سلێمانى ... بڕێک خورما له‌ناوده‌برێت

13.10.2019
جەماوەر نیوز
به‌هۆى نه‌شیاوى بۆخواردن و به‌کارهێنان، لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ست به‌سه‌ر بڕێک خورمادا ده‌گرن و به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى له‌ناوده‌برێت.

له‌ئه‌نجامى سه‌ردان و پشکنینه‌ به‌رده‌وامه‌کانى لیژنه‌ى کۆگاکانى سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى بۆکۆگاکانى عه‌مبارکردنى ئه‌و کاڵاوشمه‌ک و خوارده‌مه‌نیانه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌خورێت و به‌کارده‌هێنرێت، له‌ فرۆشگایه‌کى عه‌لوه‌ى سلێمانى ده‌ست به‌سه‌ر بڕى (2) تۆن خورمادا ده‌گرێت که‌ گومانى خراپبوونى لێده‌که‌ن.

به‌شێک له‌خورما ده‌ست به‌سه‌ردا گیراوه‌که‌ ره‌وانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى خۆپاراستنى ته‌ندروستى سلێمانى ده‌کرێت بۆ پشکنین، وه‌ڵامه‌که‌ى به‌ نه‌شیاو بۆخواردن و به‌کارهێنان ده‌درێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى له‌ناوبردنه‌وه‌ ته‌واوى خورماکه‌ له‌‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌که‌شى روبه‌ر‌وى رێکارى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌.

لیژنه‌ى کۆگاکان یه‌کێکه‌ له‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى و رۆژانه‌ به‌شێوه‌یه‌کى به‌رده‌وام سه‌ردانى کۆگا، عه‌لوه‌ و هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ى کاڵاوشمه‌ک و خوارده‌مه‌نى تیایدا عه‌مبار ده‌کرێت، ده‌کات و له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانیه‌وه‌ پشکنین بۆ مادده‌ عه‌مبارکراوه‌کان ده‌کرێت و له‌کاتى هه‌بوونى گومان نمونه‌ی ره‌وانه‌ى تاقیگه‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى و زانکۆى سلێمانى ده‌کات بۆ پشکنین.


زۆرترین خوێندراو