ئه‌ردۆغان: تا سوریا له‌ تیرۆریستان پاک نه‌که‌ینه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌رناچین

10.12.2019
جەماوەر نیوز
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆمارى تورکیا، رایگه‌یاند "پرسیار ده‌که‌ن که‌ى له‌ سووریا ده‌رده‌چن. ئێوه‌ که‌ى ده‌رچن، ئێمه‌ که‌ى تیرۆریستانمان له‌وێ راماڵی، ئه‌وکاته‌ ده‌رده‌چین".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌شدارییکرد له‌ چالاکییه‌کدا له‌ژێر ناونیشانى "هه‌ر مرۆڤێک جیهانێکه‌" که‌ به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى مافه‌کانى مرۆڤه‌وه‌ له‌ زانکۆى بیلکه‌نت سازکرابوو.

ئه‌ردۆغان وتارێکى پێشکه‌شکرد و رۆژى 10ى کانوونى یه‌که‌م 71یه‌مین ساڵرۆژى جاڕنامه‌ى جیهانى مافه‌کانى مرۆڤه‌ که‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ ده‌رکراوه‌، به‌رز راگرت و وتی: "کۆمه‌ڵگا‌ى نێوده‌وڵه‌تى که‌ نۆ ساڵه‌ ها‌وار و ناڵه‌ى ملیۆنه‌ها که‌س له‌ سووریا نابیستێت، به‌و بێ ده‌نگییه‌ى گه‌وره‌ترین گورزى له‌ به‌هاکانى جاڕنامه‌ى جیهانى مافه‌کانى مرۆڤ داوه‌".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتیشی: "به‌خشینى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب به‌ که‌سایه‌تییه‌کى ره‌گه‌زپه‌رست جگه‌ له‌ خه‌ڵاتکردنى پێشێلکارییه‌کانى مافى مرۆڤ هیچ واتایه‌کى دیکه‌ى نییه‌".

سه‌رکۆمارى تورکیا،له‌باره‌ى سووریاوه‌ و بوونى سه‌ربازیى وڵاته‌که‌ى له‌وێ گوتی: "پرسیار ده‌که‌ن که‌ى له‌ سووریا ده‌رده‌چن. ئێوه‌ که‌ى ده‌رچن، ئێمه‌ که‌ى تیرۆریستانمان له‌وێ راماڵی، ئه‌وکاته‌ ده‌رده‌چین".

ئه‌ردۆغان وتی: "ئه‌جێندایه‌کى شاراوه‌مان نییه‌ له‌گه‌ڵ پوتین. له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌نگاوى روون و راشکاو ده‌نێین. پێموایه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ئاشتى له‌ ناوچه‌که‌ به‌دیده‌هێنین".

ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌ دۆناڵد تره‌مپیش وتی: "ئه‌جێنداى شاراوه‌ى نییه‌. چى بزانێت زۆر به‌ڕوون و ئاشکرایى ده‌یڵێت. به‌رامبه‌ر به‌ من زۆر به‌ڕوونى ده‌یڵێت، منیش زۆر به‌ڕوونى به‌خۆى ده‌ڵێم".

پاشان باسى له‌ دۆخى ئه‌ورووپا کرد و رایگه‌یاند "له‌ئێستادا له‌ ئه‌ورووپا به‌ واتایه‌کى جددیى قه‌یرانێکى سه‌رکردایه‌تی، بۆشاییه‌کى سه‌رکردایه‌تى هه‌یه‌. ناتوانم بڵێم 'له‌ ئه‌ورووپادا ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ نموونه‌ییه‌'. "

سه‌رکۆمارى تورکیا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامێتیى وڵاته‌که‌ى له‌ یه‌کێتیى ئه‌ورووپا رایگه‌یاند " ده‌ڵێن 'ئێوه‌ ژماره‌ى دانیشتوانتان زۆر زۆره‌'. له‌ بنه‌ڕه‌تدا هۆکارى راسته‌قینه‌ ئه‌مه‌ نییه‌. هۆکارى راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ موسڵمانین".

ئه‌ردۆغان دواتر له‌باره‌ى ناردنى سه‌ربازى سوپاى وڵاته‌که‌ى بۆ لیبیا،  وتی: "ئه‌گه‌ر لیبیا داواکارییه‌کى له‌و شێوه‌یه‌مان لێبکات، چه‌ند پێویست بێت ده‌توانین بینێرین".



ئانادۆڵ