پەرلەمان پرۆژە بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی نارده‌وه‌ بۆ حکومەت

13.11.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 13ی تشرینی دووه‌م په‌رله‌مانی کوردستان كۆبووه‌.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی کوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌که‌ی کرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سکرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ پێکهاتبوو له‌ دوو خاڵ و خاڵی یه‌که‌م بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌م پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێی حوکمى ماده‌کانى (79 و 80 و 82)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى کوردستان (پێشنیازی یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌ قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازه‌یاسای بیمه‌ی کشتوکاڵی له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی کوردستان)، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ دانان و ئالوگۆڕکردنی ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانی په‌رله‌مان و پێکهێنانی (4) لیژنه‌ی هه‌میشه‌ییی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌کانی (28، 29، 34) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى کوردستان، خاڵی سێیه‌م و کۆتایی به‌رنامه‌ى کاریش بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووى بیرۆکه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ی خواره‌وه‌ به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌که‌م) له‌ ماده‌ى (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان-عێراق، بیرۆکه‌ی به‌ڕێز (جوان یونس رۆژبه‌یانی) په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبکردن و مه‌ترسیی هه‌موارکردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و بیرۆکه‌ی به‌ڕێز (کاروان عبدالرحمن عبدالله) په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافکردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه‌.
به‌ر له‌خه‌ستنه‌رووی به‌رنامه‌ی کاری دانیشتنه‌که‌، له‌باره‌ی هه‌مواری یه‌که‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان رێکنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌کاندا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019 ده‌رچووێندرا به‌هه‌ماهه‌نگی لیژنه‌ی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان له‌رێگه‌ی پارێزه‌رێکه‌وه‌ به‌ناوی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه‌ تانه‌ له‌ ناده‌ستووریبوونی چه‌ند ماده‌یه‌کی یاساکه‌ که‌ تایبه‌ت بوو به‌هه‌مواری یه‌که‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان رێکنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌کاندا، پێشکه‌شی دادگای باڵای فیدراڵی کراو خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و تانه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه‌ په‌سندکراو ماف بۆ هه‌زاران هاووڵاتی که‌ بێبه‌شکرابوون له‌مافی ده‌نگدان گه‌رێندرایه‌وه‌، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان پیرۆزبایی له‌په‌رله‌مان و خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ش کرد که‌ مافی ده‌نگدانییان وه‌ده‌ستهێنایه‌وه‌، هه‌روه‌ک ده‌ستخۆشیی له‌پارێزه‌ره‌که‌ش کرد له‌ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌که‌ به‌سه‌رکه‌وتوویی.
پاشان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی کاری دانیشتنه‌که‌ چه‌ندین خاڵی نیزامی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار له‌باره‌ی پرسیاری په‌رله‌مانتاران له‌حکومه‌ت و هه‌روه‌ها چۆنییه‌تیی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان کران و له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ رێککارو شێوازه‌کانی ئاراسته‌کردنی پرسیاره‌کان بۆ حکومه‌ت و چۆنیه‌تیی وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌کان و هه‌روه‌ها میکانیزمی به‌داوداچوون بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی که‌ وه‌ڵامه‌کانیان دواکه‌وتوون به‌پێی په‌یڕه‌و عورفی کاری په‌رله‌مانی بۆ په‌رله‌مانتاران روونکرانه‌وه‌.
هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌باره‌ی خاڵی نیزامیی تایبه‌ت به‌رۆژانی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌ی 51ی په‌یره‌وی ناوخۆ، سه‌رۆکی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "کاتی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان به‌پێی ئه‌و ماده‌ په‌یڕه‌وییه‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ی بۆ دیاریکراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ژماره‌ی دانیشتنه‌کانی له‌م وه‌رزی یاسادانانه‌ که‌ سنوورداره‌ په‌یوه‌ندیی به‌رێککاری یاسادانان و په‌یڕه‌وی هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و کاری لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانی په‌رله‌مانه‌ له‌ته‌واوکردنی راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی پێشنیازه‌ یاساو بڕیاره‌کان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م راپۆرتی لیژنه‌کان نه‌گاته‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مان ئه‌وا ناکرێت دانیشتن ئه‌نجامبدرێت به‌بێئه‌وه‌ی بابه‌ت و ماده‌یه‌کی یاسایی له‌به‌رده‌ستدابێت بۆ گفتوگۆکردن و په‌سندکردن و رێککاره‌کانی دیکه‌ی یاسایی به‌پێی په‌یره‌وی ناوخۆ.
سه‌رۆکی په‌رله‌مان داوای له‌لیژنه‌کانی په‌رله‌مان کرد کاتی زیاتر ته‌رخان بکه‌ن بۆ ته‌واوکردنی ئه‌و راپۆرتانه‌ی که‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میان بۆ کراوه‌ تاوه‌کو بتوانین دانیشتنی زیاتر هه‌فتانه‌ ئه‌نجامبده‌ین.
دواتر به‌رله‌جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کانی به‌رنامه‌ی کار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ داواکرا خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی کار پێشبخرێت و بکرێته‌ خاڵی یه‌که‌م و ئالوگۆری پێبکرێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند کرا.
به‌مشێوه‌یه‌ خاڵی یه‌که‌می به‌رنامه‌ی کار خرایه‌ڕوو که‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووى بیرۆکه‌ی هه‌ردوو په‌رله‌مانتار جوان یونس رۆژبه‌یانی په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبکردن و مه‌ترسیی هه‌موارکردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و بیرۆکه‌ی کاروان عبدالرحمن عبدالله په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافکردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ بیرۆکه‌ی یه‌که‌م په‌رله‌مانتارجوان یونس پرۆسه‌و قۆناغه‌کانی ده‌سپێکردنی گرتنی تانه‌ له‌یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019 عێراقی تایبه‌ت به‌ هه‌مواری یه‌که‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان رێکنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌کاندا بۆ په‌رله‌مانتاران روونکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونی یاساکه‌وه‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ى هه‌رێم له‌په‌رله‌مانی کوردستان ئاماده‌کارییه‌کانی به‌ئاگاداریی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌ستپێکرد بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی تانه‌ گرتنه‌که‌و له‌وماوه‌یه‌شدا چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌و راوێژکاری ئه‌نجامدرا"، په‌رله‌مانتار جوان یونس راشیگه‌یاند: "ماده‌کانی (3 و 12 و 17 و 18) له‌ یاسای ژماره‌ 14ی ساڵی 2019ى عێراقی تایبه‌ت به‌هه‌مواری یه‌که‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان رێکنه‌خراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌کاندا دژ به‌ بنه‌ماکانی ده‌ستووری عێراقی بوون و خۆشبه‌ختانه‌ له‌رێگه‌ی دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه‌ حوکمه‌کانی ئه‌و مادانه‌ ره‌تکرانه‌وه‌و ئه‌مه‌ش ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌بوو بۆ گه‌له‌که‌مان و گێڕانه‌وه‌ی ماف بوو بۆ مافخوراون و هه‌روه‌ها سوپاسی پارێزه‌ری راسپێردراو سه‌ردار هه‌رکی ده‌که‌ین بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌که‌ به‌سه‌رکه‌وتووی ئه‌نجامدا".
هه‌ر له‌درێژه‌ی خستنه‌ڕووی بیرۆکه‌که‌دا په‌رله‌مانتار جوان یونس له‌باره‌ی مه‌ترسیی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی چه‌ند روونکردنه‌وه‌یه‌کی پێشکه‌شکردو رایگه‌یاند: "له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ئاماده‌کردنی پڕۆژه‌ی هه‌مواری ده‌ستووری عێراق پێکهێنراوه‌و ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌ که‌ هیچ ماده‌یه‌کی ده‌ستووری پارێزراو نییه‌ له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش ماده‌ی 140، بۆیه‌ پێشنیاز ده‌که‌ین هه‌وڵه‌کان بخرێنه‌گه‌ر هه‌ر هه‌وڵێک بۆ هه‌مواری ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ ته‌نها ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی گۆڕێنی ماوه‌ی جێبه‌جێکردن و جێکردنه‌وه‌ی گره‌نتیی نێوه‌ده‌وڵه‌تی بێت چونکه‌ له‌ بنه‌مادا کێشه‌ له‌ماده‌که‌دا نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌جێبه‌جێنه‌کردندایه‌".
له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌کانی ته‌عریبیش له‌ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم په‌رله‌مانتار جوان یونس رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌رێگه‌ی ته‌عریبکردنێکی به‌رنامه‌ بۆ دانراو دیمۆگرافیی ئه‌و ناوچانه‌ له‌رێگه‌ی نیشته‌جێکردن و ده‌رهێنانی فۆڕمی خۆراکیی هه‌میشه‌یی بۆیان دروستبووه‌، بۆیه‌ داواکارین په‌رله‌مانی کوردستان هه‌وڵه‌کانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ چالاککردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی کاتی ماده‌ی 140ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران".
دوای ته‌واوبوونی پێشکه‌شکردنی بیرۆکه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دووباره‌ ته‌عریبکردن و مه‌ترسیی هه‌موارکردنه‌وه‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق، سه‌رۆکی په‌رله‌مان لیژنه‌ی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ىهه‌رێمى له‌ په‌رله‌مان راسپارد له‌ده‌ره‌وی هۆڵی دانیشتنی په‌رله‌مان خه‌ڵاتی تایبه‌ت و رێزلێنان ببه‌خشن به‌پارێزه‌ری دۆسییه‌ی تانه‌ له‌یاساى ژماره‌ 4ی ساڵی 2019 له‌دادگای باڵای فیدراڵی.
دواتر هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خاڵی یه‌که‌می به‌رنامه‌ی کار، بیرۆکه‌ی په‌رله‌مانتار کاروان عبدالرحمن عبدالله په‌یوه‌ست به‌ پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافکردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان خرایه‌روو، له‌وباره‌یه‌وه‌ ناوبراو رایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان و داهات و کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێـت و بۆ رای گشتی و په‌رله‌مانتاران روونبکرێته‌وه‌"، راشیگه‌یاند: "سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و سیاسه‌تی ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌کانی هه‌رێم له‌شێوازی گرێبه‌ستی هاوبه‌شییه‌و له‌رووی ژێرخان و ئابوورییه‌وه‌ خزمه‌تی زۆر و باش پێشکه‌ش ده‌کات و له‌هه‌مانکاتیشدا ده‌بێت ئێمه‌ سیاسه‌تی به‌رێوه‌بردنی نه‌وتی جیابکه‌ینه‌وه‌ له‌داهات و شه‌فافییه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم کێشه‌ی تێدا هه‌یه‌ سیاسه‌ته‌ نه‌وتییه‌که‌ نییه‌ زیاتر له‌شه‌فافییه‌ت و چۆنییه‌تی دابه‌شکردن و کۆکردنه‌وه‌ی داهاته‌کانییه‌تی که‌ پێویسته‌ روونترو زانیاریی زیاتر له‌باره‌وه‌ بخرێنه‌ڕوو".
له‌به‌شێکی دیکه‌ی روونکرنه‌وه‌ی بیرۆکه‌کانی له‌باره‌ی پرسی چۆنیه‌تیی شه‌فافکردنی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌شی روونکرده‌وه‌، که‌ بۆ چاره‌سه‌رییه‌کانی ناشه‌فافییه‌ت و پێشخستنی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌وا پێشنیاز ده‌که‌ین سوود له‌هه‌ردوو ئه‌زموونی نه‌رویژی و ئالاسکا وه‌ربگیردرێن، په‌رله‌مانتار کاروان عبدالرحمن ئه‌وه‌شی خسته‌روو یه‌کێک له‌چاره‌سه‌رییه‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تی و هه‌نوکه‌ییه‌کان بۆ ئه‌و پرسه‌ جێبه‌جێکردنی یاسای ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 تایبه‌ت به‌ سندوقی داهاتی نه‌وت وڤاز ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌ته‌نها له‌ رووی سیاسه‌تی شه‌فافییه‌ته‌وه‌ بارودۆخه‌که‌ پێشده‌خات به‌ڵکو ئه‌مه‌ واده‌کات چاودێریکردنی داهاته‌کانی نه‌وت به‌ته‌واوه‌تی بۆ ژێر کۆنترۆڵی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتی بوو له‌ دانان و ئالوگۆڕکردنی ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانی په‌رله‌مان و پێکهێنانی (4) لیژنه‌ی هه‌میشه‌ییی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌کانی (28، 29، 34) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ناوی په‌رله‌مانتاران به‌پێی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کان خوێندنه‌وه‌ی بۆ کراو به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌ندامییه‌تییان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند کرا.
دوا خاڵیش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێی حوکمى ماده‌کانى (79 و 80 و 82)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى کوردستان (پێشنیازی یاسای (پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌ قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازه‌یاسای بیمه‌ی کشتوکاڵی له‌ هه‌رێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی کوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میان بۆ ئه‌نجامدراو دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌جیا ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌نمه‌نده‌کان و په‌رله‌مانتاران کران بۆ ئه‌نجامدانی رێککاره‌ یاساییه‌کانی.
سه‌باره‌ت به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م پێشنیازه‌بڕیارى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێم، سه‌رۆکی په‌رله‌مان روونکردنه‌وه‌یه‌کی پێشکه‌شکردو رایگه‌یاند: "وه‌کو سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان وه‌ڵامی حکومه‌ته‌مان له‌باره‌ی ته‌حمولکردنی بارگرانیی دارایی پرۆژه‌که‌ به‌ئه‌رێنی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ورده‌کاری پێشنیاز ده‌که‌ین به‌ده‌ر له‌ماوه‌ی ته‌رخانکراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌حکومه‌ت بدرێت بۆ هه‌ر زیادکردن و پێشنیازی نوێ له‌باره‌ی پڕۆژه‌که‌وه‌، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌پێی حوکمه‌کانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێککاره‌ یاساییه‌کانی بۆ پێشنیازه‌که‌ ئه‌نجام ده‌دات.