به‌ ئاماده‌بونی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان ڕاپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان په‌سه‌ندكرا

16.01.2020
جەماوەر نیوز
ڕۆژی چوار شه‌ممه‌ 15ی كانونی دووه‌م له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفاكراوان له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانى كاروبارى یاسایی، دارایی و كاروبارى ئابوورى، ناوخۆ، شه‌هیدان، كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان و شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كۆبووه‌ به‌مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازى
مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ یه‌كخستن و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌یاساى چاكسازى له‌خانه‌نشینى و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌ به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ په‌سندبكرێت و ئاماده‌بكرێت بۆ دانیشتنی رۆژی پێنجشه‌مه‌ 2020/1/16 به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌رى.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای كۆتاییهاتنی نوسینى راپۆرتى هاوبه‌شى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان راپۆرته‌كه‌ په‌سه‌ند كراو بڕیاره‌  ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ له‌دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سند بكرێت.
له‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كان و دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری شه‌هیدان ئه‌نفاكراوان ئاماده‌بوو هه‌موو هه‌وڵێكی خسته‌كار له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی و پاراستنی مافه‌ ڕه‌واكانی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی.
 به‌ڕێز عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا لەوەڵامی پەرلەمانتاران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد  5 هەزار زیندانی سیاسی لە كوردستان تۆماكراون و لە ساڵی 2011وە منحەیان بۆ خەرج كراوە لە ساڵی 2019 بەشێكیان منحەیان تەواوبووە و ئەمساڵیش هەمووان منحەیان تەواو دەبێت، بەڵام 18 هەزار كەس تۆماركراون كە ناسنامە و بەڵگەنامەكانیان ڕاستێنراوە، بەڵام هیچیان بۆ خەرج ناكرێ.
لەبارەی تۆماری شەهیدانیشەوە وەزیری شەهیدان وتی: لە ئێستادا نزیكەی 18 هەزار شەهیدمان هەیە كە تۆماركراون، بەڵام موچەیان بۆ نەبەستراوە. و شەهیدانی شەڕی داعشیش تا ئێستا موچەی شەهیدانەیان بۆ خەرج نەكراوە، بەڵكو هەروەك لە شوێنەكەی خۆی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە موچەی خۆی بۆ خەرج دەكرێت. 
داواشی لە پەرلەمانی كوردستان كرد، بڕیار بدەن بە یەكخستنی موچەی شەهیدانی كوردستان بكرێتە یەك بڕی دیاریكراو، چونكە ئێستا جیاوازی زۆر هەیە لەو موچەیەدا كە لە نێوان 250 هەزاردینار بۆ 6 ملیۆن.
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود وتیشی حكومه‌تی عێراق هیچ هاوكاری خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی هه‌رێمی نه‌كردووه‌، وتیشی ڕاموایه‌ له‌ داهاتویشدا هاوكاری خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی هه‌رێم ناكات.
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ پرۆژه‌ی چاكسازی باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ موچه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی ده‌بڕدرێت و وتیشی پرۆژه‌ی چاكسازی بۆ چاكتر كردنی گوزه‌رانی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفاكراوان و زیندانیانی سیاسیه‌.

زۆرترین خوێندراو