له‌ سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر جگه‌ر گیراوه‌

05.12.2019
جەماوەر نیوز
له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دووی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر جگه‌ری قه‌ده‌غه‌كراودا گیراوه‌ كه‌خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازی ساغكردنه‌وه‌ی بووه‌ به‌سه‌رهاوڵاتیاندا.
بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری وسه‌رۆكی لیژنه‌ی دووی سه‌ر به‌لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند له‌ئه‌نجامی سه‌ردان و گه‌ڕانی لیژنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌كۆگایه‌كی ئاماده‌كردنی خوارده‌مه‌نی بۆ ده‌ستگێڕه‌كان، ده‌ست به‌سه‌ر (9) كارتۆن جگه‌ری قه‌ده‌غه‌كراوی ئێرانیدا گیراوه‌.
ناوبراو وتیشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی جگه‌ری به‌ستووی مریشكی داوه، بۆیه‌ له‌هه‌رشوێنێك ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.
 بێوه‌ی ئه‌حمه‌د وتیشی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێن ناوه‌ندێكه‌ بۆگه‌شه‌كردنی ڤایرۆس و گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی، رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جه‌خت له‌نه‌خواردنی ئه‌و خوارده‌مه‌نیانه‌ ده‌كه‌نه‌وه كه‌خاوكراوه‌ته‌وه‌ وجارێكی تر ده‌خرێته‌وه‌ ناو به‌فرگر بۆ دووباره‌ به‌ستنه‌وه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی خواردنی ئه‌وجۆره‌ خوارده‌مه‌نیانه‌ مه‌ترسی بۆ ته‌ندروستی ئه‌وكه‌سانه‌ دروستده‌كات.
بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دووی قائیمقامیه‌ت ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد خاوه‌نی شوێنه‌كه‌ به‌نیازبووه‌ جگه‌ره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغبكاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی جگه‌ره ‌به‌ستووه‌كه‌ ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی ده‌كرێت بۆله‌ ناوبردن و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو