ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح و كازمی كۆبونه‌وه‌

28.05.2020
جەماوەر نیوز

 ئەمڕۆ پێنج شەممە 28ی ئایار لە کۆشکی سەلام لە بەغدا د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ كۆپێكی نێردراوه‌ بۆ جه‌ماوه‌رنیوز تێدا هاتووه‌ لە میانی دیدارەکەدا، دووپاتکرایەوە لە پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و کاندیدکردنی کەسانی بەتوانا و دەستپاک و پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاوونیشتمانیان و چەسپاندنی چاکسازییە داواکراوەکان.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیانکردەوە لەگرنگی پیادەکردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق، ھاوکات دووپاتیان لەپێویستی چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردەوە کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و گرنگیدانی زیاتر بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق.
هەر لەمیانەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر قۆناغی ئێستای وڵات کە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و پەیوەستبوونی هەمووان هەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و بەردەوامی سەرکەوتنەکان، بەجۆرێک کە ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابینبکات.


زۆرترین خوێندراو