قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژكرایه‌وه‌

27.05.2020
جەماوەر نیوز
لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بە سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی دەبێت و لە کاتی زۆر پێویستدا هاونیشتمانیان دەتوانن داوای ئەو خزمەتگوزارییە بکەن. 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاونیشتمانیان پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و "پێویستە دووریی نێوان هاووڵاتیان 1.5 مەتر کەمتر نەبێت و لە فرۆشگەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان دەمامک بەکاربهێنن". 
لەبارەی دانانی پرسەوە، لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، "پرسەدانان ئەگەر لە ماڵیشەوە بێت، قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات بڕی دوو ملیۆن دینار سزادەدرێت".
سەبارەت بە هێڵەکانی گواستنەوە، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "دەبێت شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی رێگە بە سەرنشین نەدەن بێ دەمامک لە ئۆتۆمبێلەکەی سواربێت و بە پێچەوانەوە بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر حاڵەتێک شۆفێرەکە سزادەدرێت". 
هاوکات دەروازە سنوورییەکان و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بە داخراوی بەڕووی گەشتیاراندا دەمێننەوە و "هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندیی وەزیری ناوخۆ رێگەی پێنادرێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان".

زۆرترین خوێندراو