300تۆن مریشكی به‌ستوو هاورده‌ی پارێزگای سلێمانی ده‌كرێت

07.01.2020
جەماوەر نیوز
بەمه‌بەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت بەمەرجەكانی ڤێتەرنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت.
 لە دیوانی قائیمقامیەت لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگه‌یاند  بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، هەروەها بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاوڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو داوە بۆ مانگی 1 (كانونی دووەم).
 رزگار حمد ئاماژەی بەوەشكرد بڕی ئەو بەروبومانەی لە مانگی یەكدا هاوردە دەكرێن بریتییە لە300 تۆن مریشكی بەستوو 500 تۆن ماسی، 500 تۆن گۆشتی سور لەگەڵ 700 سەرئاژەڵی زیندوو  .

زۆرترین خوێندراو