په‌رله‌مان یاسای چاكسازیی ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرد

20.01.2020
جەماوەر نیوز
له‌چوارچێوه‌ی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆو یاسابه‌ركاره‌كان، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی كوردستان یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر-ى ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرد.
به‌پێی یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2005ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم (هه‌مواركراو)، ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند ده‌كرێن سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا له‌رۆژی دانانییه‌وه‌ ده‌ریده‌چووێنێت و مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ تانه‌ له‌كۆی یاساكه‌ یان له‌به‌شێكی بدات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكاته‌وه‌ تا چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی بۆ بكات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێی هه‌ردوو ماده‌كانی 94 و 95 له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان هاتووه‌: ده‌بێت یاساو بڕیاره‌كان له‌ماوه‌ی(15) پازده‌ رۆژدا له‌رێكه‌وتی په‌سه‌ندكردنیانه‌وه‌ بنێردرێن بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستى دەرچوواندنیان. ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هـه‌رێمی کوردستان لـه‌مـاوه‌ی ئـه‌و 15 پـازده‌ رۆژه‌دا بـه‌پێـی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هـه‌مواركراو یاسـا یان بڕیاره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یان به‌شێك ره‌تكـرده‌وه‌، له‌و كاته‌ ده‌بێ لیژنه‌ی تایبەتمە‌ند له‌ماوه‌ی (15) پازده‌ رۆژدا راپۆرتی خـۆی بنووسێت پاشان له‌یه‌كه‌مین دانیشتن دوای ته‌واوكردنی راپۆرته‌كه‌ دێتـه‌ نـاو په‌رله‌مان و بڕیاری په‌رله‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌كلاكـه‌ره‌وه‌ ده‌بێـت یـان ڕای سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت و راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند تـاووتوێ ده‌كرێت یان به‌ده‌نگی زۆرینه‌ى ئه‌ندامان پێداگری له‌سه‌ر ڕای خـۆی ده‌كـات و ئـه‌مجاره‌ش ڕای په‌رله‌مان ره‌تناكرێته‌وه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، له‌دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن رۆژی پێنجشه‌مه‌‌ 2020/1/16 به‌ده‌نگی ٨٩ ئەندامی پەرلەمان په‌سندكرا

زۆرترین خوێندراو