تره‌مپ كوشتنی به‌غدادی ڕاگه‌یاند

27.10.2019
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ یەک شەممە 27تشرینی یه‌كه‌م  وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە کۆشکی سپی راگەیاندبوو، کە لە ئەنجامی بۆردوومانی سەر ئیدلب لە باکووری سووریا رەنگە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کوژرابێت.
سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە. 
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگەیاند ئەبوبەکر بەغدادی کوژراوە و ئەمریکا تیرۆریستی یەکەمی رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی کردەوە، بیغدادی دامەزرێنەری داعش بوو، ئەمریکا بەدوای بەغدادیدا دەگەڕا و لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەکەی منەوە لە باکووری سووریا کوژراوە. هێزێکی تایبەتی ئەمریکا توانیان لە شەودا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئۆپەراسیۆنەکەیان لەسەر زەوی ئەنجام بدەن".
سەبارەت بە چۆنییەتی کوشتنەکەی، دۆناڵد ترەمپ گوتی "من زانیم هێزەکانی ئەمریکا بەجیدی کارەکەیان ئەنجامداوە، هیچ کەسێکی ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی بەغدادی و یاریدەدەرەکانی کوژراون. ئەو کوژرا دوای ئەوەی چووە نێو توونێلێکەوە و هاواری دەکرد و بەدرێژایی رێگەکە دەگریا، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەری کوژران. 11 منداڵ لەنێو ژوورەکەدا بردرانە دەرەوە و تاکە کەسێک کە لەنێو توونێلەکەدا بوو بەغدادی بوو، ئەو سێ لە منداڵەکانی خۆی بردبووە نێو تونێلەکە و وەکو سەگێک چووە نێو توونێلەکە. ئەو خۆی تەقاندەوە و خۆی کوشت و سێ منداڵەکەیشی لەگەڵ خۆیدا کوشت. بەهۆی تەقینەوەکەوە بەغدادی بە تەواوی وێران ببوو، بەڵام تاقیکردنەوە و توێکارییەکان نیشانیاندا کە ئەمە بەغدادییە".  
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپای چەند وڵات و هێزێکی کرد کە هاوکاربوون بۆ لەنێوبردنی ئەبووبەکر بەغدادی و گوتی "سوپاسی رووسیا عێراق، تورکیا و هەسەدە دەکەم، کە هاوکاربوونە لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ترسناک بوو، زۆر سوپاس بۆ هەواڵگرییە پرۆفێشناڵەکان کە وایانکرد ئەم ئەرکە زۆر سەرکەوتووبێت، دەمەوێت سوپاسی هەموو سەربازەکان بکەم کە دوێنێ شەو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون، ئێوە باشترینن".
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ دووپاتیكرده‌وه‌، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گه‌وره‌ترین رۆڵی له‌ كوشتنی ئه‌بوبه‌كرد به‌غدادی و سه‌ركرده‌ پله‌ باڵاكانی داعشدا هه‌بوو، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ هه‌سه‌ده‌ ته‌واوی ورده‌كاری و زانیارییه‌كانی له‌باره‌ی شوێنی به‌غدادیی به‌ هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا دابوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌شڵێت: سه‌ره‌تا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ له‌ناوبردنی سه‌ركرده‌كانی ریزی پێشه‌وه‌ی داعش، نه‌ك به‌غداد.
دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ تره‌مپ دان به‌ گه‌وره‌یی هێزه‌ كوردییه‌كاندا بنێت، كه‌ زانیارییان له‌باره‌ی بوونی سه‌ركرده‌كانی داعش له‌و شوێنه‌ی سووریایان به‌ ئه‌مه‌ریكا دابوو.

زۆرترین خوێندراو