له‌ سلێمانی زیاتر سه‌د تون برنج له‌ناوده‌برێت

24.12.2019
جەماوەر نیوز
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ (100) تۆن برنجدا ده‌گرێت و به‌بڕیاری قائیمقامی سلێمانی له‌ناوده‌برێت.
ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت راگەیاند لەئه‌نجامی سه‌ردان وپشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان ‌ده‌ركه‌وتووه‌ له‌‌ كۆگایه‌كی عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی بڕێكی زۆر برنجی جۆراوجۆری خراپ بووه‌ هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كۆگاكانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.
وتی نمونه‌ی برنجه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی سلێمانی كراوه‌، پاش پشكنین وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ (ئاسایی نین و بۆبه‌كارهێنانی مرۆڤ ناشێن به‌هۆی بوونی ئه‌سپێ تیایاندا) دراوه‌ته‌وه‌.
وتیشی لەسەر داوای خاوەن کۆگاکە دوبارە نمونەی برنجه‌كان پکشنینی بۆکراوه‌ته‌وه‌، جارێكی تریش ئەنجامەكەی بە شیاوی بەكارهێنان نیە، دراوه‌ته‌وه‌، بڕی برنجه‌كه‌ زیاتر له ‌(100) تۆنه‌، به‌هۆی نه‌گونجاوی شوێنه‌كه‌ بۆعه‌مباركردن ته‌واوی برنجه‌كان خراپ بوون ئه‌سپێیان هه‌ڵهێناوه‌‌.
ئازاد نه‌بی راشیگەیاند تەواوی ئەو برنجانەی دەستی بەسەردا گیراوە بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی لەناوچەی تانجەرۆ لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

زۆرترین خوێندراو