داعش دوو هه‌زار کورد له‌ خانه‌قین ئاواره‌ ده‌کات

02.03.2020
جەماوەر نیوز
دیار ئاواره‌
داعش ترس ودڵه‌ ڕاوکێى له‌ لایه‌ن گونده‌ کوردنشینه‌کانى سه‌ربه‌شارۆچکه‌ى خانه‌قین دروست کردووه‌ وجێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى شارۆچکه‌ى خانه‌قینیش ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌ هۆى داعشه‌وه‌ 2000 کورد له‌ شارۆچکه‌که‌و گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى ئاواره‌ى شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بونه‌.
به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست جه‌ماوه‌رنیوز که‌وتوون له‌ ئێستادا چه‌کدارانى داعش ناوبه‌ناو بازگه‌ى وه‌همى به‌ پۆشاكی سه‌ربازى ، یاخود پۆشاكی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داده‌نه‌ن و ڕێگرى له‌و ئۆتۆمبیلانه‌ ده‌گرن که‌ به‌ویدا ، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى که‌ سه‌رنشینه‌کانیان کوردن ده‌یانگرن ودواتر ده‌یانڕفێنن وپه‌یوه‌ندى به‌ که‌س وکاره‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ن ودواواى پاره‌ ده‌که‌ن بۆ ئازادکردنیان که‌ زۆر جار پاره‌که‌ ده‌گاته‌ ده‌فته‌رونیوێک بۆ دوو ده‌فته‌ر دۆلار.
هه‌ر به‌ پێى زانیارییه‌کان، ئه‌وانه‌ى که‌ چه‌کدارى داعش وئه‌و کرده‌وانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ کوردانى ناوچه‌که‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن که‌سوکارى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن که‌ هاتونه‌ته‌ ناوچه‌که‌ به‌ هاوکارى حه‌شدى شه‌عبى وسوپاى عێَراق به‌مه‌به‌ستى ده‌ست به‌ سه‌را گرتنى زه‌وى وزارى ئه‌و کوردانه‌ى که‌ ناوچه‌که‌یان به‌جێهێڵاوه‌ وئه‌وه‌شى ماوته‌وه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌رى وبه‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک بێزارى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌که‌ به‌جێبهێڵێت ، زۆر سکاڵاش له‌ لاى هێزه‌ ته‌ناهییه‌کانى خانه‌قینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ به‌ سه‌ریان دێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرییان لێبکه‌ن، به‌ڵام که‌س ناچێت به‌ هانایانه‌وه ‌وسکاڵاکه‌یان پشت گوێ خراوه‌.
هه‌ر به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ ، چه‌کدارانى داعش گروپ گروپ وبه‌ ئاشکرا له‌ ناوچه‌که‌ به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ وبه‌ ئاره‌زوى خۆیان ته‌عدا له‌ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن له‌ پێش چاوى سوپاى عێراق وحه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ وئۆتۆمبیلى هاوڵاتیان ده‌ڕفێنن ، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر سێ هاوڵاتى کوردییان له‌ ناوچه‌که‌ ڕفاند وتاکو ئێستاکه‌ بێ سه‌روشوێنن وئازاد نه‌کراون . له‌گه‌ڵ تاریکبونى ناوچه‌که‌ش داعش ده‌ست ده‌کات به‌ گه‌ڕان له‌ ناوچه‌که‌و ده‌که‌ونه‌ گیانى ئه‌و کوردانه‌ى که‌ له‌وێ ماون وکۆچیان نه‌کردووه‌ وده‌ستى خۆیان ده‌وه‌شێنن و زیانیان پێده‌گه‌ێنن.
له‌مباره‌یه‌وه‌ شێرکۆ تۆفێق، کارگێڕى لقى خانه‌قینى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى که‌ له‌ سنورى خانه‌قیندان 80% له‌ دواى  16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ کردووه‌ وله‌ دژى کوردانى ناوچه‌که‌ چه‌کیان هه‌ڵگرتووه‌ وفشیاریان خستۆته‌ سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ى که‌ تاکو ئێستا ماون وکۆچیان نه‌کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش کۆچ بکه‌ن وناوچه‌که‌ به‌جێبهێڵن به‌مه‌به‌ستى ده‌ست به‌سه‌رگرتنى زه‌وى وزارو ماڵ وحاڵیان وبه‌ تاڵانى بردنیان.
وتیشى ئه‌وانه‌ى که‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ ئامانج زیاتر ئه‌و کوردانه‌ن که‌ کارمه‌ندى ئاسایش وپێشمه‌رگه‌ن که‌ هه‌ر که‌سێک له‌ خاواده‌ى ئه‌وانه‌ ده‌ستگیربکه‌ن ئه‌وا ئه‌گه‌ر شه‌هیدیشى نه‌که‌ن ئه‌وا ڕه‌فتارى ناڕه‌واى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن وداواى پاره‌یه‌کى زۆر له‌ که‌س وکاره‌که‌ى ده‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئازادکردنى که‌ تاکو ئێستاکه‌ چه‌ندین ڕفێنراوى کورد هه‌ن له‌ به‌ر پێنه‌دانى پاره‌ له‌ لایه‌ن که‌س وکاره‌کانیان ئازاد نه‌کراون.
په‌یوه‌ند به‌م باسه‌ عه‌دنان ده‌لۆ، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى شارۆچکه‌ى خانه‌قین به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند تاکو ئێستاش ئاواره‌بوونى کورد له‌ سنورى شارۆچکه‌ى خانه‌قین به‌ هۆى مه‌ترسییه‌کانى داعشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و مانگى وا هه‌یه‌ زیاتر له‌ بیست خێزان ناوچه‌که‌ به‌جێده‌هێڵن وزۆرینه‌شیان به‌بێ که‌لوپه‌ل ده‌رده‌چن وماڵه‌که‌یان له‌ دواى خۆیان له‌ لایه‌ن عه‌ره‌بى هاورده‌وه‌ داگیر ده‌کرێت وئه‌وانیش به‌ ئاره‌زوى خۆیان ته‌خشان وپه‌خشانى ده‌که‌ن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو که‌ به‌ پێى دواین ئامار که‌ به‌ده‌ستیان که‌وتووه‌ 2000 خێزان ، که‌ زۆرینه‌یان که‌س وکارى شه‌هێدانى ده‌ستى داعشن ناوچه‌که‌یان به‌جێ هێڵاوه‌و ڕوویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌کان کردووه‌ که‌ ئه‌و تیرۆرستانه‌ زانیارى ته‌واویان له‌ سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وام به‌ دوایاند ده‌گه‌ڕێت.
گوتیشى:- ئه‌گه‌ر دۆخى ناوچه‌که‌ به‌مجۆره‌ى ئێستاى بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ماوه‌یه‌کى دیکه‌ یه‌ک خێزانى کورد له‌ وێ نامێنێته‌وه‌و هه‌موویان کۆچ ده‌که‌ن وناوچه‌که‌ش به‌ ته‌واوه‌تى ده‌که‌وێته‌ ده‌ست داعش وعه‌ره‌بى هاورده‌و ده‌بێته‌ سه‌ربازگه‌یه‌کى فراوان بۆ ئه‌و تیرۆرستانه‌ وهه‌رچى زه‌وى وزارى کوردیش هه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تى له‌ لایه‌ن ئه‌و هاوردانه‌وه‌ ده‌ستى به‌ سه‌ردا ده‌گیرێت وداگیرده‌کرێت.