ئەمریکا لەنێوان شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانیدا

01.02.2020
جەماوەر نیوز
خالید کاوە
ئەمریکا یاخوود ئەو خاکەی ئەمرۆ ناوی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا یە لە ڕابردوودا خاکی نەتەوەیەک بووە کە ناویان "sioux Indian" یاخود "هندی سوور" کان بووە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٧٧٦ زایینی بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و یەکگرتنی ١٣ داگیر کراوی بەڕیتانیای گەورە پێکھاتووە.
ئەم وڵاتەی کە ئێستا بە زلهێزترینی جیهان دەناسرێت، خاوەن پێکهاتەیەکی نەتەوەیی دیاریکراو نەبووە، بەگشتی دانیشتوانەکەی هەمە جۆرن، هەر لەسەرەتایی دروستبوونییەوە بە کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، لە شەڕی ناوخۆوە تاکو شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانیدا، پاشانیش سیاسەتی گۆشەگیری ئابووری و پاشان سیاسەتی دەست وەردانە کاروباری وڵاتانی جیهان.
هەرچەندە ئەمریکا هەر لەسەرەتاوە لەشەڕی جیھانیی یەکەم و دووەمدا، بێلایەن بوو هەندێک جار بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بو ھێزەکانی ھاوپەیمانی و تۆمەتبار دەکرا، بەڵام ئەوەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەبوو، راستە دواتر هاتە ناو جەنگەوە  بەهۆکاری لوتبەرزی و سەڕەرۆ سیاسەتی ئەڵمانیا,به‌ڵام هۆکاری بێلایەنی ئەمریکا پێش چوونە ناو جەنگ بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕاییەوە:

١- بە پێی پڕەنسیپەکانی مۆنرۆی ساڵی ١٨٢٣ ئەمریکا دەست لە کاروباری وڵاتان وەرنەدات و کەسیش دەست لە کاروباری ئەمریکا وەرنەدات.
٢- پێکهاتەی کۆمەڵآیەتی ئەمریکا پێکهاتەیەکی تێکەڵ بوو لە گەلانی ئەوروپا، ئەمەش وایکرد ترسی لەت لەت بوون و پەرتەوازەی دروست ببێت ئەمریکا بچێتە جەنگەوە.
٣-ئەمریکا زیاتردەیویست برەو بە ئابووری بدات تا جەنگ بکات بە دەروازەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاری ئەوروپا.
ئاشنایە لامان کە جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی قوربانی گیانی وای بە خۆیەوە بینی کە پێشتر مێژوو نەیبنیبوو، بنەماڵە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا ڕووخان کە دامەزراندیان ئەگەڕایەوە بۆ ھەڵمەتە خاچپەرستیەکان، و نەخشەی سیاسی ئەوروپا گۆڕانکاری بەسەردا ھات و ئەمە دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ئەو وڵاتانەی دەیناویست نەخشەی سیاسی جیهان بەدڵی ئەوان بێت و ببنە زلهێزترینی جیهان، ئەمریکا ئەم دەرفەتەی قۆستەوە سەرەتاش لە ڕێگەی ئابووری و داگیرکردنی ئابووری ئەوروپاوە دەستیپێکرد.
ئەمریکا ئەو وڵاتە سەرکەوتووە بوو، کە لە جەنگدا زیانی زۆر لە وڵاتانی دیکە کەمتر بوو، لەڕووی مادیشەوە یەکێک بوو لەو وڵاتانەی قازانجێکی زۆری کرد، چونکە بەهۆی جەنگەوە ئەمریکا بوو بە بازاڕی کەرەستە سەربازییەکان، بە جۆرێک شاری نیۆرک توانی شوێنی لەندەن بگرێتەوە وەک ناوەندی دارایی جیهانی.
دەکرێت بڵێێن چەند هۆکارێکی دیاریکراو هەبوون کە ئەمریکا توانی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی بکات بە هۆکارێک بۆ زلهێز بوونی کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەیخەینەڕوو.
١- ئەمریکا بووە سەرچاوەی قەرز بۆ وڵاتە شەڕەکەرەکان
٢- ئەمریکا دژ بە سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی وڵاتێک بوو، دەیویست زۆرترین وڵآت بچنە جەنگەوە تا هەردوولا لاواز ببن و بتوانێت کاریگەری درووست بکات.
٣-بەهۆی سەرقاڵبوونی سەرکردەکانی ئەوروپا بە جەنگەوە، تەنها سەرنج لەسەر پاراستنی خاک و بەرژەوەندییەکانی ولآت هەبوو، ئەمریکا توانی سوود لەم پەرتەوازییە سیاسییەی ئەورپا ببینێت.
٤- کوشتنی ئەو ڕێژە زۆرەی مرۆڤ، تێکچوونی دۆخی ئەمنی و ئابووری، مانەوەی ئەمریکیەکان وەک یاریکەرێکی بوهێزی بێ زیان، ئەو تێڕوانینەی بەلای خەڵک و جیهاندا زیاتر ڕاستکردەوە کە ئەمریکا زلهێزترینە.
هەرچەندە شەڕ ئاکامگەلیکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەیە و دەبێتە ھۆی لە ناو چوونی ژیانی مرۆڤ و لەناوچوونی بنگە ئابوورییەکانی کۆمەڵگا، بەڵام زۆرجار دەبێت دەرفەتێک بۆ وڵآتان
هەندێک کات دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەو وڵاتانەی کە خاوەن زمان و خاک و کولوتوری خۆیانن، بەڵام خاوەنی دەوڵەت نین، لەڕێگەی جەنگ و گۆڕینی جوگرافیایی سیاسییەوە دەبنە خاوەنی دەوڵەت، نموونەش بۆ ئەم جۆرە دروستبوونی ئەو دەوڵەتانە بوون لە دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی دروست بوون.
ئەو وڵاتانەی خەونی ئەوەیان هەیە ببنە حاکمی جیهان، دەیانەوێت سیاسەتی جیهانی لەژێر چنگی ئەماندا بێت، وەک ئەمریکا کە عاقڵانه‌ وەک دوورترین وڵات لە گەرمەی شەڕ بە کەمترین زیان توانی ئابووری و سیاسەتی جیهانی کۆنترۆل بکات و ئەم دوو جەنگە بکاتە دەستپێک بۆ باڵادەست بوونی لە جیهاندا.
ئاکامی شەر ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەورووپادا، بەڵام ئەمریکا وەک قازانجترین لایەنی شەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا بێ ئەوەی توشی خاپووری و تێکچوونی ئابووری بێت بە درێژەی شەڕ گەشەی ئابووری ھەبوو، توانی رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت، واشنتۆن بکات بە پایتەختی سیاسیی جیهان. بە شێوەیەک کە پاش شەڕی جیھانی دووھەم، ئەمریکا بووە زلھێزی ئابووری دونیا.

زۆرترین خوێندراو