سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسى نووسینگه‌ى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا کۆده‌بێته‌وه‌

15.12.2019
جەماوەر نیوز
 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌ ناتوندوتیژى و یاساپارێزى و مامه‌ڵه‌ى مه‌ده‌نیانه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانى عێراق کرده‌وه‌ و هه‌موو هاوکارییه‌کى هه‌رێمى کوردستانى بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، ده‌ربڕی.

له‌ دیدارێکیدا پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 15-12-2019 له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ڤێنست گیۆم به‌رپرسى نووسینگه‌ى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆکى هه‌رێم پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى کوردستان و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ پێکهێنانى هاوپه‌یمانیى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا و گفتوگۆى هه‌ولێر – به‌غدا، خسته‌ ڕوو.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌رپرسى نووسینگه‌ى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا سوپاسى ئاسانکارى و هاوکارییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى بۆ کاره‌کانى کرد و بایه‌خدانى هه‌رێمى کوردستانى به‌ دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى له‌ ئه‌نجامى گرژییه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى سووریاوه‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه، به‌رز نرخاند‌،‌ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان یه‌کێتیى ئه‌ورووپا و هه‌رێمى کوردستانیشى له‌ هاوکاریکردنى په‌نابه‌ران دووپات کرده‌وه‌.

هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕووداوه‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و خۆپیشاندانه‌کانى عێراق به‌تایبه‌تی، هه‌روه‌ها دۆخى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان و ده‌شتى نه‌ینه‌وا، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.