داواى چارەنووسی ١٦٤٢٠ کەسی بێسەروشوێنبوو له‌ عێراق ده‌كرێت

15.01.2020
جەماوەر نیوز
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی عێراق لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعس کە زۆربەیان هاووڵاتی هەرێمن و پێشکەش کردنی بە تیمی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان
لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی (١١٨) مینی تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە جنێڤ بەسترا، داوای لە حکومەتی عێراق کراوە کە زانیاری تەواویان پێ بدات دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) کەسی بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعش کە زۆربەیان هاووڵاتیی کوردستانن، لەلایەن خۆیەوە حکومەتی فیدراڵ لیژنەیەکی ناوەندەی پێکهێناوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەندامە لەو لیژنەیە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکان و یەکلایی کردنەوەیان و ئەو کەیسانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش پەسەند کردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
د. دیندار زێباری, رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی ناوبرا و چارەنووسی ئەو (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووە، رایگەیاند: حکومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ئەندامە لەم لیژنەیە بە مەبەستی  ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعس و پێشکەش کردنی بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکان (رووداوەکان) و لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەی ناوەندی حکومەتی فیدراڵەوە راپۆرتێک پێشکەش بە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو کەیسانە کە لەلایەن تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باس کراون و زیاتر وتی: لە سەردەمی رژێمی بەعس سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاجیاوە بێسەروشوێنکراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئەو کەیسانەی کە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باسیان لێدەکات بەشێکی زۆر کەمن بە بەراورد بەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون. لە ساڵانی (١٩٨٠) تاکو (2010) بە رێگای جیاجیاوە چەندین سکاڵا پێشکەش بە تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ کراوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی یان لەلایەن کەسوکارییانەوە بۆ زانینی چارەنووسیان، ئەو کەیسانەی کە تایبەتن بە عێراق ژمارەیان (١٦٤٢٠) دەبێت کە بەشی زۆریان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و لە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە بێسەروشوێنکراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە رێگای ئەو لیژنە ناوەندییەوە کار دەکات بۆ یەکلایی کردنەوە و داخستنیان بەتایبەتی لە بابەتی قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاریان، چونکە لە رووی یاساییەوە حکومەتی ئێستای عێراق میراتگری حکومەتەکانی پێش خۆیەتی و هەر پابەندبوونێکی یاسایی بکەوێتە سەری پێویستە جێبەجێی بکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1980 لەلایەن لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە و لە ژمارەیەک پسپۆڕی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەدواداچوون دەکات بۆ کەیسەکانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەو وڵاتانەی کە رێککەوتننامەی نەهێشتنی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیان پەسەند کردووە، تا ئێستا تیمی ناوبراو کاری لەسەر (50،000) حاڵەت کردووە لە زیاتر لە (٨٠) وڵات و بەپێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجامدەدات، بە ئامانجی زانینی چارەنووسی قوربانیان کەسوکاریان بەتایبەتی ئەوانەی سکاڵایان پێشکەش بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

زۆرترین خوێندراو