كونسوڵی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ده‌كات

10.11.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 10ی تشرینی دووه‌م له‌ گوندی گوڵه‌خانی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێزان ڕزگار غه‌فور، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و محه‌مه‌د دۆڵاشی، تێكۆشه‌ری دێرین پێشوازیان له‌ به‌ڕێز ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ، كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سوپاسی ڕۆڵ و هاوكاریه‌كانی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسای كرد ، وتی له‌ ماوه‌ی ڕابردوو ئێستا ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كوردیان كردووه‌.
به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود وتیشی گه‌لی كورد پێزانینی بۆ هاوكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1991 فه‌ره‌نسا ده‌وری گرنگی بینی له‌ له‌ ده‌ركردنی بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستی گه‌لی كورد و هه‌روه‌ها له‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا پشتیوانی و هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد.
به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌ دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2017 ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ستایشی هه‌وڵه‌كانی فه‌ره‌نسای كرد بۆ پاراستنی گه‌لی كورد له‌ خۆرئاوای كوردستان وتیشی ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ گه‌لی كورد فه‌ره‌نسا به‌ دۆست و هاوكاری خۆی ده‌زانێت، هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌وه‌ندیه‌كانی ده‌دات له‌ سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا و داوایشی له‌ كونسوڵی فه‌ره‌نسا كرد جیا له‌ په‌یوه‌ندی سیاسی و دبلۆماسی و سه‌ربازی په‌ره‌زیاتر به‌ په‌یوه‌نییه‌ كه‌لتوری و ڕۆشنبیری و بازرگانی و زانستی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی بده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
لای خۆشیه‌وه‌ به‌ڕێز ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ ، كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێست و تێكۆشانی به‌رێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود كرد له‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و كاركردن بۆ سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌.

زۆرترین خوێندراو