ئه‌مشه‌و بەبۆنەی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات

07.12.2019
جەماوەر نیوز
بەبۆنەی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم، ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 7ی تشریمی یه‌كه‌م مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 رۆژی کارکردن بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وتارێکی تەلەڤزیۆنی پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات .
مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە وتارەکەیدا کە بڕیارە کاتژمێر هەشتی ئێوارە لە کەناڵەکانی راگەیاندن پەخش بکرێت، تیشک دەخاتە سەر دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەد رۆژی کارکردنیدا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئەو تەوەرانەی سەرۆک وەزیران لە وتارەکەیدا بە درێژی باسیان دەکات ، بریتین لەپرۆسەی  چاکسازی کارگێڕی و دارایی ، رووبەڕووبوونەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی ، گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری ، باشترکردنی پەیوەندی وچارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا.
هاوکات لە گەڵ گوتارەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، بڕیارە راپۆرتێکی پڕ لە وردەکاریی و زانیاری تایبەت بە سەد رۆژی کارکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە.
رۆژی 2019/12/4 سەد رۆژی کارکردن بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی.
هه‌‌ر له‌و چوا‌رچێوه‌‌یه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام وێنه‌یه‌كی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نوسیوویه‌تی: "له‌ کاتی ئامادەکاریی بۆ پێشکەشکردنی گوتارێکم بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 رۆژی کارکردن بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەمشەو کاتژمێر 8 پەخش دەکرێت . تێیدا ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدیھاتوون و ھەنگاوەکانی داھاتوو بەرەو كوردستانێكی به‌هێز دەخەینەڕوو".

زۆرترین خوێندراو