یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ باره‌ى ڕێکه‌وتنى تورکیا و لیبیا کۆده‌بێته‌وه‌

09.12.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ باره‌ى ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ى نێوان تورکیا و لیبیا کۆبوونه‌وه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ ئه‌نکه‌ره‌ ده‌دات به‌ دواى نه‌وت و گازى سروشتى بگه‌ڕێت له‌ ناوچه‌یه‌کى ده‌ریایى که‌ جێى ناکۆکى نێوان وڵاتانى سه‌ر ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌.

جۆزێڤ بۆڕێڵ به‌رپـرسى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات که‌ تاووتوێى ڕێکه‌وتنه‌که‌یان کردووه‌، به‌ڵام باسى سه‌پاندنى سزایان نه‌کردووه‌.

ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ ناڕه‌زایـیه‌کى زۆرى لێکه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانى یۆنان و قوبرس و میسر، ده‌ڵێن ڕێکه‌وتنه‌که‌ به‌ پـێچه‌وانه‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تیـیه‌. یۆنان له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزى لیبیاى له‌ وڵاته‌که‌ى ده‌رکرد.

ئه‌لێگزانده‌ر شالـلینبێرگ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا ووتى " جێى سه‌رسوڕمانه‌، چۆن ده‌ریاى ناوه‌ڕاستیان له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌شکردووه‌."

ستیف بلۆک وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا ئه‌ویش ووتی"هۆڵه‌ندا هه‌میشه‌ پشتیوانێکى به‌هێزه‌ له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تی.. ئێمه‌ له‌ پاڵ یۆنانداین.. ده‌بێت پشتیوانى له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى بکرێت."

تورکیا و یۆنان هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا دوو وڵاتى ئه‌ندامى ناتۆن، به‌ڵام له‌ مێژه‌وه‌ ناکۆکى له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ى ده‌ریاى ئیجه‌. له‌وه‌تاى ساڵانى حه‌فتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو هه‌تا ئێستا 3 جار دۆخى نێوانیان نزیکبووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى جه‌نگ هه‌ڵبگیرسێنن.


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو