حزبی سۆسیالیست په‌یامێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ده‌كات

01.06.2020
جەماوەر نیوز

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرد و له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئێستا کە یادی یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان دەکەنەوە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی نەخوازراودایە و وەک هەمیشە پێویستیمان بەکۆدەنگی و یەکڕیزی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و دەستبەری مافە دەستووریەکان و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان".

 

ده‌قی په‌یامی حزبی سۆسیالیست بۆ یه‌كێتی نیشتمانی:

بەڕێز/ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سڵاوو ڕێز...
بە بۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە جوانرین پیرۆزبایی پێشکەشی بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو قۆناغە مێژوویەدا گڕوتینی بەخشی بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ڕۆڵی بەرچاوی گێراوە لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان.
بەڕێزان ئێستا کە یادی یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان دەکەنەوە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی نەخوازراودایە و وەک هەمیشە پێویستیمان بەکۆدەنگی و یەکڕیزی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و دەستبەری مافە دەستووریەکان و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.
لەم یادەدا تەئکید لە پەیوەندی دۆستانەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەینەوە کە درێژەپێدەری پەیوەندی لەمێژینەی قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕشی ڕزگاری خوازی بووە لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.
دەخوازین ئەم یادە ببێتە هاندەری زیاتری هەموو لایەک بۆ سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی و کاری پێکەوەیی زیاتر بۆ ڕوبەڕو بونەوەی پێشهات و گۆڕانکارییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان.
بە ئومێدی سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی زیاتر
مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
2020/6/1


زۆرترین خوێندراو