سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراكسيۆنه كوردستانييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌

11.02.2020
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 11ی شوبات له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌رپه‌رشتيى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ساز درا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنى هه‌ڵوێستى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و فراكسيۆنه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێم بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانى گۆڕه‌پانى سياسيى عێراق و كوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌نگاوى كرده‌يى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانيى فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان، تاوتوێ كران.
دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ و تێبينيى فراكسيۆنه‌كان له‌سه‌ر چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فيدراڵييه‌كان له‌ به‌غدا و باسكردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان له‌ عێراق، هه‌مووان كۆك بوون كه‌ پێويسته‌ به‌ يه‌كهه‌ڵوێستى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى پرسه‌كان بكرێت و هه‌نگاوى كرده‌يى بنرێت بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانى و په‌يڕه‌وێكى گشتگيرى بۆ ئاماده‌ بكرێـت كه‌ مايه‌ى په‌سه‌ندى هه‌موو فراكسيۆنه‌كان بێت.
كۆبوونه‌وه‌ به‌ گرنگييه‌وه‌ دۆخ و پێشهاته‌كانى عێراقى خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختى له‌ پێويستيى گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى بۆ وڵات و به‌كارنه‌هێنانى توندوتيژى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داوا ڕه‌واكانيان له‌ خزمه‌تگوزارى و ژيان و ئاينده‌يه‌كى باشتر كرده‌وه‌.
ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌‌ هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فيدراڵى بوو، له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى قه‌واره‌ ده‌ستوورى و سياسييه‌كه‌ى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، بنه‌ماى سه‌ره‌كيى هاوبه‌شى و به‌شداريى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌بێت، هه‌ر هه‌نگاوێكيش بۆ گفتوگۆى پێكهێانى كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو لايه‌نه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌ك مافه‌كانى هه‌رێمى تێدا پارێزراو بێت و سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كانيش به‌شداريى كارايان له‌ دروستكردنى بڕيارى هاوبه‌شدا هه‌بێت.
كۆبوونه‌وه‌ دڵنيايى ده‌داته‌ گه‌لى كوردستان به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانييه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر گفتوگۆ و ڕێككه‌وتنێكدا، مافه‌كانى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێشينه‌ى بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانى هه‌مووان ده‌بێت.