ئه‌مه‌ریکیش له‌ عێراق ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر کرد و به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌مه‌ریکاى بۆ پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى کوردستان نیشان دا و جه‌ختى له‌ ڕۆڵى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان و پشتگیرى له‌ هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ یه‌کخستنى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو